یەکێک لە هەڕەشە بەردەوام و مەترسیدارەکانی سەردەم بریتییە لە مادەهۆشبەرەکان ئەوەش بەهۆی ئەو کاریگەری و شوێنەوارە مەترسیدارانەی دروستدەبێت پاش بەکارهێنان یان بازرگانی پێوەکردن یان ئالودەبوون پێوەی، چونکە لە سەرجەم دۆخەکانی بوونی ئەو مادانەدا لای مرۆڤەکان تێکچوونی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگە و تەندروستی و ئاسایشی ئابووری و دروستبوونی ئابووری نامەشروع و کردنی تاوانی رێکخراو دەردەکەوێت .
مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر تەنها ناوچە و هەرێمێک ناگرێتەوە، بەڵکو زۆر کۆمەڵگە و ناوچەکانی جیهانی گرتووەتەوە، بەڵام بەڕێژەی جیاواز بەجۆرێک دەتوانین بڵێین روبەڕوبوونەوەی بووەتە خەمێکی گەورەی جیهانی لەو چوارچێوەشدا چەندین رێکەوتننامەی نێودەوڵەتی قانوون دەرچوێنراون دیارترینیان :
1- رێکەوتننامەی مادە هۆشبەرەکان ساڵی 1961 لەگەڵ پڕۆتۆکۆلی هەموارکراوی 1972.
2- رێکەوتننامەی کارتێکەرە عەقڵییەکان 1971.
3- رێکەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ روبەڕوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان 1988.
4- چەندین رێکەوتننامە و قانوونی تایبەت بە مادە هۆشبەرەکان سەرجەمیان جەختدەکەنەوە لەسەر مەترسییەکانی بەکارهێنانی ئەو مادە هۆشبەرانە و هەوڵدان بۆ دروستکردنی پەیوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەپێناو روبەڕوبوونەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران و بازرگانان و رادەستکردنیان بە سیستمی دادوەری. هەرێمی کوردستانیش وەک هەر ناوچەیەکی تری جیهان لە قۆناغی بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکاندایە بەتایبەت کە هاوسنوورین لەگەڵ گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەر و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان لەم سنوورە و گەنجان و نەوجەوانان لەپێشەوەی بەکارهێنەراندان.
هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان
نەبوونی هۆشیاریی سەبارەت بە زیان و ئەنجامی مەترسیداری بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان بەتایبەت لای گەنجان و نەوجەوانان.
جێبەجێنەکردنی قانوونی تایبەت بە مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان وەک خۆی.
خراپی دۆخی دارایی و ئابووری و بێکاری، هەڵە تێگەیشتنی بەکارهێنەران و ئاسانی خەڵەتاندن و خۆشباوەڕییان بە بازرگانان و بەکارهێنەرانی تر گوایە بەکارهێنان و ئالودەبوون چێژبەخشە و ئارامی تەواو بەدوای خۆیدا دەهێنێت و بێ ئاگاییان لەو زیانە مەترسیدارانەی دروستدەبێت لەڕووی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئەخلاقی و ئابوورییەوە.
چارەسەر
بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەواو سەبارەت بە رێگریکردن لە بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ ئەنجامێکی باشتر دەکرێت بە بەشداری رێکخرا و راگەیاندن و مامۆستایانی ئایینی بکرێت.
جێبەجێکردنی قانوونی (بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستانی عیراق ژمارە 1ی 2020 ) وەک خۆی لە سەرجەم وردەکارییەکاندا، چونکە قانوونەکە رێگەیەکی کاریگەر دەبێت، لەبەرئەوەی قانوونی ئاماژەپێکراو تاڕادەیەک سەردەمیانە و رێگەچارەی بۆ کەسی ئالودەبوو داناوە و ئەوەش بەکردنەوەی سەنتەری پێویست لەڕووی چەندێتی و چۆنێتی بۆ چارەسەرکردن و شیاندنەوەی ئالودەبوان و هەر لە قانوونەکەدا ئاماژەدراوە بەسزادانی شایستە و ترسێنەر و تەمێکەر لە زیندانیکردن تا سێدارەدان دەڕوات و ئەمە سەرەڕای پێبژاردنی بەبڕی بەرز .
دۆزینەوەی کار و سەرقاڵکردنی گەنجان بەپیشەیەکی شایستە
لەکۆتاییدا دەمەوێت ئاماژە بەوەبکەم مادە هۆشبەرەکان زەنگی مەترسییان لێداوە لە جیهاندا لەپاڵ مەترسییەکانی (ئەتۆم، ژینگە، هەژاری و رووداوی هاتوچۆ) ناوی دەهێنرێت و وێرانبوونی خێزان و کۆمەڵگە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، کوردستانیش بێبەش نییە لەو مەترسییانە، بۆیە پێویستە هەرچی زووە بەهاوکاری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکان بکرێن بە کردار و خەمی چارەسەر لە پێشەوەی هەنگاوەکان بێت.
*پارێزەری راوێژکار و چالاکوانی نێودەوڵەتی