سواڵكردن دیاردەیەكی جیهانییە و لەوپەڕی خۆرهەڵاتەوە بۆ ئەوپەری خۆرئاوا و بەتایبەتیش لە وڵاتە هەژار و دواكەوتووەكاندا بەشێوازی جۆراوجۆر لە ئارادایە.
هاوكات دەكرێت دیاردەی سواڵكردن لە هەندێک وڵاتدا سنووردار و لە هەندێكی تردا كۆنترۆڵكراو بێت، ئەمەش یان لە رێگەی دەركردنی یاسای تایبەتەوە، یان لە رێگەی نەهێشتنی بێكاری و بەرزكردنەوەی ئاستی داهات و باشكردنی ژیان و گوزەرانی تاكەوە دەبێت.
سواڵكردن تاوانە وەك ئەوەی تۆڕێكی بەناو سواڵكەر منداڵی ساوا و كچی گەنج یان کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەكرێ دەگرن بە مەبەستی كۆكردنەوەی زۆرترین بڕ لەپارە
بەخشین و وەرگرتنی پارە
لەگەڵ ئەوەشدا هەروەك ئاماژەمان پێدا ئەم كردەیە جۆر و شێوازی زۆرە و دەكرێت هەرجارە و لە بەرگێكی نوێدا خۆی بنوێنێت، بە نموونە ژەنینی ئامێرە جیاوازەكان و پێشكەشكردنی پارچە میوزیك و سەمایەك بە مەبەستی خڕكردنەوەی پارە کە جۆرێكی مۆدێرنی سواڵكردنە، دەكرێت هەردوو لایەنی نێرەر و وەرگر ئاسوودە و رەزامەند بكات، هەم لەڕووی بەخشین و وەرگرتنی پارەوە هەم لەڕووی پیشاندانی كەشێكی هونەری و دیمەنێك لە خڕبوونەوەی هاووڵاتییان و گەشتیار لە دەوری یەكدی كە دەشێ وەك تابلۆیەك لە شەقامەكاندا خۆیان نمایش بكەن، لە راستیشدا ئەمەیان جوانترین مۆدێلی سواڵكردنە.
هاوكات سواڵكردن نمایشی تری زۆرە بۆ هەردوو رەگەز تا ئەوپەڕی قێزەونە، بەداخەوە لە زۆربەیاندا ژن كارەكتەری سەرەكییە و زۆرجاریش منداڵان بە تایبەتیش كچان پەلكێشی نێو ئەم زەلكاوە دەكرێن.
نمایشکردنی جەستە
یەكێك لە نمایشەكانی ئەم دیاردە قێزەونە ئەوەیە لە پیشانگەکانی هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا بە توركیای پێش ئەردۆگانەوە و تائێستاشی لەسەر بێت، هۆڵەندا یەكێكە لەو وڵاتانەی ژنان بە ئاشكرا لە بەرامبەر سواڵی بڕێک پارەدا لە جامخانەكاندا جەستەی خۆیان بە رووتی نمایش دەكەن، لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و زۆرێك لە وڵاتانی دواكەوتووشدا بە كوردستانیشەوە، هەمان كردە بە دوو شێواز لەئارادان، ئەوەی نازناوی لەشفرۆشی هەڵگرتووە بە ئاشكرا جەستەی دەكاتە هۆكارێك بۆ سواڵكردن لە بەرامبەریشدا هەندێک ژنە سواڵكەر هەمان كردە دەكەن، بەڵام ئەمەیان بەنهێنی و لە رێگەی سواڵكردنی ئاساییەوە.
ئەگەر سواڵكردن لەپێناوی دابینكردنی پارووی ژیاندابێت، هەروەک ئەوەی لە قورئاندا هاتووە (و اما السائل فلا تنهر) دەشێ كەس لاریی لە هاوكاریكردنی ئەو توێژە بێ دەرەتانە نەبێت كە پێویستیان بە درێژكردنی دەستی یارمەتییە، بەو پێیەشی كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی موسڵمانی سۆزداری بە بەزەییە، ئەوەتا خێر و سەدەقەی تاكی كورد لە مانگی رەمەزان و كاتەكانی تریشدا باشترین گەواهی ئەم راستییەیە.
گەیشتن بە ئامانجێكی شاراوە
لە دەرەوەی هەموو ئەم نمایشانەشدا، هێشتا چەندین جۆر نمایشی تر هەن کە هەندێكیان بە مەبەستی سواڵە و هەندێكیشیان سواڵكردن وەسیلەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی شاراوە، بەمجۆرە دەشێ سواڵكردن بزنس بێت وەك ئەوەی ناوچە جوگرافیاكان لە نێوان بەناو سواڵكەرەكاندا دابەش دەكرێن و كەس بۆی نییە بچێتە زۆنی بازرگانیی ئەوی ترەوە، هەروەها هەندێکجار سواڵكردن بەرگی سیاسەت لەبەر دەكات و بۆ ناشیرینكردنی ناوچەیەك بە دەیان سواڵكەر دەهێنرێن و دەخزێنرێنە بازاڕی ناوچەی ئامانجدارەوە تا وا پیشان بدرێت لەو ناوچەیە هەژاری و نەبوونی و بێكاری بەرۆكی گرتووە وەك ئەوەی ئێستا لە سلێمانی دەگوزەرێت.
سواڵكردن بۆ سیخوڕی
هەندێک جاری تر سواڵكردن بۆ سیخوڕییە و كەسانێكی تابووری پێنجەم خۆیان لە بەرگی سواڵكەردا نمایش دەكەن، نموونەی ئەمەش لە هەموو سەردەمێكدا هەبووە، دواجاریش سواڵكردن تاوانە وەك ئەوەی تۆڕێكی بەناو سواڵكەر منداڵی ساوا و كچی گەنج یان کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بەكرێ دەگرن بە مەبەستی كۆكردنەوەی زۆرترین بڕە پارە.
بەداخەوە لەزۆرێك لەم تاوانەنانەدا ژنان لە بەرگی سواڵكەردا پاڵەوانی ئاشكرا و پیاوانیش پاڵەوان و پاڵنەری نهێنی چیرۆكەكانن، خۆزگە ئەو ناسنامەیەی ژنی پێ ناسراوە، لە ئاشتی و سۆز و بەزەیی و بەخشندەیی، رێگری لێبكردایە و هەرگیز خۆی لە كاری قێزەونەوە نەگلاندایە.
بەکارهێنانی ژن و منداڵ بۆ سواڵکردن