نوێگەریی سیاسی، لە دیداری یەکێتیدا

09:41 - 2025-03-05
ئەرسەلان مەحمود
63 خوێندراوەتەوە

گۆڕانکارییە خێراکانی سەردەم و ئاڵۆزبوونی هاوکێشە سیاسییەکان لە ناوچەکەدا، پێویستی بە هەڵوێست و میکانیزمی نوێ هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعی نوێدا، لەو چوارچێوەیەدا دیداری دووەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک وەڵامدانەوەیەکی ستراتیژی و داهێنەرانە دێتەوە ئاراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گۆڕانکاریانە. ئەم هەنگاوە نوێیە تەنیا گۆڕانکارییەکی رواڵەتی نییە، بەڵکو گوزارشت لە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دەکات لە فەلسەفەی سیاسی و رێکخراوەیی حزبدا.

بنکەی جەماوەری
مێژووی سیاسی لە ناوچەکەدا پیشانیداوە کە بڕیاردانی سەنتراڵیزەکراو و تاکڕەوانە نەیتوانیوە وەڵامی پێداویستییە گۆڕاوەکانی کۆمەڵگە بداتەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە درێژایی مێژووی خەباتی، هەمیشە پێشەنگ بووە لە داهێنانی رێگەچارەی نوێ بۆ قەیرانەکان، ئەمڕۆش ئەم حزبە جارێکی دیکە هەوڵدەدات پێشەنگ بێت لە داهێنانی میکانیزمێکی نوێ بۆ بڕیاردان کە تیایدا دەسەڵات دەگوازرێتەوە بۆ بنکەی جەماوەری و کادیرانی حزب.
ئەم گواستنەوەیە لە جەوهەردا، دانپێدانانە بەوەی کە هێزی راستەقینەی هەر حزبێکی سیاسی لە دەست کادر و ئەندام و جەماوەرەکەیدایە، کاتێک ئەوان هەست بە خاوەندارێتی دەکەن بەرامبەر بە بڕیار و سیاسەتەکان، ئەوا پابەندبوونیان بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە زیاتر دەبێت. هەروەها کاتێک بڕیاردان لەسەر بنەمای گفتوگۆی فراوان و بیروڕای جیاواز دەبێت، ئەگەری دەرچوونی بڕیاری دروست و گونجاو زیاتر دەبێت.

بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان
ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت، گۆڕانکارییەکان لە عیراق، سوریا، ئێران، تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، کاریگەریی راستەوخۆیان هەیە لەسەر دۆزی کورد بە گشتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک لایەنێکی کاریگەر لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا، پێویستە بەردەوام خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا. دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک میکانیزمێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئاڵنگارییانە، دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ مشتومڕی کراوە و دانانی ستراتیژی درێژخایەن. لە رێگەی بەشداریپێکردنی کادیرانی حزب لە ئاستە جیاوازەکان، یەکێتی دەتوانێت سوود لە ئەزموون و تێڕوانینی هەمەلایەنە وەربگرێت بۆ داڕشتنی سیاسەتی گونجاو بۆ قۆناغی داهاتوو.
یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەم هەنگاوە، بەهێزکردنی دیموکراسی ناوخۆیی حزبەکەیە، کاتێک بنەماکانی دیموکراسی لە ناوخۆی حزبدا پراکتیزە دەکرێن، ئەوا حزب دەتوانێت باشتر نوێنەرایەتیی ئەو بەها دیموکراسیانە بکات کە بانگەشەیان بۆ دەکات. دیموکراسی ناوخۆیی وادەکات کە گوتار و کردار لە یەک ئاستدا بن و متمانەی جەماوەر بە حیزب زیاتر بکات.

پەرەپێدانی بیری داهێنەرانە
کاتێک کادیر و ئەندامانی حزب بەشداریی لە داڕشتنی بڕیارەکاندا دەکەن، هەستی بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە زیاتر دەبێت و چیتر بڕیارەکان وەک شتێکی سەپێنراو نابینرێن، بەڵکو وەک بەرهەمی بیرکردنەوە و گفتوگۆی بە کۆمەڵ سەیر دەکرێن، ئەمەش وادەکات کە هەر کەسێک خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە سەرکەوتن یان شکستی ئەو بڕیارانە.
دیداری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەرفەتێکە بۆ دەرخستنی ئەو هزری نوێ و بیرۆکەی داهێنەرانەی نێو کادیران و ئەندامانی حزبدا هەن، چونکە لە سەردەمی شۆڕشی دیجیتاڵی و گۆڕانکارییە خێراکاندا، توانای داهێنان و گونجاندن خۆ لەگەڵ بارودۆخی نوێدا، یەکێکە لە گرنگترین فاکتەرەکانی مانەوە و سەرکەوتن.

وتارەکانی نوسەر