ئەو شەمەندۆفێرەی لاڕێ بووە راستەڕێ دەکرێتەوە

09:50 - 2024-03-27
رومێڵ مام زیاد
183 خوێندراوەتەوە

ئەو شەمەندۆفێرەی زیاتر لە 10ساڵە بە لارەلار بە رێگەدا دەڕۆشت و لە سەرەتای شەڕی داعشدا بەتەواوی لایدا، وا ئەمساڵ خەریکە بە تەنگەتاوکردن دێتەوە سەرڕێ!
سیاسەتی نەرمی یەکێتی
حکومەتی هەرێم دوا بەدوای دەست بەسەرداگرتنی لەلایەن پارتی و بەکارهێنانی بە شێوازێکی نادادپەروەرانە و هاتنە پێشەوەی دەیان قەیران و خراپکردنی بژێویی هاووڵاتیان و داڕمانی ئابووری وڵات تا ئەمساڵ بەردەوامی هەبوو، بەڵام بۆ دروستنەبوونی ترازان و ناکۆکی ناوخۆیی پارتە سیاسییەکان،  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە نەرمی مامەڵەی لەتەکدا کرد و دان بەخۆداگرییەکی پتەوی پەیڕەوکرد، لەنێویشیاندا هاووڵاتیانی بەشمەینەتی ئەم هەرێمەش بە سەبری ئەیوب تاقیکرانەوە.
بەرگری سەرۆک بافڵ لە مافی هاووڵاتیان
ئەوەی کە ئێستا بەرچاومانی روونکردۆتەوە، پێداگریی و داکۆکییەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانییە کە بووە بە پارێزەری مافخوراوان و وەک کاریگەرترین و سەرسەخترین کاراکتەری سیاسی لە بەرامبەر ئەو نایەکسانی و نادادیەی چەندین ساڵە رووی لەم هەرێمە کردووە، وەک داربەڕویەکی رەگ و ریشە داکوتراویش وەستاوە، کە ئومێدی هەڵهاتنی خۆری هاووڵاتیانە و لەم نزیکانەدا ئاکارەکانی لە پەیڕەوکردنی راستەڕێی خزمەتی هاووڵاتی مکوڕە، پڕۆگرامەکانیشی دڵخۆشکەرن بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی چینی هەژار و نەدار و مووچەخۆر کە بە ئومێدەوە لێی دەڕوانن.
تاکە ئومێد بۆ خۆڕاگری
بێگومان ئەم ئومێد و چاوتێبڕینە بێ دەرکەوتە و هۆکار نەبووە، تەنها لە چەند مانگێکدا، کۆمەڵێک دەستکەوت بەدەستهێنراون و بینراون، بەجۆرێک پێشتر هیچ کام لە سەرکردەکانمان نەیانتوانیوە ئەوە بەدەستبهێنن، نەک تەنها ئەوەندە، بەڵکو زیاتریش بەڕێگەوەن کە جێگای دڵخۆشی و دەستخۆشی میلەتەکەمانن و تاکە ئومێدن بۆ خۆڕاگری و دانبەخۆداگری و کۆتایی هاتنی ئەو نەهامەتییانەی کە هەن.
کارکردن بۆ هەڵبژاردنێکی شەفاف
دڵخۆشترین و ئومێد بەخشترین کارەکانی سەرۆک بافڵ،  هەوڵدانێتی بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدانێکی بێ خەوش کە ئەوەش زۆر کەس و لایەنی هێناوەتە لەرز و تا، هەوڵەکانی سەرۆک بەرەو راستکردنەوەی شەمەندۆفێرێکی چەقیوە و بە هەموو هێز و توانایەوە هەوڵی بۆداوە، ئەوەی کە لێرەدا دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم، هەژەندی سەرکەوتنە، هاتنەوە سەر رێرەوی شەمەندۆفێرەکەیە بۆ سەر رێگە راستەقینەکەی بۆ ئەو رێچکەیەی کە پێش 10ساڵ لەمەوبەر لایداوە لێی، بەڵام بە شێوازێکی پتەوتر و رێکوپێکتر و جوانتر جارێکی تر لەسەر دەستی سەرۆک رووەو ئاییندەیەکی رۆشن دەکەوێتەوە رێ.

وتارەکانی نوسەر