پێشهات و لێکترازانی ناوخۆیی

09:50 - 2024-02-05
رومێڵ مام زیاد
230 خوێندراوەتەوە

رووداوەكانی ئەم دواییانەی هەریمی كوردستان و عیراق لە هێرشە درۆنییەكانەوە بۆ وەڵامدانەوەی هێزی دەرەكی و لێکەوتەکانی رابردووی دوور و نزیك، ئەوەمان پێدەڵێت کە پێویستیمان بە یەك دەنگی و یەكڕیزی لایەنە کوردستانییەکانە.
ئەگەر بێت و سەیر لە رابردوویەكی نزیكی ناوچەكە و كوردستان بكەین، دەبینین لەهەر دەیەیەكدا رووداو و نەهامەتی رووی لە ناوچەكە كردووە و وە هەریەكەیان ئاسەوارێكی ناخۆشی بەسەرماندا جێهێشتووە .
ئەگەر باس لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو بكەین، تەنها لەو 10 ساڵەدا شۆرشێك تێكدراوە و دووبارە بنیات نراوەتەوە و شەڕی راگەیاندەوە بەرامبەر بە رژێمی بەعسی ئەوکات. 
لە هەشتاكانی هەمان سەدە، جەنگی چەند ساڵەی نێوان عیراق و ئێران درێژەی كێشا، كوردیش بێبەش نەبوو و پەلكێشی شەڕەكە كراو ئاسەوارە لەبیرنەكراوەكەش بە كیمیابارانی هەڵەبجە كۆتاییهات كە چەندین ساڵی تریش ئەم برینە ساڕێژ نابێت .
ئەوەشمان بینی لە نەوەدەكانی رابردوو چ كۆڕەوێكی مەزن و نەهامەتیی رووی تێکردین و ئاوارەی وڵاتانی كردین، دواتریش كە گەڕاینەوە شەڕە نەگریسە ناوخۆییەكش برینێكی ترە لەیاد چوونی ئەستەمە.
ناحەزانی كورد رێخۆشكەربوون بۆ بەردەوامیی ناکۆکییەکان و دواتریش دەركەوتنی چەندین تاقمی تیرۆرستان، نەیانهێشت لە یەکەم چارەکی ئەم سەدەیەدا بحەسێینەوە و گەشە بکەین .
بێ پڕیشکی نەهامەتی و شەڕ، پشوویەكی درێژمان نەدا، تیرۆر و بەرنامەی نوێ بە ناوی داعش تەڵەیەكی تر بوون بۆ ناوچەكە و زیانی گەورەیان لێداین، بێگومان كوردیش بێبەش نابێ و ئاسەواری ئەم شەڕەش هاتە سەر برینەكانی ترمان و ئەویش هاتە ناو مێژووی گەلەكەمان .
مەبەست لەم وتی و وتییە ئەمەیە، ئاخۆ لە داهاتوودا، گەلەكەمان بەبێ پێشهاتی ناخۆش پێدەچێت گوزەر بکات؟ یاخود پێویستە ئامادەكاری بكەین و یەكڕیزیی نوێبكەینەوە و بە بیرێكی نوێ و ستراتیژێكی مۆدێرن و جیاواز بێینەوە مەیدانەكە و بە هەڵسوكەوتەكانماندا بچینەوە لەگەڵ هەموو وڵاتانی دۆست و نەیار سیاسەتێکی گونجاو بگرینەبەر؟ هاوپەیمانان لە بەرژەوەندیی گەلەكەمان پەلكێش بكەین، هەڵە و مێژوومان بكەین بە وانەیەکی لەبیر نەكراو؟ 
لەكاتێكدا هەموومان ئەوە دەزانین ئەم لێکترازانەی ئێستای پارتە سیاسییەكان، ئەگەر بەردەوامیی هەبێت، چ كارەساتێكی بە دواوە دەبێت؟.

وتارەکانی نوسەر