ئەوەی پارتی بەناوی سیاسەتەوە لە هەرێم و عیراق پەیڕەوی دەکات، سیاسەت نییە، هەوپێکردنی سیاسەتە، ئەم فیک و لەمافیکدانەی پارتی لەسیاسەت و بەڕێوەبردندا جگە لەوەی بووە بەعەیبە و نەنگییەکی گەورەی جڤاکی، بووە بە مایەی کێشە و سەرئێشەیەکی قووڵی دیرۆکی لە گۆڕەپانە هەرێمی و عیراقی و ناوچەیەکەیشدا.
ئەو ئازادییە سیاسییەی پارتی لە لایەنە سیاسییەكانی کەرکوک داوای دەکات، لەخۆی پرسیوە لەژێر هەژموونی خۆیدا وەها ئازادییەک بە ماف و ئازادییەکانی تاکیشەوە فەراهەم کراوە یان زەوتکراوە؟
ئیشی سیاسەت ئەوە نییە بەرژەوەندییە حزبی و خودییەکانی سەرکردایەتی حزبێک لەدڵ و دەروون و چاوی کۆمەڵانی خەڵکدا وەک بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی وێنا بکات و چۆنیشی بوێ ئاوا زمانی بابدا، ئاخر نە هیچ زانستێک هەیە بەرگری لەوەها هەوپێکردنێک بکات و نە هیچ پرەنسیپ و لۆژیکێک قبووڵ دەکات بەناوی بەرگری لەبەرژەوەندییەکانی خەڵک دژایەتی وەها ئیستحقاق و مافێک بکەیت.
ئەو شەراکەت، تەوافوق و تەوازنـەی پارتی لەدوا بەلاغی کۆبوونەوەی مەکتەب سیاسییەکەی وەک بنەماو پرەنسیپ بۆ ئیدارهدانی حكومهت و دروستکردنی بڕیار لە کەرکوک داوای دەکات یان ئەو ڕۆڵە بنەڕەتییەی بە حساب دەیەوێت نوێنەری پێکهاتە سیاسییەکان لە کەرکوکدا بیگێڕن، بۆچی لەهەرێم ئاوڕ لە هیچیان ناداتەوە و هەرچییەک بکەوێتە دەرەوەی ئەجێندا و مەرامە تایبەتییەکانی خۆیەوە رەتیاندەکاتەوە؟
ئەمە پارادۆکسە، ئەمە هەوپێکردنی سیاسەتە، قوربانی و شەهیدەکانی ئەم رۆژانەی رابردووی دۆخی کەرکوک لە هەمووانەوە دیارن کێن، هاوشێوەی رێگر و تێکدەر و گێرەشێوێنەکانیش.
ئەم بانێک و چەند هەوایە لە سیاسەتدا بکوژی خەونە گەورەکانە لە ژیانی جڤاکی و لە هزری بەیەکەوە هەڵکردن و بەیەکەوە کار کردندا.
ئەو ئازادییە سیاسییەی پارتی لە لایەنە سیاسییەكانی کەرکوک داوای دەکات، لەخۆی پرسیوە لەژێر هەژموونی خۆیدا وەها ئازادییەک بە ماف و ئازادییەکانی تاکیشەوە فەراهەم کراوە یان زەوتکراوە؟ رێگر کێیە؟ ئەی ئەوەی پابەند نییە بە دەستوور و رێکەوتنەکانەوە کێیە؟
دیارە بەدرێژایی مێژووی عیراقی فیدڕاڵ، هیچکام لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێم، پابەندی دەستوور نەبوون، بەڵام هیچکامیان ئەوەندەی حکومەتەکەی سودانی خۆشگونجاو نەبووە و هیچکام لەحکومەتەکانی هەرێمیش هێندەی کابینەی نۆ موراوەغە و موماتەڵەی بەدەستوور و رێکەوتنەکانەوە نەکردوە.
پارتی تا خۆی وەستا بێت، نەدەبوو رێگە بەخۆی بدا لۆمەی کەس و هیچ لایەک بکات، چونکە نەک هەرگیز بەشێک نەبووە لە چارەسەری کێشە و بێشە و قەیران، وەک میستەر هەر خۆی خوڵقێنەری قەیران و هەر خۆیشی لەبری چارەسەر هاتووە لە بەرژەوەندیی خۆی وەبەرهێنانی لە کێشەدا کردووە و ئیدارەی داوە.
ئەو یەکڕیزییەی پارتی، دیسانەوە لەم دوا کۆبوونەوەیدا بگۆی دەکات، وەک هەمیشە ریزبوونی ئەوانی ترە لەدوای خۆیەوە، ئەگەرنا پارتی بیەوێت لەسبەی زووتر نییە زۆرینەی هەرە زۆری کێشەکانی هەرێم، هەرێم و عیراق چارەسەر دەبن، ئەمە نە لەبەر حیکمەتی پارتی، بەڵکو لەبەر ئەوەی کێشەکان پارتین و پارتی خۆی کێشە هەرە گەورەکەیە.