خەمخۆریی ئەرمەنەكان لە وەبەرهێنانی سیاسیدا

12:13 - 2024-01-07
مامۆستا پێشڕەو
162 خوێندراوەتەوە

ژمارەی ئەرمەنەكان لە جیهاندا هەشت ملیۆن کەسە و كۆماری ئەرمینیاش وڵاتێكی گەورەیە لە رووی خاكەوە، بەڵام ژمارەی دانیشتوانی تەنها دوو ملیۆنە.
 ئەرمەنەكان بە هەموو جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بەهۆی چەوساندنەوە و ئاوارەكردنیان، هەروەها گەڕان بەدوای كار و جێگەی  ئاسایش و سەلامەتدا. 
لە مێژوودا چەند جارێك ئەرمەنەكان كەوتوونەتە بەر شاڵاوی لەناوبردن و جینۆساید كە دیارترینیان لە ساڵی (1915)دا لەلایەن عوسمانییەكانەوە بەرامبەریان پیادەکراوە، كورد ئەگەرچی خۆشی بەر شاڵاوی لەناوبردن و جینۆساید كەوتووە، بەڵام هەندێکیان تێوەگلاون لە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا بەهۆی بەكارهێنانیان وەكو جاش و كرێگرتە لەلایەن عوسمانییەكانەوە، بەشێوەی لەشكرێك بەناوی سوارەی حەمیدییە لە سەردەمی سوڵتان (عەبدولحەمیدی دووەم) کە لە ساڵی (1890)ەوە بەرەودوا دروستكرا، لە نەتەوەكانی دیکەی ناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، لەوانە كورد، عەرەب، چەركەس و نەتەوەی تریش.
 ئامانجی ئەم لەشكرە بۆ لێدان و دژایەتیكردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی ئەرمەن و كورد بوو بە پلەی یەكەم، بەشێك لە خێڵە كوردەكان بەشداریی لەشكری سوارەی حەمیدییە بوون جا بە ئارەزوو بووبێت یاخود بە زۆر، بەڵام رێژەی كورد زۆر نەبووە و %15 ی تێنەپەڕاندووە. 

كورد دژی ئەرمەن نەبووە
واتە كورد بەكارهێنراوە بۆ دژایەتی ئەرمەنەكان و كورد بەرنامەی ئەوەی نەبووە دژایەتیی ئەرمەنەكان بکات یاخود پەلاماریان بدات، چونكە هەردوو نەتەوە واتە كورد و ئەرمەن  چەوساوەی دەستی توركە عوسمانییەكان بوون، هەرچەندە كورد بەتایبەتی كۆنگرەی نەتەوەیی و پەكەكە چەند جارێك داوای لێبوردنیان لە ئەرمەنەكان كردووە، بەڵام ئەرمەنەكان بە تایبەتی لە ئەرمینیا زۆر دەمارگیر و  توندن بەرامبەر بە كورد. بەدڵنیاییەوە كوردیش لەم كێشەیەدا هەڵەی كردووە، ئەوەتا پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پێدانی مافی خۆبەڕێوەبەریی ئەرمەن، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری دەڵێت:  ئەمە چییە من دەیبیستم گوایە ئەرمەنەكان دەیانەوێت دەوڵەتێكی سەربەخۆ دابمەزرێنن لەوان، بەهیچ شێوەیەك من رێگە بەمە نادەم، ئەگەر زانیومە ژنی كوردم كردووە بە سەرباز لەریزی سوپاكەمدا.

هۆکارەکانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان 
1-ئەرمەنەكان بە ئایین مەسیحین و عوسمانییەكان بەئاشكرا پێیان دەوتن ئێوە كافر و گاورن و دژی ئیسلام و دەوڵەتی عوسمانین.
2-لەكاتی هاتنی سوپای روسیا و داگیركردنی بەشێك لە دەوڵەتی عوسمانی بە تایبەتی شاری وان و دەوروبەری، ئەرمەنەكان پشتگیریی سوپای روسیایان كرد، ئەمەش بووە هۆی زیاتر رق لێبوونەوەی سوڵتانەكانی عوسمانی لە ئەرمەنەكان.
3-حزبە سیاسییەكانی ئەرمەن زۆر ناسیۆنالیست و شۆڤێنی بوون، نەك هەر دژی دەوڵەتی عوسمانی بوون، بەڵكو شۆڤێنی بوون بەرامبەر بە كورد و نەتەوەكانی تریش.
4-سوپاسالاری عوسمانییەكان بەئاشكرا بە ئەرمەنەكانی دەوت: ئێوە بوونەتە لەمپەر و رێگر لەبەردەم ئێمەدا كە نەتوانین توركیایەكی مەزن و گەورە دروستبكەین و دەستمان نەگاتە ناوچەكانی قەوقاز و ئەو نەتەوانەی كە تورك زمانن و لەگەڵ توركمانستان و ئازەربایجان یەكبگرینەوە. بۆیە پێویستە ئێوە لەناوببرێن.
لەگەڵ ئەوەشدا كە وتمان، ئەرمەنەكان پەرشو بڵاوببوونەوە بە جیهاندا، بەڵام بە یەكگرتوویی خۆیان و بە دڵسۆزی و خەمخۆری و پەرۆشییان بۆ كێشەكەیان، توانیان وەبەرهێنانی سیاسی گەورە بكەن لە مەسەلەی پڕۆتستۆی جینۆسایدكردنیاندا، لەمڕۆدا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گەورەترین لۆبیان دروستكردووە، لەدوای لۆبی جووەكان، جگە لە دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان لە ئەرمینیا، توانیویانە تاڕادەیەك مافە نەتەوەیی و رۆشنبیرییەكانی خۆیان لەو وڵاتانەدا بەدەستبهێنن كە لێی دەژین، هەروەك لە هەرێمی كوردستانیش خاوەنی كورسییەكی كۆتان لە پەرلەمانی كوردستاندا. 

كورد وەربەرهێنانی سیاسی نەكردووە 
لە كۆتاییدا ئایا ئێمەی كورد چەند توانیومانە وەبەرهێنانی سیاسی بكەین لەو هەموو جینۆساید و قەتڵوعامەی لەدژمان کراوە هەر لە ئەنفال و كیمیاباران و راگواستن و كۆمەڵكوژی و  گۆڕی بەکۆمەڵ و تەعریب و سوتاندن و سووتماككردنی خاكی كوردستان  بەدەستی داگیركەران، لەكاتێكدا مەخابن ئێمەی كورد بە ژمارە و بە سەروەت و سامانەوە زۆر لە ئەرمەنەكان گەورەترین.

 سەرچاوەكان
-دۆسێی كوردستانێكی ونبوو، محەمەد حەمە ساڵح ، كوردستانی نوێ، ژمارە 6992 لە 6/8/2016
- سوارەی حەمیدییە و رەشەكوژیی ئەرمەنەكان، دیدار ئەنوەر ئەحمەد ، دابڕان ژمارە 8، كانونی دووەمی ساڵی 2018.
- كورد و ئەرمەن،  كوردەكانی قەفقاز وەكو بەفر توانەوە، ئامادەكردنی:  زاهیر سدیق و مەحمود نەجمەدین، كوردستانی نوێ ژمارە 7024 لە 21/7/2016.


وتارەکانی نوسەر