مێژووی رێکەوتنەکانمان لەگەڵ پارتیدا

10:04 - 2023-07-19
عومەر قادر وسو
422 خوێندراوەتەوە

ئەگەر لاپەڕەکانی مێژوو بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەڵدەینەوە، راستییەک دەدرەوشێتەوە و بۆ هەموو لایەک دەردەکەوێت کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە لەپێناوی یەکڕیزیی کوردستان، بێوچان هەوڵیداوە به رێگەی ئاشتیانە و دیالۆگ کێشەکانی خۆی و کێشەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا چارەسەر بکات، دوای ئەوەش راستگۆیانە ویستوێتی دڵسۆزانی وڵات ئاگاداربکاتەوە لە ئەنجامی سەرنەگرتنی هەموو ئەو رێکەوتن و گفتوگۆیانە و سەرنەگرتن و تێکچوونی رێکەوتنەکان کە هۆکارەکەی پارتی بووە.
لایەنێکی تێکدەری رێکەوتنەکان
 هەمووکاتیش لە رێگەی دەنگێکی نەشاز و لەژێر پەردەوە و لە تەوقیتی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکاندا لەمپەڕ و کێشە دروستکراوە بۆ تێکدانی رێکەوتن یان ئاکامێکی خراپی هێناوەتە ئاراوە کە کۆبوونەوەکان بە هەڵپەسێردراوی بەجێهێڵراون.
سەرەتای ئەم رێکەوتنانە دەگەڕێتەوە بۆ چرکەساتەکانی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ کە ئەو سەردەمە و لە ساڵی 1976ەوە دەست پێدەکات کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی دکتۆر مەحمود عوسمانەوە پەیوەندیی کردووە بە (ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی)یەوە بۆئەوەی لەوە ئاگاداریان بکاتەوە کە یەکێتی نیازی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی هەیە، بۆئەوەی پارتی نەبێتە کۆسپ لەبەردەم شۆڕشەکەیدا.
 پاش ماوەیەک دکتۆر مەحمود یەکێتی لەوە ئاگادار دەکاتەوە کە ئەم هەوڵەیان بێهودەیە و ئەنجامێکی نابێت، وتەکانی راست دەرچوون و پاش ماوەیەک کەوتنە گێچەڵکردن بە هێزەکانی یەکێتی و چەندین شەڕی خوێناوی و نەخوازراوی ناوخۆی لێرە و لەوێیان خوڵقاند.
 قۆناغی خەباتی چەکداری
دوای ئەوەی قۆناغی خەباتی چەکداری دەستی پێکرد، تا گەیشتین بە قۆناغێک کە بارودۆخی ئێستا جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ قۆناغی پێشوودا، تێیدا بە هەوڵی دڵسۆزانی گەلەکەمان و رۆڵی سەرەکیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قەوارەی هەرێمی کوردستانی هاتە کایەوە، یەکێتیی گەشەسەندنی گەورەی بەخۆوە بینی و توانی هەنگاو بەهەنگاو کۆمەڵگەی کوردی لە کۆمەڵگەیەکی هەژارەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران لەگشت بوارەکانی ژیان. 
لە نەوەدەکاندا تەنها بۆ ئاساییکردنەوی بارودۆخی هەرێم و نێوانی پ.د.ک و ی.ن.ک ژمارەی کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی لە (100) کۆبوونەوەی یەک لەدوای یەکی تێپەڕاند، لە هەولێر و لە دوکان و سلێمانی، جگە لەوە چەندین کۆبونەوەی تر بە مەبەستی رێکەوتن کراوە لە نێوانیاندا و دواجار پێچەوانەی ناوەڕۆکی رێکەوتنەکان مامەڵەیان لەگەڵ رووداوەکان و رێکەوتنەکاندا کردووە و هەمیشە تێکدانی کۆبوونەوە و رێکەوتنەکانیش لەلایەن پارتییەوە ئامانجدار بووە، ئامانجیان هەمیشە زیانگەیاندن بووە بە مەسەلەی رەوای میللەتەکەمان و لەپێناوی بازرگانیکردن بە دۆزی کورد و مانەوە و باڵادەستی خۆیان بووە.

 

 

لەنەوەتەکاندا تەنها بۆ ئاسایی کردنەوی بارودۆخی هەرێم و نێوانی (پ.د.ک) و (ی.ن.ک) ژمارەی کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی لە (100) کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەکی تێپەڕاند

 

 

مەسەلەکانی سەرۆک کۆمار و بودجە
پارتی  هەمیشە کە یەکێتی رووبەڕوویان بۆتەوە، چوونەتەوە قەبارەی خۆیان و وڵاتیان قۆناغێک بەرەو دواوە گەڕاندۆتەوە، پەندیان لە دۆڕانەکانیان بەرامبەر یەکێتی وەرنەگرتووە، هەر لە مەسەلەی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق و چەند جارێک مەسەلەی بودجەی گشتی عیراق و پشکی هەرێم، دوا دۆڕانیان لە مەسەلەی نانەوەی کێشە بوو لەناو پەرلەمان و هەڵبژاردنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بوو، کە جگە لە کێشە بۆ یەکێتی، ئەم هەڵویستە نا نیشتمانییەیان فاکتەرێکی بەهێزبوو بۆ نەمانی بڕوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە دەسەڵاتی خۆماڵی و ئاوات خواستن بە (کفن دز).
ئەگەر دوورتر بڕوانین، دەبینین ئەم هەڵوێستە بێباکانە و دژ بە گەلەی پارتی، تەنها لەگەڵ یەکێتی نییە، بەڵکو لەگەڵ سەرجەم پارتە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستاندایە و هەوڵەکانیان بە تەنها بە زیانی گەلەکەمان تەواوبووە.
هەڵوێستی جوامێرانە و کوردانەی یەکێتی
 مایەی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ منداڵ و گەنج و ژن و بەساڵاچووانی کورد ئەو راستییەیان لەلا بەرجەستە بووە کە یەکێتی لەپێناوی لەبارنەچوون و مانەوەی قەوارەی هەرێم و لە پێناوی ئەواندا، چەندین جار هەوڵی جوامێرانە و کوردانەی داوە بە کۆمەڵێک سازش و نەرمی نوواندنیشەوە، بەڵام پارتی بێباکانە و بە ئامانج کۆبوونەوەکان دەشێوێنێت و هیچ پابەندبوونێکی نیشتمانی نییە و دەبینین سەرکردایەتی پارتی ژێر بەژێر لە (کن فیکون)ێکدا لەگەڵ دوژمناندا بە چەند کاتژمێرێک رێکدەکەون، بەڵام لەگەڵ کورددا پێویستیان بە دەیان کۆبوونەوەیە لە سلێمانی و سەری رەش و رەشکردنەوە و نووسینەوەی سەدان لاپەڕە و رەشنووسی رێکەوتن، کە دوا هەنگاویشیان پێشێلکردنی رێکەوتنە ئیمزاکراوەکانیشە.
هەناگاوەکانی رانردوو پێمان دەڵێت: دەبێت رێکەوتن لەگەڵ پارتیدا بە وریاییەوە بکرێت، بە تایبەتی کە باڵێکی ئەو حزبە هەردەم لە هەوڵی تێکدانی هەر نزیکبوونەوە یان رێکەوتنێکدان دەدات لەگەڵ یەکێتیدا، کە بەرژەوەندیی کورد لە خۆبگرێت، بۆیە پێویستە حزبە سیاسییەکانی هەرێم لەسەر ئەم هەڵوێستانەی پارتی هەڵوێستە بکەن.

وتارەکانی نوسەر