کەڵەشێرە سەرخۆشەکە

10:19 - 2023-08-14
هاژە باست
205 خوێندراوەتەوە

مەبەستم ئەوە نییە سەری کەڵەشێر خۆشە، ئێستا وەجبەیەکم لێ قوت دەبێتەوە و دەڵێن یاع، سەری کەڵەشێر کەی دەخورێت؟ بابەکەم گەدەی خۆمە و تایەی تیا دەسووتێنم، با لەسەری کەڵەشێرەکە گەڕێین، مەبەستم سەرخۆشە.
بینیم، دەمی نا بە بتڵێکی کحولەوە، وەک ئاو هەڵیدەقوڕاند، حەتمەن بە دەنووک، چەند دەقەیەک پاش روداوەکە، لەسەر سەر تەقلەی لێ دەیا و وەک ئاماژەیەک بۆ چەپڵە لێدان و ستایشی خۆی قاچەکانی دەجووڵاند و هەڵدەستایەوە، دووبارە و دووبارە تەقلەی لێدەدا، بە ژیانی شتی وای بەخۆیەوە نەدیبوو، قووقەی دەگەیشتە کەشکەلانی فەلەک، کاتی تریش خۆی شین و مۆر دەکاتەوە تا تۆزێ بقووقێنێ، مەبەستم مام کەڵەشێرە، باوەڕکەن چیرۆک نییە و رووداوێکی راستییە.
جا دەڵێن، ئەو مرۆڤانەی کحولین، لەوکاتەی مەست دەبن دەچنەوە سەر ئەسڵەکەی خۆیان، دەی وابێت ئێمە هەموو نواندن دەکەین، مادەم بێ ئاگایی وامان لێبکات بچینەوە سەر پلێت، ئێستا من تێناگەم، ئێمە لەسەر ئەسڵییەکەین یان بەنجین؟
یانی ئەگەر بەرمان بات، دەکەوینە قسە و هەڵوێست وەرگرتن و لەم قاوغی بێدەنگی و دەستگرتن بەکڵاوەوە تا با نەیبات دێینە دەرەوە؟ یانیش ئەوکات بێدەنگتر دەبین؟ 
یان ئەوەتا پێویستە بمانگرێت و ئیتر وەک مام کەڵەشێر بە دار و بەردا هەڵشاخێین و تەقلە لێبەین و قسە لەشێر نەک کەڵەشێریش نەخۆینەوە؟
دیسان مەسەلە کوردییەکەیە کە دەڵێت، ئەم کەرە لەم قوڕە دەربهێنە! 
بابەتی سەرەکی چوونە ناو قوڕ نییە، کەرەکەیە کەرەکە.

وتارەکانی نوسەر