رۆڵی گەنجان لە بواری ئابووری و سیاسەتدا

10:02 - 2023-07-26
بێستون زوبێر
605 خوێندراوەتەوە

بەپێی دوا راپۆرتی پۆلێنکردنی دانیشتوان لە رووی تەمەنەوە لە هەرێمی کوردستان کە لایەن دەستەی ئاماری هەرێم بە هاوکاری رێکخراوی undp کراوە، لووتکەی تەمەنی دانیشتوان گەنجان پێکیدەهێنن کە نزیکەی ٪35 کۆی دانیشتوان لە خوار تەمەنی 15 ساڵن ٪28 لە نێوان 15_29 ساڵن کە ئەمە نیشانەیەکی دڵخۆشکەرە و دەرخەری پێکهاتەیەکی گەنجە لە رووی تەمەنەوە. 
رێژەی ٪20 تەمەنیان لە نێوان 35- 49ساڵدایە و رێژەی لە ٪10 لە نێوان 45_59 ساڵدایە، رێژەی %4،3 تەمەنیان لە  65 ساڵ زیاترە. 
بە پشت بەستن بەم داتا و ئامارە رەسمییە، دەکرێت خوێندنەوە بۆ لێکەوتەی ئابووری و سیاسی ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستان بکەین، لێکەوتەی ئابووری دەتوانرێت ببێتە سەرچاوەی هێز و سوودێکی باشی هەبێت بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان، بەوپێیەی رێژەیەکی بەرزی دانیشتوانەکەی لە تەمەنی کارکردندان کە دەتوانن بەشداری کارایان هەبێت لە دابینکردنی هێزی کاردا و یارمەتیدەر بن لە هاندانی گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان.
لێکەوتەی سیاسی لە بوونی دانیشتوانی گەنج، دەتوانێ سەرچاوەی ناسەقامگیریش بێت، بەتایبەتی گەر هاتوو دامەزراند و هەلی کاری پێویست نەبوو بۆ دابینکردنی پێداویستی و خواستەکانی گەنجان. 
گرنگە بۆ حکومەت و پلان داڕێژەرانی سیاسەت لە هەرێم لە پێداویستی و خواستی سەردەمییانەی گەنجان تێبگەن و بایەخ بە بەرنامەی راهێنان و پەروەردەیی لە گشت ئاستەکاندا، کار بۆ رەخساندنی زیاتری هەلی کار، لە رێگەی سەنتەرێکی گەرمەوە کە بۆ هەموو کۆمەڵانی خەڵک بێت بێ جیاوازی، ئەگەر لە وەدا سەرکەوتوو نەبوون ناسەقامگیریی سیاسی زیاد دەکات و مەودای نێوان کۆمەڵانی خەڵک و حکومەت متمانەیان بە پڕۆسەی سیاسی لاواز دەبێت. سەرەنجام بەگشتی ئەم دابەشبوونی تەمەنە و ئەم هەموو گەنجە هەم دەرفەتە و هەم تەحەدا بۆ دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان ئەگەر سیاسەتێکی دروست و شیاو بۆ پاڵپشتیی ئەم رێژە بەرزەی دانیشتوان نەکرێ بەدووری نازانم ببێتە دژ لەگەڵ ئەم بونیادە سیاسییەی ئێستا.
بەپێچەوانەشەوە ئەگەر بە دروستی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و کار بکرێت بۆ پێداویستی و خواستەکانیان، ئەوە دەکرێت ببێتە خاڵی جەوهەری سەرەتای قۆناغێکی گرنگی گەشەکردنی زیاتری ئابووری و سیاسی و بگرە کۆمەڵایەتیش، پێکەوە بەستنەوەیەکیش بێت لەگەڵ قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانی گەلی کورد و پاراستن و گرێدانەوەی لەگەڵ دەستکەوتەکانی راپەڕین و دروستکردنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان کە بە شەونخونی تێکۆشەران و خوێنی ئاڵی شەهیدەکانی گەلەمان بەدەست هاتووە، پارێزراوتر دەبێت بەپێی ئەم قۆناغ و سەردەمە نوێیە.

ئەگەر گەنجان کاتێک رۆڵیان دەبێت لە پاراستنی سەقامگیری، کە مافەکانیان دەستەبەر بکرێت

وتارەکانی نوسەر