سیاسەت لەهەموو وڵاتان، بریتیە لەو پڕۆسەیەی کە لە ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات و سیستمی سیاسییەوە بەڕێوەدەچێت، ئەمە سیاسەتە و پێوستی بە ئاڵوگۆڕی بەردەوام هەیە، پێویستی بە بەدیهێنانی ماف و ئازادی هەیە.
ئەرکی سیاسەت بریتیە لە خۆشەویستکردنی سیستمی سیاسی لای خەڵک، ئەمەش لە رێگای ئاڵوگۆڕی بەردەوام و خۆنوێکردنەوەوە دەکرێت. لەگەڵ هەبوونی دەیان کێشەی کوردستانی و عیراقی و ئیقلیمی کە هەمووشیان بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دۆخی سیاسی و ئەمنی کوردستانەوە گرێدراون، لە کەش و هەوایەکی ئاوھادا بڕیاری بەستنی کۆنگرەی پێنجەم درا.
کۆنگرە هەمیشە بیر و دنیابینی و ئاوازە جیاوازەکانی حزب لەژێر یەک سەقفدا کۆدەکاتەوە، واتە گفتوگۆ و ململانێی بیردۆزەکان و چۆنێتی بەڕێوەبردنیان، لەم نێوەندەدا سەرکردە لە هەوڵی تەریب کردنی ناتەریبەکان و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشی دژەکاندا رۆڵی دەبێ.
بڕیاری کۆنگرە جورئەتی فکری و ئەمنی و هاوتاکردنی ویستی جەماوەر و رێچکەی حزبی پێویستە.
ئەو جورئەتەی سەرۆک بافڵ، ناکرێ و ناشێ تەحەدایەکی بێ نەخشە و بێ لێکۆڵینەوە و بێ دووربینین بێت، مێژووی دەیان ساڵەی یەکێتی و هەموو شەهیدەکان و هەزاران کادر و ملیۆنان دەنگدەر، چەند راستییەکن کاک بافڵ بە وردی درکی پێکردوە.
کەواتە بڕیاری کۆنگرە، بڕیاری چاککردنی حزب و هاوتاکردنیەتی لەگەڵ پێویستیی ئەمڕۆی خەبات و داخوازی ئەمڕۆی جەماوەر.
لە کوردستان بەتایبەتی و کۆی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی، حزب قورسە بتوانێت بە ئاسانی دروستبێت و خەبات بکات، فەراهەمکردنی دۆخێکی گونجاویش بۆ بەستنی کۆنگرە گرنگە.
هەمیشە ململانێکان سنوور بەزێنن و دەوڵەت دوای دەوڵەت دەست دەخەنە کاروبارەکان.
تەحەدای هەموو ئەو کەش و ململانێ و ڕاستییە تاڵانە، خۆی لەخۆیدا مایەی دەستخۆشییە، هەمیش مایەی ئەوەیە دەستی ئەو رێکخستن و حزبە بگرین کە ئێستا کۆکەرەوەی هەموو رەوشە دیموکراسییەکەی ناوچەکەیە.
تەنها سنوورێک کە توانیویەتی نوێنەری هەموو پارچەکان و دژەکانی ناو هەرێمەکەش کۆبکاتەوە و ئازادانە خۆپیشاندان و راگەیاندن و خەبات بەڕێوەببەن، سنوورەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، هەرلەبەر ئەوەشە کۆنگرەی یەکێتی کۆنگرەی هەموو پارچەکان و کۆنگرەی دیموکراتی و کۆنگرەی ئازادییە لە ناوچەکە.
ئەو تاقیکردنەوەیە پەیوەندیی بە هەموو هێزەکانەوە هەیە، بەهیوام جوانترین و راستترین و گونجاوترین بڕیارەکانی لێوە دەربچێت.