گەشە و سەرکەوتن

ته‌مه‌ن و به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌ستكه‌وت

10:48 - 2023-08-27
ئەرشەد تەحسین
427 خوێندراوەتەوە

ته‌مه‌نی‌ هه‌ر مرۆڤێك سه‌ره‌تایه‌كی‌ بێ ده‌ستكه‌وتی‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی خودی‌ ته‌مه‌ن ده‌ستكه‌وتێكی‌ مه‌زنی‌ ژیانه‌، به‌ڵام ژیان ده‌ستكه‌وتی‌ زیاتری ده‌وێت، هیچ مرۆڤێك توانای‌ به‌رده‌وامیدانی‌ ژیانی‌ نییه‌ به‌بێ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌ستكه‌وت به‌ ژیان و پاراستنی‌ ده‌ستكه‌وته‌ به‌دیهاتووه‌كان، هه‌ر وه‌ستانێك له‌به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌ستكه‌وت به‌واتای‌ كۆتایی هاتنی‌ ته‌مه‌ن و بێ‌ سوودبوونت به‌ئاسۆی‌ ژیانه‌وه‌، ژیان مه‌یدانی‌ كێبڕكێیه‌، بێ‌ سووده‌كان دۆڕاون و ئه‌وانه‌ش ناتوانن پارێزگاری‌ له‌وه‌ بكه‌ن كه‌ به‌ده‌ستیان هێناوه‌ خه‌ساره‌تمه‌ندن.
له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵكشانی‌  ته‌مه‌ندا پێویستیه‌كانی‌ ژیانیش زیاتر ده‌بن و ته‌مه‌ن قورستر ده‌كه‌ن، به‌هه‌وڵ و كۆششی نه‌بڕاوه‌ ده‌ستكه‌وته‌كان به‌ده‌ست دێن، ئه‌گه‌رچی ئه‌سته‌م و گران بێت به‌ڵام پاراستنیان قورستره‌، زۆر كه‌من ئه‌و مرۆڤانه‌ی‌ توانای‌ پاراستنی‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یان هه‌یه‌ كه‌ به‌ده‌ستیان هێناوه‌، چ ده‌ستكه‌وتی‌ ماددی‌ بێت یان مه‌عنه‌وی‌.
به‌ده‌ست هێنانی‌ ده‌ستكه‌وت، خولیا و ئاوات، گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كان، داهێنان و به‌رهه‌مهێنانی‌ مه‌زن و به‌سوود، هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ نه‌مریی دوای‌ مردن، پێویستیه‌كی‌ گرنگه‌ و نیشانه‌ی‌ به‌توانایی و كارامه‌یی كه‌سه‌كانه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر مانه‌وه‌ و پاراستنی‌ ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌، هێز و توانای‌ مرۆڤ، زیره‌كی‌ و بلیمه‌تی ده‌رده‌خات و سه‌لمێنه‌ری كه‌سایه‌تییه‌.
 ته‌مه‌نی‌ بێ ده‌ستكه‌وت نه‌بوونی‌ باشتره‌، ئه‌وانه‌ی‌ له‌ژیان ده‌ستكه‌وتیان نییه‌ هه‌میشه‌ گله‌یی له‌چاره‌نووس ده‌كه‌ن، بێ ئاگا له‌وه‌ی‌ چاره‌نووس هه‌ر به‌و هه‌وڵ و كۆششانه‌ به‌دی‌ دێت كه‌ له‌ژیان ده‌یده‌ن، چاره‌نووسی باش قۆستنه‌وه‌ی‌ ده‌رفه‌ته‌كانه‌، نه‌ك له‌ده‌ست دانی ده‌رفه‌ت، درووستكردنی‌ ده‌رفه‌ته‌ نه‌ك دۆشدامان به‌دیار ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ی‌ تێیداین، راسته‌ درووستكردنی‌ ده‌رفه‌ت و قۆستنه‌وه‌ی‌ هه‌له‌كان گرنگه‌، به‌ڵام  گرنگتر له‌ده‌ست نه‌دانی‌ ده‌رفه‌ت و پاراستنی‌ هه‌له‌كانه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆت، به‌واتایه‌كی‌ تر، پاراستنی‌ ده‌رفه‌ته‌كانی‌ ژیان گرنگتره‌ له‌خوودی‌ ده‌رفه‌ته‌كه‌، چونكه‌ ژیان ده‌رفه‌تی‌ زۆرت پێده‌به‌خشێت، به‌ڵام كه‌من ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی‌ ده‌قۆزرێنه‌وه‌.
  مه‌زنه‌كان ئه‌وانه‌ن به‌ هێز و تواناوه‌ به‌ره‌نگار ده‌بنه‌وه‌ و  ده‌سته‌ودامانی‌ قه‌ده‌ر نین، لای‌ ئه‌وان هه‌موو دۆخێك ده‌رفه‌تێكی‌ گونجاوه‌ بۆ قۆستنه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتن، به‌ڵام مه‌زنترن ئه‌وانه‌ی‌ ده‌توانن پارێزگاری‌ له‌وه‌بكه‌ن كه‌ به‌ده‌ستیان هێناوه‌ و ده‌ست كه‌وته‌كان له‌ده‌ست ناده‌ن.

وتارەکانی نوسەر