کۆنگرە لەهەموو حزب و رێکخراوێکدا وەک وێستگەیەکی بەخۆداچوونەوە و خۆڕێکخستنەوە، زەرورەتی ژیانی هەر حزب و رێکخراوێکە، هەڵسەنگاندنی چوار ساڵ کاری ژیانی حزبە، رێکخستنەوەی هەڵوێست و دونیابینی حزبە بەرامبەر بە رووداو و ئاڵوگۆڕەکانی مەیدانی سیاسی و داڕشتنەوەی بەرنامە و دونیابینی حزبەکە بەپێی دەرهاویشتە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانی قۆناغەکە.
لەهەمانکاتدا بەپێی پرەنسیپەکانی دیموکراسی، دەستا و دەستکردنی دەستەڵات و نوێبوونەوەی سەرکردایەتی و رەخساندنی دەرفەتی یەکسانە بۆ سەرجەم ئەندامانی حزب بۆ نوێکردنەوەی بیر و تواناکانی سەرکردایەتی و هێنانی خوێن و تەوژمی نوێیە، بڕیاردانی بەستنی کونگرەی پێنجەم لەم هەل و مەرجەدا بڕیارێکی دروست و بوێرانەیە کە ئەمە یەکەمین جارە لە پێش وادەی دیاریکراوی خۆی کۆنگرە دەبەسترێت.
پێموایە کۆنگرە بە تێکەڵکێش لە ئەزموون و خەبات و مێژووی تێکۆشەرانی دێرین و خاوەن ئەزموون و خوێنی نوێ و بیر و وزەی نوێ بەرەو ئاڕاستەیەکی بەهێزی حزبایەتی و حکومەتداری هەنگاو دەنێت، تا لە جێگای ئەو چاوەڕوانی و فیداکارییە بێت کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی دەکەن، بەپێی ئەم قۆناغە نوێیە خۆگونجاندن لەگەڵ سەردەمدا.
بۆیە ئەم جارە ئەندام و کادرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوەندەی تامەزرۆی خێرا بەستنی کۆنگرە و خۆ رێکخستنەوەی حزبەکەیانن، هێندە بە لایانەوە گرنگ نییە ئەندامی کۆنگرە بن کە ئەمەش دووبارە خەمخۆری و تێگەیشتنی قووڵیانە لەپێناوی سەرکەوتنی کۆنگرە و خۆ تاودانەوەی ی. ن. ک تا لە ئاست داخوازی قۆناغی نوێی خەباتی سیاسیدا بێت.
رابردووی سیاسیی یەکێتی، پێمان دەڵێت ئەو کارە باشانەی کراوە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لێی سوودمەند بوون، یەکێتی کردوویەتی، ئەوەش ماوە و تەواو نەکراوە هەر دەبێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان تەواوی بکات.