وتەی نابەرپرسانە لە کاتی هەستیاردا

09:36 - 2023-07-12
رومێڵ مام زیاد
591 خوێندراوەتەوە

ترازان و کێشەکانی کوردستان لەم دوایانە پەلهاویشتنی بۆ بەرچاوی کۆمەلگەی نێودەولەتی کوردستان بەرەو ئاراستەیەکی باش نابات و پێویستی بە هەستکردنی بەرپرسیارانە هەیە، بەپێی قەوارەی دەسەڵات ئەو بەرپرسیارێتیە دەکەوێتە ئەستۆی حزبە سیاسییەکان لە نێویشیان دا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە سەروبەندی دوا کۆبوونەوەی ئەم دوو حزبە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چاوێکی پر ئومێدیان لەسەری هەبوو کە هۆکار دەبوو بۆ بوژاندنەوەی ئابووری و دەستپێک بۆ نەهێشتنی بۆشایی دەستوور، تەنانەت هاوپەیمانانیش چاوەڕوانی لێک نزیک بوونەوە بوون، بەڵام بە وتنی چەند رستەیەکی نابەرپرسانە دووبارە ریسەکەی کردەوە بە خوری.

 

تێکدان و شێواندنی بابەتە نیشتمانییە هەستیارەکان لەم کاتەدا بەتایبەتی کە کوردستان لە پشێوییەکی سیاسی و دەستووریدایە، وایکردووە خەڵکی هەرێم بێ هیوا بڕواننە دۆخەکە

 

 لە هەموو ئەو کاتانەی کە قەیرانێک دروستدەبێت، یەکێتی هەوڵی هێورکردنەوەی دەدات و ئاگاداری پێویست بە میدیاکان دەدات کە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا مامەڵە بکەن، کادران نەبنە هۆکاری تێکدانی نێوان حزبەکان و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر، لەهەمان کاتدا بە کەم سەیرنەکردنی هیچ یەک لە پارتە سیاسییەکان لە گەورە تا بچووک، بەڵام پارتی هیچ یەک لەم رێگایانەی نەگرتۆتە بەر بۆ جڵەوی کادر و میدیاکانی، جا ئاخۆ خۆی رێگرە یاخود بەمەبەست بەربەستێک دروستدەکات بۆ لێکترازانی دووبارە.
تێکدان و شێواندنی بابەتە نیشتمانییە هەستیارەکان لەم کاتەدا بەتایبەتی کە کوردستان لە پشێوییەکی سیاسی و یاساییدایە، وایکردووە خەڵکی هەرێم بێ هیوا بڕواننە دۆخەکە و  نەتەوە یەکگرتووەکانیش چاویان لەسەر قەوارەی هەرێم بێت.
 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبێکی دێرین و خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە خەباتە، خاوەنی زۆرترین شەهید و زیندانیانی سیاسی و برینداری سەنگەرە و دەستی سەرەکی کارای دامەزرێنەری قەوارەی هەرێمی کوردستانە بە رابەرایەتی سەرۆک مام جەلال و بەشداری کارای داڕشتنی دەستووری عیراقە و یەکلاکەرەوەی هاوکێشە سیاسییەکانە لە ناوچەکە، بە کەم سەیرکردن یان باسکردن بەجۆرێک لە جۆرەکان کاردانەوەی خراپی دەبێت و نەگەیشتن بە رێکەوتن بەو هۆیەیەوە زەرەرمەندی سەرەکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەبن، پێویستە ئەم وتە نابەرپرسیارانەیەی  کادرێکی پارتی کە بووە هۆی دواخستنی لێکنزیک بوونەوەکان و تێکدانی دانیشتنی هەردوو حزب، بەبێ سزادان تێپەڕ نەبێ و ئاگادارییەک بدرێ بە کادرانی پارتی کە نەبنە هۆکاری تێکدانی تەبایی نێو ماڵی کورد، بەتایبەتی لەم کاتە هەستیارەدا کە دواخستنی تەبایی بۆ ئاشتبوونەوە، نێو ماڵی کورد زیاتر تێک دەدات و مەترسی گەورە لەپێشمان دەبێت.

وتارەکانی نوسەر