کۆمێنت

بەندەری بەیرووت

10:11 - 2023-08-24
شیرین. ک
207 خوێندراوەتەوە

(66)

كاتێك بۆ جاری دووەم لەخوێندنەوەی رۆمانی كوژراوی ژمارە 232 بوومەوە كە تازەترین بەرهەمی جومانە حەداد-ی نووسەر و رۆژنامەنووسی لوبنانییە، وتم: خۆزگە كاتم هەبووایە هەموو كتێبێكم زیاتر لەجارێك بخوێنایەتەوە، لەژیانما كەمجار ئەمەم بۆ رەخساوە، هەمیشە خوێندنەوەی جاری دووەم تێگەیشتنە لەوەی لەنێوان دێڕەكاندا هەیە، ئەوەی نووسەر بۆ خوێنەری جێهێشتووە دركی پێبكات، پێشئەوەی كتێبەكەش ببینم هەستمكرد رۆمانەكە پەیوەندی بەتەقینەوەكەی بەندەری بەیرووتەوە هەیە، كە ساڵی 2020 روویدا و زیاتر لە دووسەد هاووڵاتی بوونە قوربانی، جومانە لەكۆتایی رۆمانەكەدا ئاماژە بەمە دەكات و دەڵێ كە پێش ئەو رووداوە دەستی بەنووسینی رۆمانەكەی كردووە و لەخەیاڵی خۆیدا كۆتاییەكی گەشبینانەی بۆ كاركتەرەكانی داناوە، بەڵام پێش تەواوكردنی رۆمانەكە  تەقینەوەكە روویداوەو لەگەڵیدا چارەنووسی كاركتەرەكانیشی گۆڕاون هەر وەكو چۆن زۆر شتی تری لەژیان و ویژدانی لوبنانییەكاندا گۆڕیوە.
رۆمانەكە دوو كارەكتەری سەرەكی تیایە: عەباس-هیند، كە تراس جێندەرە، میشا-میشیلین كە سۆزانییە، كاركتەرەكانی تر ئەدگاریان روون و سنووردار نییە، تەنیا دوانیان نەبێت: ئینعامی دایكی عەباس كە دۆزەخێكی بۆ راخستووە لەسەر ئەم زەوییە و هەموو هەوڵێكی عەباس ئەوەیە لەو دۆزەخە هەڵبێت بەرەو هەندەران، جۆرج-ی هاوسەری میشا كە لەسەرەتاوە بۆیە خواستویەتی تا كاسپی پێوە بكات، كۆمێنت: (جومانە بوێرانە ژیانی دوو چەوساوەترین مرۆڤ وێنا دەكات كە وەكو دوو كۆیلە دەژین، خەون بەڕزگار بوونەوە دەبینن و هەوڵی بۆ دەدەن، كاتێكیش روناكییەك لەوسەری تونێلەكەوە بەدی دەكەن تەقینەوەكە خەونەكەیان لەباردەبات..).
لەهەمووی زیاتر تەكنیكی رۆمانەكە سەرسامی كردم، شێوازی گێڕانەوەكەی، زەمەنی ئێستای رۆمانەكە یەك سەعاتە لەژیانی عەباس و میشا پێش روودانی تەقینەوەكە، هەردوو راوی بەنۆرە حیكایەتەكە دەگێڕنەوە، هەر فەسڵێك لەنێوان دوو بۆ سێ لاپەڕەیە، لەڕێی مەنەلۆگێكی بەردەوامەوە كۆی بەسەرهاتی ژیانی خۆیان و كەسانێكی تریش دەگێڕنەوە، تا ئەو چركەیەی تەقینەوەكە شریتی ژیانی 231 كەس دەقرتێنێت كە بەعەباسەوە دەبنە 232.

وتارەکانی نوسەر