ئاکامەکانی ریفراندۆم لەسەر ناوچە دابڕێنراوەکان

10:02 - 2023-09-27
مستەفا محەمەد
640 خوێندراوەتەوە

 مستەفا محەمەد

قسەی زۆر لەبارەی ریفراندۆمەوە کراوە، بەڵام یەکێک لەبەهێزترین بیانووەکان بۆ پاشەکشەپێکردنی ناچاریی کورد لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو، ئەم بیانووە وەک کارتێکی بێ بەرهەمی سوتاو ئاسۆی تەنگژە سیاسییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانی وەک دوو تەڕەفی دژ بەیەک زیاتر هەڵکشاند و لە لێواری تەقینەوەی سەربازیی نزیکتر کردنەوە ، هاوکات دەروازەکانی داگیرکاریشی بۆ حکومەتەکەی عەبادی ئەوسا خستەسەر گازەرای پشت !
هەربۆیە سەرکردایەتی کورد لەدوای راکێشانی ئەو کارتە لە پێشیشیانەوە «سەرۆکی هەرێمی ئەوکات»، گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی کە کار لەکار ترازاوە، جگە لە بەڕێوەبردنێکی هاوبەشی بێ ئاشوب و پاشەکشەیەکی بە بەرنامەی کورد لە هەندێ ناوچەی بەدەستهاتوو لە جەنگی دژی داعشدا، بۆ نەڕشتنی خوێن و لادانی کاولکاریی لەو ناوچانە و دوورخستنەوەی مەترسی راستەوخۆش لەسەر هەرێم هیچی تر لەبەر دەست نەماوە، بۆئەمەش کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە دوکان و ئامادەکردنی رەشنووسی رێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دا بەحزوری سەرۆک کۆمار کە تیایدا بە ئاشکرا ئاماژە بە هەڵپەساردنی ئەنجامەکانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکات، سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە سەرکردەکان بێ دەست بردن بۆ چەک دەیانتوانی دەستەجەمعی لە قازانجی میللەتەکەیاندا هەنگاوی گەورە و گرنگتر بهاوێژن،  بەڵام بەهۆی بڕیاری نامەدروسی تاکلایەنانەوە دوور لە رێکەوتنەکان بۆ خۆ بێبەری کردن لە ئاکامەکانی دوای کشانەوە، بە پلانی تورکیا و هاوبەشی لایەنێکی کوردیی،  دۆزی رەوای میللەتێک خرایە مەترسیەوە و  لەم کات و ساتە ناسکەدا ئایندەی ژیانی کوردستانیانی ئەو ناوچانە بێ ئەرزش کرا، پاڵەوانێتییەکانی پێشمەرگە و قوربانیە زۆروزەوەندەکانیشی لەتێکشکاندنی بەرەی تیرۆریزمی جیهانیدا بە حەجمی خۆی لەبەرچاو نەگیرا، پاڵپشتی و متمانەدان بە کورد لە ئیدارەدانی چارەنووسی خۆی وەک نەتەوەیەکی بەشخوراو لە مەحفەلە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەند دەیەیەکی تر لەجیاتی بەرەوپێشچوون، چووەوە دواوە!
ئێستا بۆ هەموان، ئاشکرایە کە بە ریفراندۆم، بەتایبەتیش لەو پێگانەی لە دەستووردا بە ناوچەی کێشە لەسەر دانراون، کورد لەزمەیەکی سیاسی و مێژوویی گەورەی  بەدەستەوە داوە، عینادی سیاسیی لە لوتکەی دەسەڵاتەکەشی وایکردوە رۆژ لەدوای رۆژ چارەنووسی هەرێمەکە لێڵ بێ، ئەم دەسەڵاتە عینادە بێ وردبوونەوە لە هەلومەرجە تایبەتیەکە و کات و شێوازی بە ئەنجام گەیاندنی راپرسیەکە، وەک باجێکی گەورەی کەمەرشکێن لەدژیدا بەکاربهێنرێت و پرسی رووداوەکانی دوای ریفراندۆمیش لە ناوەندە جیهانێکاندا بە شەئنێکی بچوکی ناوخۆیی مامەڵەی لەگەڵ کرا و هیچ دەنگێکی ناڕەزایی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیش بۆ رێگری لە پلانی گەڕانەوەی دەسەڵاتی تەواوی حکومەتی فیدراڵی چ بە دانوستان یا چ بە حوکمی عەسکەر نەبینرا و نە بیسترا!
بەداخەوە لەدوای ئەو رووداوانەش، هێشتا لەجیاتی سوود بینین لەو هەڵانە، هەندێ لایەن بە دەستی ئەنقەست و لەڕێی ئاوەژووکردنەوەی راستییەکان و تەنسیقی جۆراوجۆر بۆ بچوککردنەوەی رۆڵی کورد لەو ناوچانە لەهەوڵی خۆشکردنی ئاگری شەڕی تائیفی و قووڵکردنەوەی ململانێکاندان، دوایین مانۆڕی کەرکوکیش لەسەر  وەرگرتنەوەی چەند بارەگایەک هەر بەو ئاراستەیە  بوو،  لەکاتێکدا دیسانەوە تاکە چارەی قەیڕانەکان  هەر دانیشتن و  دانوستانە لەگەڵ حکومەتی عیراق  بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و خانەقین و خورماتوو و تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکان، گومانیشی تێدا نییە بە گەڕانەوەی شەرعیەتی یاسایی لەڕێگەی یەکلاییبوونەوەی دەنگی زۆرینەی ئەو ناوچانە لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ لایەنی کوردیی، دیسانەوە خەونی داگیرکەران و هاوئاوازانیان ئاوەژوو دەکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر