وردتر

كوردستان لە نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا

12:14 - 2022-04-19
لەشکر حەمە ساڵح
481 خوێندراوەتەوە

 لە چەند رۆژی رابردوودا مەسرور بارزانی و چەند بەرپرسێكی حزبەكەی، بەپەلە و لە كاتێكی هەستیاردا گەیشتنە توركیا. 
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتەیان بینی. هەواڵی سەردان و "بینین"ەكە شتێكی تازەی تێدا نەبوو، بەڵكو وێنەیەكی هەواڵەكە و بەشداربوویەک و شێوازی دانیشتن و ئاڵاكانی ناو ژووری "بینین"ەكە تازە بوو. 
لە بەرامبەردا وەك ئەوەی وێنەكان نهێنی ناو ژوورەكەی خستبێتەڕوو میدیاكانی پارتی بەپەلە كەوتنە سڕینەوەی بەشێك لە وێنەكانی بینینەكە كە پێشتر هەر خۆیان وەك ئاماژەی سەركەوتن بڵاویانكردبۆوە.
 ئەم سەردانە وەك ئەوانیتر نەبوو كە بەرپرسانی پارتی، دوای كۆبوونەوەیان لە هەر قۆناغێكی هەستیاری مەسەلەی نەوت و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، بەپەلە خۆیان دەگەیەننە توركیا، بەڵكو بەوێنەكەدا دەركەوت ئەمە كۆبوونەوە نییە، بەڵكو بانگكردنە ئەگەر نەوترێت لێپرسینەوەیە. 
لەو "بینین"ەدا سروشتی ژوورەكە، دانانی كورسی و قەنەفەكان، ئاڵا و لۆگۆ و رەنگ، بەشداران و ئەو وێنە و زانیاریانەی بڵاودەكرێنەوە، شوێنی دانیشتن و هێنانە خوارەوەی پێگەی "میوان"ەكان جێگەی مشتومڕن، تەنانەت پێكهاتەی "میوان"ەكانیش. 
ئەم بارودۆخەش دەرخەری ئەوەیە كە بارودۆخ و پێگەی هەرێم لە پێناوی بەرژەوەندیی تایبەتی پارتیدا گەیشتۆتە چ ئاستێكی نزم.
 ناكرێت، وەفدێك، جا حزبی بێت یان حكومی، لە وڵاتێكەوە بچێتە وڵاتێكی تر، رەچاوی كەمترین پێوەری ئەتەكێت و دیپلۆماسی و مەراسیم نەكرێت. 
ناکرێت، وێنەكان لەبری ئاماژەبن بۆ كۆبوونەوەی رەسمی، كەچی ئاماژەبن بۆ هەوڵدان بۆ بێڕیزیكردن و لێپرسینەوە، یان ئاماژەبن بۆ بانگكردنی بەپەلەی بەرپرسێكی ناوچەیی خودی وڵاتەكە، نەك بانگكراوەكان هی وڵاتێكیتر بن.
 ئەمەش لە كاتێكدایە كە بەشێكی تری هەستیاریی ئەم سەردانە لەوەدایە كە هاوكاتە لەگەڵ ئەو مشتومڕانەی هاتونەتە ئاراوە لە بارەی هەوڵدانی پارتی بۆ ئەگەری هەناردەكردنی غازی سروشتی، بەهەمان شێوەی نەوت، لە هەرێمەوە بۆ توركیا.
 هەروەك هاوكاتیشە لەگەڵ بانگهێشتی وەفدی هەرێم لە لایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە بۆ گفتوگۆ لە بارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی و رێكخستنەوەی كەرتی نەوتی هەرێم بەو جۆرەی داهاتەکەی لە خزمەتی خەڵكدا بێت.
 ئەم سەردانە، نەك سەركەوتوو نەبوو، بەڵكو بەپێچەوانەوە زۆر خراپ بوو. ئەگەر پارتی بیتوانیایە كۆبوونەوەكە بسڕێتەوە و بیخاتە خانەی نەبوونەوە، وەك ئەوەی لەگەڵ بەشێك لە وێنەكاندا كردی؛ ئەوا دەیكرد. 
بەڵام چونكە لەم رۆژگارەدا هەموو شتێك ئاشكرایە و كەس ناتوانێت بابەت و مەسەلە گرنگەكان بشارێتەوە ناچارە باجەكەی بدات.
 یەكێك لە سوودەكانی ئەم سەردانە ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان، روونتر بۆیان دەركەوت، پارتی تووشی چ نەهامەتییەكی كردوون كە ئامادە نییە پاشەكشەی لێبكات. دەیەوێت درێژە بەو دۆخە بدات كە چارەسەری دۆخی هەرێم دەبەستێتەوە بەشوێنێكی ترەوە نەك ئەو بەغدایەی مانگانە چاوەڕوانە 200 ملیاری بۆ تەواوكردنی مووچە بۆ بنێرێت.
 بۆ خەڵك روونبۆوە كە پارتی نەك نایەوێت هەڵە و گرفتەكانی دۆسێی نەوت چارەسەر بكات، بەڵكو دەیەوێت هەمان چارەنووس بەسەر غازیشدا بهێنێت، كە پێناچێت ئەمەیانی بۆ بچێتەسەر.

وتارەکانی نوسەر