شەن و کەو

بایکۆتی مامۆستایان و سەرنجێکی یەکێتیانە

10:23 - 2024-01-11
مستەفا محەمەد
307 خوێندراوەتەوە

مستەفا محەمەد

دوای نەمانی هیچ بوار و دەرەتانێک بۆ نەفەوتانی خوێندنی ئەمساڵ و کۆششێکی زۆری یەکێتی و خودی سەرۆک بافڵ بۆ بەدیهێنانی خواستە رەواکانی مامۆستایان، دواجار توانرا لەڕێی سەرۆک و تیمی یەکێتی لەحکومەتدا، وەزیری پەروەردە بهێنرێتە سلێمانی و کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار لەگەڵ بەڕێزیاندا بەنوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەت لەسلێمانی و لە مەڵبەندی ئەوشارە بەئامادەبوونی لێپرسراوی مەڵبەندەکانی سلێمانی و شارەوزوور و راپەڕین و گەرمیان سازبکرێت.
ئەو کۆبوونەوەیە جیاوازبوو، چونکە دەست خرایە سەر ئاریشەو برینەکان و رێگەکانی چارەسەری داوا رەواکانی مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراویش پێشنیاز کران و لەڕێی بینینی نوێنەری ئەوانیشەوە بەهاوئاهەنگی مەڵبەندەکان لەسەر جێبەجێکردنی دوو داوای سەرەکی مامۆستایان رێککەوتن کرا کە ئەوانیش «بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ» و «دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوە»بوو، بێگومان دوای هەمواری پڕۆژەی بودجەی عیراق کە چاوەڕوانکراوە لەدوای کۆتاییهاتنی پشووی پەرلەمان لەئەنجومەی نوێنەران، بڕیاری پێویستی لەسەر بدرێ.
خۆشبەختانە وەزارەتی پەروەردە لەژێر رۆشنایی رێککەوتنی مەڵبەندەکان و  داوای مامۆستایان، بەنوسراوی ژمارە یەک کە لە 7/1/2024 وڵامی هەردوو خاڵەکەی داوەتەوە، ئەمە تائێرە پابەندێتی حکومەتی هەرێمە کە تا کاتی هەمواری بودجەی ئەمساڵ، هەردوو خاڵەکە جێبەجێ بکا و دەوامیش بەپێی ساڵنامەی نوێی خوێندن لەهەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان لەبەرواری 9/1/2024 دەست پێبکاتەوە
لەم هەوڵەشدا ئەوەندەی بەندە ئاگاداربێت یەکێتی لەڕێگەی نوێنەرانی خۆی لەناو قوبەی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بەهاوبەشی لایەنەکانی تر، هەوڵەکانی بۆ سازاندن و جێبەجێکرانی داواکانی کورد لەپڕۆژەی هەموارکراوی بودجەو گەرەنتی لۆبیەکی ئاودە بەخش بۆ تێپەڕاندنی خواستەکانی کورد سەرکەوتوو بوون. 
ئەوەی هەیە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەران نیگەرانییەکانیان لەئەنجامی بێ متمانەییان بەحکومەت نەڕەویوەتەوە و پێیانوایە ئەم وڵامە بەس نییە، بەڵکو پێویست بوو وەک وەزارەتەکانی تر سەقفی زەمەنی و وادەی دەستپێکردنی دیاریکرابا و نەبەسترابایەوە بەهەمواری پڕۆژەیاسای بودجەی عیراقەوە!
دەنا لەڕاستیدا ئەم دوو خاڵە، بەرمەبنای هەوڵەکانی یەکێتی و بەرپرسانێتی لەگەڵ حکومەتدا تا بێ پاشگەزبوونەوە لەوادەیەکی نزیکدا هەردووکیان بچنە واری جێبەجێکردنەوەوە، بەڵام لەولاشەوە کاتی پێویست بۆ چاوەڕوانی زیاتر و درێژەدان بە بایکۆت نییە و هەر رۆژێک لەساڵنامەی هەموارکراو بفەوتێ چیتر قەرەبوو ناکرێتەوە، بۆیە یەکێتی لایەنگری ئەوەیە؛ فرسەتێک بدرێ بەنیەتی کابینەی نۆ لەجێبەجێکردنی داواکاریەکان و لەپێناو بەزایەنەچوونی کاتیشدا دەست بەدەوام بکرێتەوە.
بەڵێ یەکێتی پێیوایە؛ مامۆستایان لەجیاتی زۆرینەی فەرمانبەران و مافخوراوان، بەدرێژایی چوارمانگی رابڕدوو لەشەقامدا کە دەنگیان زوڵاڵ بوو، پەیامی خۆیان گەیاند، ئیدی پەرۆشییان بۆ بەهەدەرنەچوونی ساڵێکی پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەکان، ئەگەر بەتەحەفوزێکی زۆریشەوە بێ بچنەوە ناوەندەکانیان ئاسودەیی بەدەروونی خوێندکار و خانەوادەکانیان ببەخشنەوە، لەبەرامبەریشدا پێویستیشە حکومەت نیەت و مرازی پیرۆزی مامۆستایان بەهەند وەربگرێت و لەزووترین دەرفەتتدا خاڵی کۆتای تەئجیل و تەئخیری مافەکانیان دابنێ و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان روەو کەناری ئارامی بەرێ و ناچاریان نەکات جارێکی تر پەنا بۆ بایکۆت و داخستنی ناوەندەکانی خوێندن ببەنەوە!

وتارەکانی نوسەر