شەن و کەو

پاڵپشتیە داراییەکەی سودانی بۆ رۆژنامەنووسان

10:29 - 2024-01-04
مستەفا محەمەد
441 خوێندراوەتەوە

مستەفا محەمەد



لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لەساڵی نوێدا، رۆژی سێشەممە «2/1/2024» بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆبوونەوەیەکی ئاسایی گرێدا و چەندین بڕیار و راسپاردەی گرنگیش دران، یەکێک لەو بڕیارانە کەجێی هەڵوەستەی ئێمەیە، تەرخانکردنی بڕی  پێنج ملیار دینار بوو بۆ سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق.
ئەم هاوکارییە داراییە زیاتر بۆ دەستگیرۆیی و یارمەتیدان و کەم کردنەوەی باری سەرشانی خانەوادەی شەهیدانی رۆژنامەنووسە لەعیراقدا کە بەپێی بەیاننامەی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ژمارەیان لە «500» بنەماڵەی شەهید تێپەڕیوە، هەروەها بۆ ئەوەشە خزمەت و بڕی پێویستی دارایی بۆ بیمەی تەندروستی، چارەسەر و دابینکردنی پێداویستی پزیشکی بۆ رۆژنامەنووسە خانەنشین بوو و کەمئەندامبووەکان، ئەوانەش کەتەمەنیان هەڵکشاوە و لەڕابردوودا جێنەخشیان لە رەوتی پێشخستنی کاری رۆژنامەنووسیدا هەبووە دابین بکات.
بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، هەنگاو و وەرچەرخانێکی گرنگە بە ئاراستەی پاڵپشتیکردنی رۆژنامەنووسان و قابیلی دەستخۆشییە، بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە ئاخۆ ئەم پاڵپشتییە داراییە ئاراستەکەی دیارە و بۆ سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراقە، رۆژنامەنووسانی کوردستان دەگرێتەوە؟ یا بەدیوێکی تردا هیچ بڕێک لەو گوژمەیە دەدرێتە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، کە وەک تاکە لایەن و سەندیکا بەپێی یاسای ژمارە «35»ی ساڵی «2007»ی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە و خزمەتکار و پشتیوان و داکۆکیکاری مافی رۆژنامەنووسانی کوردستانە؟
لەراستیدا من پێموایە وەڵامی ئەو پرسیارانە، نەخێرە، لەبەر سێ هۆکار؛
یەکەم؛ ئەگەرچی لە رابردوودا هەردوو سەندیکا لەئاستی باڵادا هەماهەنگی باشیان لەنێواندا هەبووە، بەڵام هەنگاوەکانی ئەم دواییەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق مایەی نیگەرانی جددی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بووە، بەتایبەتیش لەبابەتی تەرخانکردن و پێدانی زەوی بەرۆژنامەنووسانی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان کە پێچەوانەی رێکەوتنەکانیان، سەرجەم رۆژنامەنووسانی سەربە لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کەرکوک بێبەشکراون لە وەرگرتنی زەوی.
دووەم؛ لایەنی کوردیی کە مەبەستم لە»پەرلەمانتاران و هەروەها وەزیرە کوردەکانی ناو کابینەکەی سودانییە، هیچ قسە و روونکردنەوە و لێدوانێک، یاخود لێپێچینەوەیەکی یاسایی جددیان، لە راگەیەنراوەکەی کابینەکەی سودانی کە وایکردووە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار بدات، گوژمە داراییەکە بخاتە سەر ئەژماری سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق لەلایەک و حکومەتی خۆجێی کەرکوکیش لە بابەتی پێدانی زەوی بە ئەندامانی هەمان سەندیکا و بێبەشکردنی رۆژنامەنووسانی کوردستان لەو ماف و ئیمتیازاتانە بخەنە ژێر پرسیاری جددیەوە!
سێیەم؛ سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانیش سوچێکی ئەو هەڵاوێردنەی رۆژنامەنووسانی دەکەوێتە ئەستۆ کە دەبوو هەر رێک لەوکاتەی لقی کەرکوک، بەیاننامەی ژمارە «170»ی خۆی لە «26/12/2023» لەسەر بێبەشکردنی ئەندامانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەلایەن «راکان جبوری»ەوە دەردەکرد، بۆ پاڵپشتی ئەو لقە و دووبارەنەبوونەوەی حاڵەتی تری هاوشێوە، ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، موفاتەحەی رەسمی حکومەتی عیراق و خودی سەندیکاکەی «موئەییەد لامی» بکردایە و ناڕەزایی رەسمی خۆی لەسەر ئەو ناداپەروەریی و جیاکارییە پێ رابەگەیاندنایە، ئەوکات بەدڵنیاییەوە لە تەرخانکردنی ئەو گوژمە داراییەدا کە بڕێکی کەم نییە و دەکرێ خزمەتێکی باشی رۆژنامەوان و میدیاکارە رەسەنەکانی پێ بکرێ، کابینەکەی سودانی ناوی هەردوو سەندیکاکەی لەگەڵ یەک وەک دوو برابەش دەهێنا!

وتارەکانی نوسەر