لەیادی 16 ساڵەی تێکۆشەرێکی ماندوونەناسی بزووتنەوەی رزگاریخوازیدا

12:51 - 2023-08-09
سەعدی ئەحمەد پیرە*
224 خوێندراوەتەوە

سەعدی ئەحمەد پیرە

16 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ گەلی کورد بەگشتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەتی تێکۆشەرێکی ماندوونەناسی بزووتنەوەی رزگاریخوازی لە دەست دا.
کاک جەبار فەرمان فەرماندەیەکی بوێر و چاونەترس بوو، هەموو قۆناغەکانی خەباتی ناو زیندانەکان و رێکخستنەکانی ناوشار و خەباتی شاخی بە سەرکەوتوویی بڕی، هەمیشە جێگەی متمانەی سەرکردایەتی و هەڤاڵانی بوو لە راپەڕاندنی کارەکانیدا، مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و سەرکەوتنی تۆمارکرد. ناوی جەبار فەرمان ببووە مۆتەکە و ترسێکی گەورە لەسەر دڵی دوژمنانی گەلەکەمان، هەر بۆیەشە خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال بە پیاوی رۆژە سەختەکانی لە قەڵەم دا نازناوی (فیلە تەن)ی پێ بەخشی، چونکە بەکردەوە و کار و خەبات سەلماندبووی دەتوانێت بەسەر هەموو کۆسپ و تەگەرەکاندا زاڵبێت و هەموو هونەرەکانی شەڕی پارتیزانی و شەڕی بەرەیی دەزانی.
لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە کاک جەبار فەرمان پیاوێکی هێمن و لەسەرخۆبوو، لەگەڵ چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا هەر بۆیەشە ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی  ژیانی بدەینەوە دەبینین لە چەندین شوێنی جیاجیای کوردستان ئەرک و لێپرسراوێتی پێ سپێردرابوو، زۆر بەخێرایی دەچووە ناو ئێش و ئازارەکانی کۆمەڵانی خەڵک و لەگەڵ نەهامەتییەکانیان دەژیا بۆیە خۆشەویستی خەڵک بوو.
لە دەستدانی ئەو کەڵەپیاوە کەلێنێکی گەورەی خستە ناو ریزەکانی خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەمان، پڕکردنەوەی زۆر ئەستەمە.
لە یادی 16 ساڵەی کۆچی دوایی کاک جەبار فەرماندا درود و سڵاو لە رۆحی پاکی و سەری رێز و وەفاداریشم بەرامبەر گڵکۆی دادەنەوێنم.

وتارەکانی نوسەر