کۆنگرەی پێنج و کارنامەی سیاسی یەکێتی

09:54 - 2023-09-07
مستەفا محەمەد
554 خوێندراوەتەوە

ئاراستە و پڕۆژەی سیاسی بۆ دۆخی شڵەژاو و هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی ئاڵۆزی ئەمڕۆی کوردستان، کە لەهەموو کات زیاتر قەوارەکەی لەبەردەم مەترسی فەنابوون و هەڵوەشاندایە، بایەخەکەی هێندەی نان و ئاو بۆ هەرێم پێویستین و  لەئاستی باڵاشدا حزب و رێکخراوە سیاسییەکان دەبێ کاری جددی بۆ بکەن.
لەکاتێکدا کە چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ بەستنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پێشهاتە نێوخۆیی و گۆڕانگارییە خێراکان، هاوکات گرفت و ئاریشە سیاسی و ئەمنی و پلانە ئیقلیمییەکان، هەروا سەرنج و تێفکرینی کورتبینانەی هەندێ هێز و لایەنی سیاسی ناو هەرێم ، ئەم پارچەیەی کوردستانیان کردۆتە ناوچەیەکی گەرمی ململانێ و دروستبوونی بێهیواییەکی زۆر لەناو شەقامد، بۆ هەریەکێک لەو ئەگەرانە پێویستە یەکێتی لە رەهەندی جیاوازەوە خوێندنەوەی جددی هەبێ و گوتارێکی عەقڵانی بە مەنتیقێکی کوردستانیانە لەنێو هۆڵی کۆنگرەی تەبەننی بکات.
حزبێکی زیندوو
بۆ یەکێتیەک کە لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە حزبێکی زیندوو و لەڕووی بەرپرسیارێتیشەوە، خاوەن سەنگ و بڕیاریی یەکلاکەرەوەیە،  سەرنج و چاوی کادران و ئەندامانی، جەماوەر و دۆست و لایەنگرانی لەسەر ئەوەیە کە بەپێی هەلومەرجە بابەتییەکان لەگەڵ داخوازیی شەقامدا رێ بکات و بەبێ گوێدانە بەربەستەکانیش لە هەنگاوی نوێگەریی و ئەبدەیتی خۆیدا نەوەستێ، وەبەرمەبنای گۆڕانکارییە خێراکان هەمیشە خۆی لەبۆتەی ستراتیژێکی نیشتمانیدا جۆش بداتەوە.
ئێستا کە دۆخی هەرێم و پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق و دەوڵەتانی دراوسێ و مەحفەلی نێودەوڵەتیشدا لەبارێکدا نییە کە ئیرەیی پێ ببرێ، دامەزراوە سەرەکییەکانی حکومڕانی وەستاون و حکومەتیش مایەپوچی خۆی راگەیاندووە و هەنگاوەکانی رێکەوتنیش لەگەڵ بەغدا لەبار باربراون، ئازادییەکان سنووردارن و هێڵە گشتییەکانی چاکسازییش ونن، پلانێکی  گەورەی ئیقلیمیش بۆ تێکدانی ئەم قەوارەیە لەئارادایە و بەووردیش کار دەکرێ بۆ لەباربردنی دەسکەوتەکان، پێویستە حزبەکان بە کارنامە و بڕیاری ئازایانەوە رۆڵیان هەبێت لەتێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانی، وە هەنگاوی دروست بۆ راستەڕێکردنەوەی حکومڕانی و پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان ئەولەویەت بێ لایان، بۆ یەکێتی لەئەمڕۆدا کۆنگرەی پێنج وڵامدەرەوەی هەموو ئەو ئەگەرانەیە.

 

بۆ یەکێتیەک کە لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە حزبێکی زیندوو و لەڕووی بەرپرسیارێتیشەوە، خاوەن سەنگ و بڕیاریی یەکلاکەرەوەیە،  پێویستە بەپێی هەلومەرجە بابەتییەکان لەگەڵ داخوازیی شەقامدا رێ بکات

 

بەداخەوە ناوچە دابڕاوەکان لەبارێکی دژواری ئەمنیی و گوشارێکی بەهێزی بەیەکداچوونی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی دان، خەریکە زەنگی شەڕ و ئاشووبێکی خوێناویی، بەریەککەوتنی پێکهاتە جیاجیاکانی ئەو ناوچانە بەدەسیسەی دەرەکی و خۆشکردنی ئاگریی ئەو شەڕەش بەچاوڕاستی نێوخۆیی، دەبنە مەترسی جددی لەسەر شوناس و پێناسە و کەلتوریی پێکەوەژیان و پاراستنی برایەتی ئەو دەڤەرە، مادام یەکێتی بەنفوزێکی گەورەوە لەو ناوچانە حزووری بەهێزی هەیە، پێویستە کۆنگرەی پێنج بەدیقەتەوە لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستە بکات و واقعی ژیان و دۆخی ئاڵۆزی ئەم پارچەیەی نیشتمان بەووردی شرۆڤە بکات و بە دیدگایەکی تەژیی لەڕوئیای روون و پرەنسیپی نەگۆڕی "مام جەلالانەوە" ببێتە فریاد رەسی شکاندنی ئەو گەمارۆ پلاندار و ئەجێندا سامناکەی کە هەڕەشەن لەمێژوو و سەروەریی پاراستنی هێڵەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ئەو ناوچانە.
ئەرکی لەپێشینەی کۆنگرە
ئەمانە و چەندان خاڵ و دید و تێڕوانینی تریش ئەرکی لەپێشینەن بۆ کۆنگرەی پێنجەم،  بێگومانیشین کە ئەندامانی کۆنگرەی یەکێتی قسەی جددیان لەبارەوە دەکەن و بە هۆشیاریی و دونیابینیەوە، کارنامەیەکی سیاسی گشتگیر و هامەلایەنەیان لێ چێ دەکەن.

وتارەکانی نوسەر