پەروەردەی حزبی و چەند سەرنجێک

10:03 - 2022-04-20
مستەفا محەمەد
473 خوێندراوەتەوە

حزب و رێکخراوی سیاسی رەگ و ریشەی بەرجەستەبوونی سیستمی دیموکراسی و حکومڕانییەکی رەشیدن، پێشڤەچوونی بونیاد و هەیکەلی ناوخۆی رێکخستنی هەر حزبێکیش چەندە بەندە بە نۆژەنکردنەوەی ستراتیژ و روئیا و دنیابینیەکەیەوە، هێندەی ئەوەش لە پراکتیزە و بەجێگەیاندنی ئەرک و تایبەتمەندیەکانی قۆناغ بە قۆناغی گۆڕانکاریەکاندا، توانا و کەفائەی کادر و کاراکتەرەکانی لەنێو جومگە چڕ و بنەڕەتیە ئۆرگانیکیەکاندا، بایەخی گەورە و  کاریگەرییان هەیە، چونکە هەر ئەمانن دەتوانن لەم رێگەیەوە حزب بکەنە ئامراز و فریادڕەسی بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکان، بەجۆرێک لە ئاستی تموحی جەماوەردا بێت و سەقامگیریی و هاوسەنگییەک بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییەکانیان بسازێنێی، هاوکات بەدەستهێنانی متمانەشیان مسۆگەر بکا.
لەو سۆنگەیەشەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەم لە هەیکەلی رێکخراوەییەکەیدا دەستی داوەتە گۆڕانکاریی، هەمیش بە سازدانی «دیداری یەکێتی» دەیەوێت رەسمی سیاسەتێکی روون و راشکاو لە یەکێتیەکانەوە دۆکیومێنت بکا و لەم رێگەیەشەوە زۆرترین دید و سەرنج لە لەشکرێک کادری خۆی رووبەڕوو لە کۆنفڕانسە خۆجێیەکاندا کۆبکاتەوە و بەرنامەی سیاسی پێ تۆکمە بکاتەوە.

 

هەر لەبەرئەوەی لیژنە تایبەتمەندەکانیش لە ئێستادا لە زۆن و جوگرافیا جیاوازەکاندا سەرقاڵی کاری خۆیانن، لە سەرمان ئیجاب دەکا کە هەر جارەی لە گۆشەنیگایەکەوە پێشنیازی بەجێ بخەینە سەرمەڵۆی کاری ئەو لیژنانە، لێرەوە وەکو هەوڵێک بەو ئاراستەیە و لە چەند خاڵێکدا لە پێناوی گەشە و نمای رێکخراوەییمان و بەهێزکردنی رایەڵەی کادرانە و گرنگیدان بە چۆنایەتیمان پێش چەندایەتیمان، چەند سەرنجێک ئاراستەی «لیژنەی پەروەردەی حزبی» دەکەین؛
1- گرنگتر لە هەر شتێک پێویستە بۆ ئایندەی کاری رێکخراوەییمان، یەکێتیەکەی «مام»ـی رابەر بەسوود وەرگرتن لە توانای سەرکردە و رموزە دیارەکانی حزب، رۆڵی ناوەندگیر ببینێی لە نێوان دامەزراوە حکومییەکان و هاووڵاتیانی هەرێمدا، نەک خۆی تەڕەفی کێشە و قەیران بێت، تا داوا و خواست و گرفت و بەرژەوەندییە باڵاکانی هاووڵاتیان بکاتە بەرنامەی سیاسی و لە پێشمەرجی دانوستان و پێکهاتن و رێککەوتنی ستراتیژییدا جێگەی بکاتەوە.
2- گەشەپێدان و وەگەڕخستنەوە و بوژاندنەوەی پەیمانگای پێگەیاندنی کادران وەک ناوەندێکی پەرەوەردەیی و مەعریفی پێویستییەکی حەتمیی گرنگی ئەم قۆناغەیە، تا لە رێگەیەوە زەمینەیەکی لەبار بۆ کادری هزر و بیر کراوە بڕەخسێنرێت و رۆڵ بگێڕێت، بەمە دەتوانرێت رێگە لە تێخزان و تێکچڕژانی کەسانێک بگیرێت کە بەهۆی نزیکایەتی و مەنسوبیەتەوە شوێنگەی کاریگەر دەگرن و قەرەباڵغیەکی بێ سەمەریش دەهێننە ئاراوە.
3- بەهێزکردنی لایەنی چاودێریی و دانانی سەقفێکی زەمەنی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای ئەو کادرانەی کە لەنێو هەیکەل و پێکهاتەی حزبیدا، یا لە نێو تیمی یەکێتیدا لەناو حکومەت رۆڵیان پێدراوە، لەپاڵ ئەمانەشدا بە کردەوە بنەمای پاداشت و سزا پەیڕەو بکرێت، بەمەش دڵنیادەبینەوە لە پیادەکردنی تەواوەتی کارنامەی یەکێتی کە بۆ قازانج و بەژەوەندی گشتی وەک ستراتیژی مام ناوەند و دوورمەودا تەبەنی کردوە.
4- وەزیفەی دەزگای هەڵبژاردن و دامەزراوە تایبەتمەندەکانی حزبە کە بە وەرگرتنی باری سەرنجی ئۆرگانەکان، پێشوەختە کادری نەوعی بۆ هەر هەڵبژاردن و مومارەسەیەکی سیاسی و پەرلەمانی و ئیداریی و رێکخراوەیی ئامادەبکەن، نەک بە پەلەپروزێ بەچەند رۆژێک دەرگای خۆپاڵاوتن بکاتەوە و بە موبارەکەی فڵان و فیسار بازەکە لەسەر کەسێکی ناشایستە بنیشێنێتەوە و بەناچاریش باربۆی دەنگ و کەمپەینی سەرخستنی بۆ بخرێتەڕێ.
5- دامەزراندن و سەرپێخستنەوەی سەنتەر و ناوەندەکانی توێژینەوە بۆ ئامادەکردنی پێشنیاز و کارنامەی حزبی و پڕۆژەیاسا، هەروەها هەڵێنجانی دید و روئیای تۆکمە و دامەزراو تا لە هەر پێشهاتێکی سیاسی و ئابوورییدا بڕیاربەدەستانی حزب بۆی بگەڕێنەوە، ئەمەش هاریکارێکی کارا دەبێت بۆ یەک ریتمی سیاسی و یەکگوتاریی بەرجەستەکراو و هۆشیارکردنەوەی کادران لە قەیرانە سیاسیەکان و دیاریکردنی چارەسەر بۆیان.
بە ئومێدی گفتوگۆیەکی چڕ و هەمەلایەنەی هەڤاڵانە و سەرکەوتنی دیداری یەکێتی.

وتارەکانی نوسەر