ئاوازی گەلان و مووچە

09:54 - 2023-09-18
هاژە باست
323 خوێندراوەتەوە

سەرەتا گرنگترین شت فێستیڤاڵەکەیە بۆیە بەوە دەست پێدەکەم، لە رۆژانی رابردوو لە شاری رۆشنبیری فێستیڤاڵێکی گەورە بە دروشمی ئاوازی گەلان بەڕێوەچوو، وەک بەشداربوویەک نا (کە گەورەترین شانازی بوو بۆم)، وەک بینەرێک لەسەری دەدوێم.
بە شارچێتی لێم وەرمەگرن، بەڵام خەڵکی ئەم شارە جێی شانازین بەپێی ئەوەی زۆرینە بوون، لەماوەی چوار رۆژی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە، کە بەهونەرمەندانی کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش رازابۆوە، رۆژ لەدوای رۆژ بینەرەکان بەگوڕتر و بەجۆش تر بوون، وزەیەکی گەورەیان دابووە بەشدارانی چالاکییەکە، بەجۆرێک بتوتایە 10 رۆژە بێ ماندوبوون کاریان دەکرد، کۆتا رۆژی لە یەکەم رۆژ بینەر زیاتر بوو.
ئەوەی جوانترین بەشی فێستیڤاڵەکە بوو، من بۆ ساتێک دڵم پڕبوو بینەران زیاتر گوڕوتینیان دەدا بەهونەرمەندانی میوان و پشتیوانییان دەکردن و دەیانگەیاندنە ئەوپەڕی وزەی هونەری، دیارە کە بەخۆڕا سلێمانی نازناوی پایتەختی رۆشنبیری وەرنەگرتووە شایەنێتی و سەلماندوشیەتی.
لێرە و لەوێش ورتە ورت زۆر دەکرا (جا تۆ بڵێ کەی نەکراوە)، معاش جوانە و بابەتەکانی، بەڵام خۆ چارەسەری گیرفانمان پێ نەکرێت دەروونی خەڵکم پێ ئارام دەکرێتەوە، هەر ئەوەندەی ژن و پیاوێکی بە تەمەن بەوپەڕی وزەوە دەستی یەکیان گرتبوو هەڵدەپەڕین و منداڵێک سەمای دەکرد و دەیەها دیمەنی وا شایەتی ئەوەن ئارامی بە خەڵک دراوە و لەگێژاوی مووچە هێنراوەتە دەرەوە بۆیە ئەم چالاکییە پێویست بوو بکرێت و لەجێی خۆی بوو.

وتارەکانی نوسەر