چی بۆ کەمئەندامان بکرێت؟

09:52 - 2023-08-28
سمکۆ چنارەیی
295 خوێندراوەتەوە

کەمئەندامان بە گشت جۆرەکانییەوە چ زگماکی و ئەوانەی تووشی جۆرێک لە نەخۆشی بوون لە سەرەتای لەدایکبوونیانەوە، یاخود ئەوانەی بەهۆی رووداو و کارەساتێک بەشێکی جەستەیان لە دەستداوە و کەمئەندام بوون، پێویستی تایبەت و رەخساندنی بارودۆخێکیان دەوێت کە ئاسوودەیان بکات.
مەبەستم لە مووچە و بژێوی ژیانیان نییە، چونکە ئەوە ئەرکێکی حکومەتە ژیان بۆ هەموو تاکێک دابین بکات، بەڵکو دەرکردنی کۆمەڵێک یاسا و رێسای گرنگە تایبەت بەو توێژەی کۆمەڵ، هەروەها گۆڕانکاری و پێداچوونەوەش بە چەند یاسایەکدا بکرێت کە تایبەتن بە کەمئەندامان بەگشتی، لەوانە تەمەنی  خانەنشینی کەسانی کەمئەندام کەم بکرێتەوە و بەخششی کاتی خانەنشینییان جیاواز بێت لەگەڵ فەرمانبەران بەگشتی.
گۆڕانکاری لەو بڕیارەشدا بکرێت هەرکاتێک دایک و باوکێک خاوەنی منداڵی کەمئەندام بن بەتایبەتی ئیفلیجی مێشک ئەوا مۆڵەت بە تەنیا کەسێکیان دەدرێت لەماڵەوە لەلای منداڵەکە بێت و مووچەی بنەڕەتیشی بۆ خەرج دەکرێت، لە واقیعدا پێویستە هەردووکیان مۆڵەت بدرێن بە تەواوی مووچەکانیانەوە، چونکە کەسانی کەمئەندام خەرجی و پێداویستییان زیاترە.
سەبارەت بە فەرمانگە و شوێنە گشتییەکانیش پێویستە حکومەت لەڕێی دروستکردنی شوێنی گونجاو بۆ کەمئەندامان هاوکاریان بێت و ئێستا زۆر دامودەزگای گرنگ هەن، هیچ بایەخێکیان بە پێپلیکانە و شوێنی هاتوچۆی کەمئەندامان نەداوە.
تەنانەت خوێندنگەکانیش لەو رووەوە وەک پێویست نین و ئەوانیش مافی خۆیانە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری و یاسای گرنگی تایبەت بەخۆیان هەبێت، تەنانەت ئەگەر بەڕێژەیەکی کەم و کۆتاش بێت پێویستە لەکاری بەڕێوەبردن و پۆستەکاندا بوونی ئەوانیش لە بەرچاو بگیرێت.

وتارەکانی نوسەر