دكتۆرێكی كۆمەڵناسی مامۆستا و هاوڕێم لە باسوخواسی زانستییانەی سروشتی ژندا دەڵێت: ژنان لە تەمەنی لاوی و سەرەتای كامڵبونیاندا زیاتر هۆگری ماڵەوەن، بەڵام لەدوای تەمەنی (45 و50) ئیتر حەزیان بە دانیشتنی نێوماڵ نامێنێ، بەڵگەش ئەوەیە هەركەس بۆ هەركوێ بڕوات ئەو دەڵێت: (بامنیش بێم) بەم دەستپێكە دەمەوێت باس لەو گروپە جیاواز و دەنگ و رەنگە جۆراوجۆرانە بكەم كە ئێستا لە كوردستان و بەتایبەتیش لە شاری سلێمانی دروستبوون، بەگشتی هەموویان گروپی ژنانەن و ژنێک یان دووان بەهاوبەشی سەرۆكارییان دەكەن .
ئەم گروپانە ئامانج و ستایل و رێڕەوی كاریان جیاوازە، هەندێكیان تەنیا گروپی سۆشیال میدیان و گردبونەوەی رووبەڕوویان نییە یان زۆركەمە، زۆربەشیان گروپی گردبوونەوەی رووبەڕوون بەتایبەتی گروپە گەشتیاری و وەرزشییەكانی وەك شاخەوانی و پیادەڕەوی، گروپەكان جگە لەوەی ناوی تایبەت بەخۆیان هەیە، زۆرجاریش بەناوی لیدەرەكانیانەوە بانگدەكرێن وەك گروپی شەم و شەن و كوێستان و شاجوان و دەیان ناوی تر، بەڵام بۆ من سۆیلە و عەتاو دوو گروپ و ناوی سەرنجڕاكێشن و حەزمكرد هەوێنی وتارەكەم بن .
ناساندنی كاروپیشەی خانمان بە یەكتری
خاتوو سۆیلە سەرپەرشتی گروپێكی گەورە دەكات لەنێو تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكدا بەنێوی خانمانی سلێمانی كە ژمارەی ئەندامانی نزیكەی 34 هەزار کەس دەبن و ئامانجی گروپەكەیان جگە لە ناساندنی كاروپیشەی خانمانی گروپ بە یەكتری، بەپێی ستاندارەكانی گروپەكەیان، خانمان سەرپشكن لە ناساندنی خۆیان نمایشكردنی كارەكانیان، یان هەر زانیارییەك كە پێیانوایە گرنگە و پێویستە ژنان بەئاگابن دەربارەی لەوێدا بڵاویدەكەنەوە، بەوهۆیەی ئەم گروپە تەواو گروپێكی رۆشنبیرییە و ئامانجی بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیری ژنانە، ئەم گروپە كارەكانیان لەچوارچێوەی سۆشیال میدیا تێناپەڕێ مەگەر جارجارە بۆ زاخاوی مێشك و زیاتر لە نزیكەوە یەكترناسین كۆبوونەوەیەك رێكبخەن وەك خاتوو سۆیلە دەڵێت، عەتاو خانیش زۆربەی ئەو ژنانەی لەخۆی كۆكردۆتەوە كە خانەنشینن، یان نزیك بەخانەنشین بوونن، گروپی عەتاو تەواو گەشتیارییە، تائێستا وڵاتەكانی ئێران و توركیا و ئەرمینیا و سعودیە و لوبنان و ئازەربایجان گەڕاون و لە ناوخۆشدا دەیان گەشتیان كردووە و بە وتەی عەتاو خان كاتێک پێنج شەممە لە گەشتێک دێنەوە ژنەكان دەڵێن، پێنج شەممەی دادێت دەچینە كوێ؟ ئەمەش دەقاودەق وتەی دكتۆری هاوڕێم دەسەلمێنێ، هاوكات فەلسەفە و حیكمەتی ئەم گروپە ئەوەیە عەتاو بە گەشبینییەوە دەڵێت: جاران ئێمەی بە تەمەن دەبوو چاوەڕێی كوڕ و كچ و بووك و زاوا بووینایە تا لەگەڵ خۆیان بمانبەنە دەرەوە، بەڵام ئێستا چاوەڕێی كەس نین بەپێچەوانەوە ئەوان لەگەڵ خۆمان دەبەین بۆ گەشتەكانمان.
ژنان هەموو کات چالاک و بوێرن
لە رابردوودا گروپی ژنان یان لەسەر تەنوور بۆ نانكردن یان لەسەر كانی بۆ قاپ شتن و خۆشتن كۆبوونەتەوە ئەوەی گروپی گەشتیاری بووبێ تەنیا سەردانی مەزارە پیرۆزەكان بووە، وەك پیری شەوكێڵ و پیرمەنصور و كاك ئەحمەدی شێخ، بەڵام ئێستا جگە لە گەشت و سەیران، لەڕووی دینییەوە بۆ عەمرە و حەجیش بە گروپ دەچنە وڵاتی سعودیە.
بەجیهانی بوون، دروستبوونی گروپی كردۆتە كەلتور و مۆدێل و دەیەها گروپی گەنجان و گەنجانی تێكەڵاو و ژنان لە سەرجەم كوردستاندا هەیە، لە بەرانبەردا جگە لە كۆبوونەوەی هاوڕێیانە، گروپی تەواو پیاوانە نییە، هەربۆیە هەندێ پیاوی بە تەمەن داوایانكردووە ببنە ئەندامی گروپەكەی عەتاو خان، بەڵام یاساكانی گروپەكەیان رێگەی نەداوە، بەمەش وێنەكە ئاوەژوو بۆتەوە، لە ئەوسادا تەنیا بە تەمەنەكان ئازادی تێكەڵاوبوونیان هەبووە، لانیكەم بە تەمەنەكان ئازادی و بوێری ئەوەیان هەبووە بە تێكەڵی لەبەردەرگا و بەردەم دوكان و سەرسوچی كۆڵانەكان گردببنەوە.
بابەتی ئەم وتارە پێمان دەڵێت: ژنان لە كوردستان و بەتایبەتیش لە شارە حەیاتەكە، لە هەموو ئان و زەمانێكدا چالاك و بوێرن و لە هەوڵ و كۆشش ناوەستن لەبواری كۆمەڵایەتیدا بێت یان رۆشنبیری و تەنانەت سیاسیش، ژنان داینەمۆی كۆمەڵگەی كوردین و بەپێی قۆناغی تەمەن و ئاستی رۆشنبیری و چەرخی زەمانە، لە هەوڵی سەلماندنی خوددان، سۆیلە و عەتاو بەنموونە.
بەشێک لە ژنانی بەشدار لە گروپی خانمانی سلێمانی