ئەرێ دەڵێن و بیستم و وتیان، عیراق وتویەتی ئیتر لەکاتی خۆیا دەینێرین و قیروسیا ئێوەش با لەگەڵ ئێمە حەشر بکرێن.
حکومەت گیانی خۆشمان، بەقوربانی ئەو دەست و دڵە جوانەی بم، وتویەتی نا قوربان هێواش ئێمە فێرنین و واڕانەهاتووین.
دوایی هەموو توشی بەلەفیڕە دەبین، مەبەستمان شووتییە، شووتی بە تراکتۆر.
ئەی خۆ دەزانین حکومەتی خۆمان لە هیچیش بەرپرس نییە، بیزات و بە تایبەت ئەم پەتا تازەیەی بڵاوبووەتەوە دەڵێن، مەترسیداریشە.
سوبحانەڵا بەس کوڕی فەقیریش تووش دەبێت، بەخوا مەبەستم تای خوێنبەربوونە، لە تاجیکستانەوە دەستی پێکردووە و سەرچاوەکەشی ئاژەڵە ئاژەڵ، وتم نەک بە هەڵە تێبگەن، وابزانن مەبەستم دواکەوتنی مووچە و شتی وایە.
نا نا ئەسڵەن ئەوە مەوزوع نییە، ئێمە بە ئینتیمای نیشتمانی دەژین قوربان گیان.
کیلۆیەک ئینتما بۆ بەنزین بە تایبەت موحەسەنەکەی، کە هەرخۆی بەراورد لەگەڵ عیراق لای خۆمان 400 دینارێکی زیاترە.
گۆشت گۆشت، هەرچەند بۆ نەخۆشیش خراپە، بەس ئەویش بە دوو زەرف ئینتیما دەکڕین، ئەوە باسی قیستی خانوو و ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی ناو ماڵ هەر ناکەم، کە بە فەردە ئینتیما دەدەین ئیتر کێشەمان چییە، جەوەکەی فێنکە و مێشوولەی نییە بەم گەرمایە، پێم ناڵێن چۆن دڵمان دێ داوای مووچە بکەین؟ نەکا دڵیان بڕوشێ.
هەی هوو چ باشمان کرد، تەمەنێکە بەدوای کۆکردنەوەی ئینتماوەین و ئێستا وردە وردە بەکاریان دەهێنینەوە و لە بەرهەمەکەی دەخۆین، میللەتێکی بە بەرنامە و بە مشوور، گریمان کێشەش بوو کەس نەڵێ خەتای حکومەت گیانە.
ئۆهۆ و لەکوێوە بردم بۆ کوێ، بابە مەبەستم نەخۆشییەکە بوو.