لە باخچەوە بۆ قوتابخانە

09:49 - 2023-08-09
سمکۆ چنارەیی
248 خوێندراوەتەوە

منداڵ لە تەمەنی (4-5) ساڵیدا دەچێتە باخچەی ساوایان و لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی باخچەدا فێری کۆمەڵێک ئاداب و بەهای جوان دەکرێت و لە ژینگەیەکی تەواو رەنگاڵەییدا حەز و خولیاکانی بەرجەستە دەکات.
دوای ئەو دوو ساڵەش روو دەکاتە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی و تووشی بازدانێکی گەورەی گواستنەوەی قۆناغی خوێندن دەبێت و کاریگەری دیار و ئاشکرا بە سیما و هەڵسوکەوتییەوە دەبینرێت، بۆیە پێویستە دایک و باوک و مامۆستایانی پۆلی یەک زۆر زیاتر لەوەی ئێستا پەیڕەوی دەکەن ئاگاداری ئەو گۆڕانە گەورەیە بن کە لەوماوەیەدا روو دەدات.
لەوانەش ناو و ژینگەی منداڵەکە لە ژووری باخچەوە دەگۆڕێت بۆ پۆلی خوێندن و ئەو وێنەی میوە و ئاژەڵانەی لە ژووری باخچەدا بوون کتوپڕ بوون بە داتاشۆ و بۆرد و کۆمەڵێک هۆی تری روونکردنەوە و تەنانەت کورسی و جۆری دانیشتن دەبێت بەجۆرێکی تر، ئەو خواردنانەی لە باخچە دەیخوارد دەگۆڕێت بۆ خەرجکردنی پارە و رۆیشتنی خۆی بۆ فرۆشگا، کۆمەڵێک کتێب و دەفتەر و قرتاسیە و جانتا دەبنە ئەرکێکی قورس و بەردەوامی رۆژانەی، دیارە کێشی جانتاکەی کە چەند زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت ئەوە بابەتێکی ترە و قسە زۆر هەڵدەگرێت.
هاوڕێی نوێ و مامۆستای جیا لەهی قۆناغی باخچەکەی و ریز بوون و چوون و گەڕانەوەی لە قوتابخانە و ئەرکی ماڵ و بەشداری لە فیستیڤاڵ و چالاکییەکان و چەندین شێوازی تری نوێ هەر هەموویان کاریگەری خۆیان دەبێت لەسەر دەروونی ئەو کەسەی ئەمساڵی خوێندن لەجیاتی ئەوەی پێی بوترێت خونچەی باخچە پێی دەڵێن خوێندکار.
بەو هیوایەی لەڕێی وەزارەتی پەروەردەوە بەرنامەیەک دادەڕێژرا و گشتاندنی بۆ سەرجەم قوتابخانە بنەڕەتییەکان دەکرا سەبارەت بە ئاسوودە بوونی خوێندکارانی پۆلی یەک  دیارە ئێستا هەر خوێندنگەیە و بەپێی بۆچوون و شارەزایی خۆی هەڵسوکەوت لەگەڵ پۆلی یەک دەکات و زیاتر خۆی لە گێڕانی ئاهەنگ و چەند شتێکی سادە دەبینێتەوە، بۆیە واباشە پسپۆڕان و دەرونزانانی منداڵ لەڕێی بەرنامەیەکی زانستی و پەروەردەیی ئەوانیش رۆڵی خۆیان لەو بارەیەوە ببینن.

وتارەکانی نوسەر