لاپەڕە هەڵنەدراوەكان

پسوڵەی لێبووردن صكوك الغفران

12:22 - 2022-04-19
مامۆستا پێشڕەو
569 خوێندراوەتەوە

كڵێسەی كاسۆلیك لەدوا دوایی سەدەکانی ناوەڕاستدا بە سەرجەم ئۆرگانەكانییەوە بوو بە دەزگایەكی دونیایی گەورە و تا دەهات سیماو خەسڵەتە ئاینیەكانی لەدەستدەدا و كاریگەرییە رۆحیەكەی بەرەو كاڵبوونەوە دەچوو، گۆڕانی كڵێسا لە دەزگایەكی ئاینیەوە بۆ دەزگایەكی دونیایی گەورەو بوونی بە بەرگریكار لە سیستمی دەرەبەگایەتی، بە دووركەوتنەوە و لادان لە بنەماو پڕەنسیپەكانی سەرەتای ئایینی مەسیحی بەدیدەهاتن و فەراهەم دەبوون، بەجۆرێكی وا كڵێسا گەورە ببوو كە بووە خاوەنی زۆربەی زۆری زەوییەكانی ئەوروپا و دەسەڵاتی لەڕادەبەدەر بوو .
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا و هەر لە سەرەتای سەدەی دوانزەوە كۆمەڵی جیهانی كاسۆلیكی بەكۆمەڵێك گۆڕانكاریدا رۆیشت و چەند شێوازێك دەركەوتن لەوانە هەندێكیان بەژیانی سۆفیگەریی و خۆتەرخانكردن بۆ خواپەرستی لەدێرە دوورەكاندا دەستیان پێكرد، هەندێكی تریان جاڕی كۆتایی هاتنی دونیایان دەدا و داوای گەڕانەوەیان دەكرد بۆ ژیانی ئایینی راستەقینە، كۆمەڵێكیشیان بوون بە دەروێش و گەڕیدەی سەرشەقامی شارەكان، بەدەم  زیكرو لەخۆدانەوە دەگەڕان.
یەكێكی تر لە شێوازە سەیرەكانی كڵێسا بۆ كۆكردنەوەی سەروەت و سامان ، كە بریتی بوو لەوەی پاپا و پیاوانی كڵێسای كاسۆلیكی پسوڵەی لێبوردنیان دەفرۆشت بە پارەو سامان بەخەڵكی لەپێناوی لێخۆشبوون لە گوناحەكانیان. سەرەتای ئەم بیرۆكەیەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی «خاچپەرستەكان» ئەوە بوو هەر لەساڵی (1095ز) پاپا (ئەربانی دووەم )بڕیاریدا هەر كەسێك بەشداری ئەو جەنگە بكات ، خوا لەتەواوی گوناهەكانی خۆش دەبێت، تەنانەت لەوەش زیاتر پاپا و پیاوە ئاینیەكان لیستی تایبەت بەگوناهەكان و نرخی لێبوردنەكانیان پێبوو، تا كار گەیشتە ئەوەی پاپا (پۆنیفا سیوسی هەشتەم 1296- 1303ز) دوای ئەوەی ساڵی (1300ز) رایگەیاند : هەر كەسێك سەردانی كڵێسای رۆما بكات، خوا لە گوناهەكانیان خۆش دەبێت، خەڵكێكی زۆر بەدەست و دیارییەوە رویانكردە رۆما، دواتریش پسووڵەی لێبوردنیان لەبری ئەم سەردانە بۆ ئەو كەسانە دانا كەتوانای سەردانیان نەبوو بەهەر هۆیەك بوو بێت، جگە لەوەی لەكۆتایی سەدەی چواردە بەدواوە دەتوانرا لەڕێی ئەم پسوڵانەوە لێبوورن بۆ مردووەكانیش بەدەست بهێنرێت. بەم جۆرە كڵێسای كاسۆلیك بوو بە گەورەترین موڵكدار و خاوەن سامان لە خۆرئاوا و ناوەڕاستی ئەوروپا بەجۆرێك كە دەستی گرت بەسەر هەموو زەوییە كشتوكاڵیەكانی ئەوروپا دا. 
لەكۆتایی سەدەی یانزەدا بۆ بەرگرتن لەپەرش و بڵاوبوونەوەی سەروەت و سامانی كڵێسا بەسەر میراتگرانی پیاوە ئاینیەكان دا، پاپا (گریگۆری حەوتەم ) بڕیاری رەبەنی، واتە ژن نەهێنان تا مردنی بەسەردا سەپاندن. سەبارەت بە ئایینی ئیسلامیش هەمان نەریتی پیاوانی ئایینی و كڵێسای مەسیحی لە لایەن هەندێک شێخ و مەلاوە کۆپیکراوە، بەڵام بە فۆرم و جۆرێكی تر بەناوی (نزاو نوشتە و دوعای گوللە نەبڕو موفەڕكی لەرزوتاو جنۆكە لە لەش دەركردن) پارەیان لە خەڵك وەردەگرت بۆ شێخێك یان پیاوێكی ئایینی  كە ئەو كارەیان دەکرد، کە ئەوە تا ئێستاش لە هەندێك جێگەی  وڵاتانی ئیسلامی بە كوردستانیشەوە ئەم دیاردەیە لە ئارادایە و بە بەرچاوی حكومەت و دامودەزگاكانەوە پارە لە خەڵكی وەردەگرن، بۆ ئەفسانە و خورافیات.

وتارەکانی نوسەر