خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانكاریی نوێ

10:04 - 2024-12-03
پێشڕەو مەلا وەیسی
49 خوێندراوەتەوە

پێشڕەو مەلا وەیسی


خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانكاری و پریشكی ئاگرێكی نێودەوڵەتیدایە و ناو ماڵی كوردیش پەرت و بڵاوە، بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان.
 گۆڕانكارییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی وڵاتانی زلهێز لەم ناوچەیە، ئەو پێشهاتەیەیە كە زیاتر لە سەدەیەكە، كورد چاوەڕێی دەكات و خەونی زۆرێك لە سەركردەكانی كورد بووە، بەڵام بەو پەرتەوازەییەی ناوماڵی كورد، ئاوا بڕوات جارێكی تر ئەو حەقیقەتەی روودەدات، دەبێتەوە بە خەون، چونكە ئەو شەڕەی لوبنان و سوریا و ئیسرائیل كە دوورنییە عیراقیش بگرێتەوە، تەواوكاریی  تێكشكاندنی گروپە توندڕەوەكانی سنوورەكەیە كە سەرەتاكەی لە غەززەوە دەستی پێكرد، ئەوەش  هیچ پەیوەندییەكی بە ئایین و مەزهەبەوە نەبووە، چونكە شەڕی پاككردنەوەی رێگەی بەهاراتی بازرگانی، نێوان وڵاتانی زلهێزە، وەك ئەمریكا و هیندستان و هاوبیرەكانی كە رێگە سەرەكیی وشكانییەكەی دەكەوێتە تەنیشتی غەززە و لەوێشەوە بۆ سەر دەریا كە بە تەنیشتی لوبناندا تێدەپەڕێ، ئەوەش مەترسی  حزبوڵڵا بۆسەر رێگەی بەهارات زیاتر دەکات و بە لەناوبردن و لاوازكردنی حزبوڵڵا مەترسییەكانی رێگەكە ناهێڵـــرێت، ئەی سوریا و عیراق بۆ؟ رێگەی بەهارات كە لە مۆمبای هیندستانەوە دەست پێدەكات، دێتە شەتوڵعەرب و لە بەندەری بەسرەوە بە وشكانی خاكی عیراقدا بە دیاریكراوی بە تەنیشتی شنگالدا تێدەپەڕێت، كە ئەوێش هاوسنوورە بە سوریاوە، بۆیە ئەمریكا و روسیا، وەك دوو پاسەوان و رێگە پاكەرەوەی رێگەی ئاوریشمی چین و روسیا و هاوپەیمانەكانیان، رۆڵی سەرەكییان دەبێت و دەجەنگن بۆ هێشتنەوەی هەژموونی خۆیان لە ناوچەكەدا، بۆ پاراستنی رێگا بازرگانییەكەی خۆیان، ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیشی كە دژی رێگەی ئاوریشمن و وەك بەدیلێكیش رێگەی  بەهاراتیان دامەزراندووە، هەموو رێگەیەك دەگرنەبەر بۆ بەهێزكردنی رێگەكەیان و بەدەستخستنی زۆرترین داهات.

پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد
بۆیە گۆڕانكاریی گەورە لە عیراق و سوریا و لوبنان روودەدات، لەم نێوەندەشدا كورد تەنیا نەتەوەیە كە  هیچ پلانێكی نییە بۆ ئەو پریشكی ئاگرەی ناوچەكەی گرتووەتەوە و گۆڕانكارییش دروستدەكات. 
بۆیە بەم پەرتەوازەییەی ئێستای ناو ماڵی كورد، ئەم نەتەوەیە نەك دەستكەوتی نابێت، بەڵكو لەو نێوەندەدا، خەونەكانی بەجۆرێك ون دەبێت كە بەدیهاتنەوەی ئەستەم دەبێت. 
پێویستە بە زووترین كات، لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە دەوری یەكدی كۆببنەوە و بەرژەوەندییە حزبییەكان وەلابنێن و بەرەو بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەكان هەنگاو بنێن، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستانیش لەو پڕیشكی ئاگرەی ناوچەكەی گرتۆتەوە بپارێزن، بەوەش لە گۆڕانكارییەكاندا كورد و حكومەتی هەرێم پارێزراو و براوە دەبن، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستابن ئەوا نەك دەستكەوت، بگرە شتێك بە ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نامێنێت.

جیهان لەبەردەم چاوچنۆکیی زلهێزەکاندا

وتارەکانی نوسەر