یەکێتییەک کە خۆی زادەی نوێگەرییە و نوێگەریش یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دامەزراندنی بێت، یەکێتییەک دژی تاکڕەوی بێت و فرەیی لە بیر و سەرکردایەتیکردنی بە کۆمەڵدا یەکێک لە داهێنراوە سەرەتاییەکانی بێت، نوێگەری لە کاردا و کۆدەنگی لە بڕیاردا وەک هەمیشە دەبێ هەوێنی رێباز و روانگەی جڤاکی و سیاسیی بێت.
حزبی مۆدێرن ئەگەر هیچ شتێکی لە خۆدا شک نەبرد، بیخاتە سەر مۆدێرنیزم، داماڵینی بەشە مردووەکەی و بەشە تەمبەڵەکەی جەستەی و دەستکاریکردنییەتی لە خۆی و لە دەرەوەی خۆدا.
ئەو حزبەی وەک بەربەرییەک وێنە دەکێشێت و نەخشە دادەڕێژێت، بەربەرییە و سەردەمی بەربەرییەتی بەرنەداوە.
ئایدیا لە یەکێتیدا ئامڕازی پەرەپێدانی خەبات و تێکۆشانی رۆژە لەپێناوی رۆژێکی باشتر و ئایندەیەکی باشتردا.
ئەجێندا و ستراتیژ لە یەکێتیدا خێڵگەرایی و مەزهەبگەرایی نییە، بەڵکو خەڵکە، لە یەکێتیدا مرۆڤ ئامانجە، یەکێتی لەوەهمدا ناژی، نەوەی سەردەمەکەی خۆیەتی.
ئەمڕۆ کوردەواری کەوتۆتە قۆناغ و سەردەمێکەوە، سیستمە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئیداری، ئابووری و سیاسییەکەی بەجۆرێ کەم خوێن بووە، مانەوە و گەشەکردنە جڤاکییەکەی خستۆتە ژێر پرسیار و مەترسییەوە و خەریکە تەواو پەکی دەخات، هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی ئەم حەقیقەتە پاشاگەردانی و بێباکییە لە سەرکردایەتیکردنی وڵات و حکومڕانیدا، نوێگەریی لە هەموو بوار و کایە جیا جڤاکی و ئیداری و ئابووری و دیبلۆماسی و سیاسییەکاندا کردووە بە مەسەلەیەکی حەتمی و حەیاتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبێکی واقیعبینە و روون لەم حەقیقەتە تێدەگا و نوێگەریی لەخۆدا وەک هەوڵ و هەنگاوێکی ناوازە لە بونیادنانەوەی کوردەواری و لە خزمەتی خەڵکدا تەماشا دەکات، هەر بۆیەش کردویەتی بە دروشمی پێنجەمین کۆنگرەی خۆی.
ئەوەی یەکێتی هەیەتی و شانازی پێوە دەکات، بەتەنها هەر سەرۆک مام جەلال رابەرە دەگمەنە جیهانییە ناوازە ئازادیخوازەکەی نییە، بەتەنها هەر دیرۆکە پڕ لە سەروەری و درەوشاوەکەی و خوێنە گەشەکەی دەیان هەزار شەهید و سەرخستنی شۆڕشکەی و راپەڕینی بەهاری ئازادی 1991 و داهێنانی خەباتی پەرلەمانی و چەسپاندنی حکومڕانیی کوردی و فیدراڵی و دەست و دڵە بەهێزەکەی ئاشتەوایی و شکاندنی تیرۆر و تیرۆرستان و بەرزە گیانی لێپرسراوێتی و ئەو هەموو هێزی بەرگەگرتنە و دان بەخۆداگرتووییە نیشتمانییە نییە، بوێری و هێزمەندییەکەیەتی لەبەردەوام نوێگەری کار لە خۆیدا، ئەمەیە رەسەنایەتی و لێپرسراوێتی، هەر ئەمەشە نهێنییە بێڕکابەرییەکەی.
حزبێک لە نائومێدیدا لەدایکبووبێ و هەمان کات کۆمەڵانی خەڵکی لە نائومێدیدا دەرباز کردبێت، لەگەڵ خۆیدا ئومێدی نوێی چاندبێ و گەورە کردبێ، ئەمڕۆ و هیچ کاتێک کۆمەڵانی خەڵکەکەی ناخاتە ناو بەرداشی رۆژگار، نە بە قەدەری دەسپێرێ و نە لە نائومێدیشدا جێیدەهێڵێت، یەکێتی لەکۆنگرەی پێنجەمی خۆیدا کۆدەنگی لە بڕیاردا، وەک کلیلی کردنەوەی کۆدی کۆدەنگی نیشتمانی لە بڕیاردا سەیر دەکات.
ئەمە کۆدەنگی یەکێتییەکەی مامە لە بڕیاردا بۆتە سەرمەشقی وەڵامدەرەوەی هەلومەرجەکان، ئەمە کۆدەنگیی یەکێتییەکەی شەهیدانە لە بڕیاردا، ئازایەتی لێدەبارێ بەرامبەر بەکۆی ئاڵەنگەریەکان، چۆن کۆدەنگیی بڕیاردان کۆنگرەی لە ژیانی یەکێتییدا خستەوە سەر شاڕێگە و رۆژی خۆی، ئاواش کۆدەنگیی کۆنگرە و کۆنگرەی کۆدەنگییەکان لە بڕیاردا، بە پڕۆژە و پلان و نوێگەرییەوە سەرمەشق و بوێرانە و کۆدەنگ رووبەڕوی کێشە و ئاریشەی کوردستانیی، عیراقی و هەرێمایەتییەکە دەبێتەوە و هیچ شتێک نییە بێ وەڵام بیهێڵێتەوە.