نزیكه‌ی نیوسه‌ده‌یه عیراق 18 پارێزگایه و له رووی كارگێڕییه‌وه هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌خۆوه نه‌دیوه، به‌ڵام دوای پڕۆسه‌ی ئازادیی عیراق، 10 قه‌زا داوای به پارێزگابوونیان كردووه، هاوكات ده‌ستووری عیراق له‌باره‌ی گۆڕانكاریی كارگێڕییه‌وه ره‌زامه‌ندی داوه و به چه‌ند ماده‌یه‌ك مه‌رجه‌كانی روونكردۆته‌وه، یه‌كێك له گرنگترین مه‌رجه‌كانیشی رازیبوونی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌یه بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و گۆڕانگاریی پێویست.
یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ به‌پارێزگابوونی قه‌زایه‌ك، پێشكه‌شكردنی داوانامه‌یه‌كه له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ناوچه‌كه و ئیمزاكردنێتی له‌لایه‌ن لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ناوچه‌كه‌وه، دیاریكردنی سنووری نوێی پارێزگاكه و ئه‌و قه‌زایانه‌ی له ئاینده‌دا سه‌ر به‌و ده‌بن، هه‌روه‌ها بوونی ژماره‌ی پێویست له دانیشتوان به جۆرێك بگاته رێژه‌ی جێگیركراو.
په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری داوه
په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی2013 ه‌وه، ده‌نگی به به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه داوه و دوای چه‌ندین هه‌وڵ و دانوستان، ئێستا تۆپه‌كه له گۆڕه‌پانی په‌رله‌مانی عیراقدایه و بڕیاربوو به‌مه‌به‌ستی ده‌نگدان له‌سه‌ری، رۆژی14/9/2023 خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م و كۆتایی بۆ بكرێ، له‌كۆی گشت په‌رله‌مانتاره كورده‌كان ته‌نها 14 كه‌سیان له‌م پرسه گرنگه‌دا ئاماده بوون.
له‌م وتاره‌دا مه‌به‌ستمه له ئه‌گه‌ری به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه به ره‌سمی، سه‌رنجی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به تایبه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان راكێشم بۆ ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كی چڕوپر له‌باره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌وه بكه‌ن و له پێداویستییه‌كانی له رووی ئابووری و ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاریی و قه‌ره‌بووكردنه‌وه بكۆڵنه‌وه به‌م شێوه‌یه:
له رووی ئابوورییه‌وه: یه‌كێك له خاڵه به‌هێزه‌كانی بوونه پارێزگا، به‌رزیی رێژه‌ی داهاتی قه‌زاكه‌یه، به‌ڵام ئێستا هه‌ڵه‌بجه پێگه‌یه‌كی جوگرافی داخراوی هه‌یه و به چوونه ناوه‌وه‌ی هیچ په‌نجه‌ره‌یه‌كی ده‌رچوون لێی نییه، كه ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا هۆكاری قه‌تیسبوونی ئه‌و شاره‌یه له رووی ئابوورییه‌وه، بۆیه ده‌بێ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌وڵی جدی بدرێت بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه به‌ڕووی دەروازە سازان و بەڕ‌سمیكردنی هه‌ردوو دەروازەی سنووری پشته و شوشمێ كه هۆكار ده‌بن بۆ جموجوڵی بازرگانی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی داهات.
هه‌وڵدان بۆ سه‌رمایه‌گوزاریی كه‌رتی تایبه‌ت و هێنانی كۆمپانیای بیانی به مه‌به‌ستی وه‌به‌رهێنان و دروستكردنی بازاڕی ئازاد و به‌گه‌ڕخستنی ده‌ستی كار كه ئێستا پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی هۆكارێكی تر ده‌بێت بۆزیاد كردنی داهاتی ئه‌وشاره.
له رووی گه‌شتیارییه‌وه: یه‌كێك له گرنگترین داهاته‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه به‌هه‌ورامانیشه‌وه، داهاتی گه‌شتییارییه، كه بڕێك داهاتی بۆ شاره‌كه دابینكردووه، پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم به مه‌به‌ستی زیاتر بوژاندنه‌وه‌ی سه‌رخان و ژێرخانی ئه‌م شاره، بڕی پاره‌ی پێویست بۆ زیاتر ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه و ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی خه‌رج بكات و جاده و هۆتێل و رێستۆرانتی باڵای تێیدا بكاته‌وه.
له رووی ئاسایشه‌وه: ژماره‌یه‌كی زۆر له گه‌نجانی شاره‌زوور به گشتی و هه‌ورامان و ده‌وروبه‌ری بێكارن، له‌كاتێكدا سه‌نته‌ری گه‌نجانی منداڵپارێزی هه‌ڵه‌بجه به‌هۆی خول و سیمناری هۆشیاریی و رۆشنبیرییه‌وه، ژماره‌یه‌ك گه‌نجی له‌خۆی كۆكردبۆوه، به‌ڵام داخستنی هانده‌ر بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه گه‌نجان زیاتر له ده‌وری مزگه‌وته‌كان كۆببنه‌وه و له‌و رێیه‌وه گفتوگۆی گه‌رموگوڕ له‌باره‌ی دین و ره‌وته جیاوازه توندڕه‌وه‌كانی به‌رپاببێ و ده‌ره‌نجامه‌كه‌شی دابه‌شبوون بووه به‌سه‌ریاندا، هه‌ربۆیه دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار و كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ر و مه‌ڵبه‌ندی رۆشنیری و وه‌رزشی و جۆره‌كانی یاریگا و مه‌له‌وانگه له‌بری داخستنیان، هۆكار ده‌بێ بۆ ده‌سته‌به‌ری ئاشتی و پێكه‌وه ژیان، نه‌ك ئاژاوه و تێكدانی سه‌قامگیریی.
له رووی رۆشنبیرییه‌وه، هه‌ڵه‌بجه شاری شاران بووه و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری رۆشنبیران و رووناكبیران، ره‌چه‌ڵه‌كیان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری ئه‌و شاره باس له‌سه‌ختی جێبه‌جێكردنی كاره رۆشنبیرییه‌كان ده‌كه‌ن و پێیانوایه هه‌ڵه‌بجه له‌و رووه‌وه زۆر هاتۆته دواوه و له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ر چالاكییه‌كی رۆشنبیری، بۆ دژایه‌تیكردنیان، ره‌وته ئیسلامییه‌كان به چالاكییه‌كی پێچه‌وانه وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه كه پێشتر دانیشتووانی راسته‌قینه‌ی هه‌ڵه‌بجه له رووی فكرییه‌وه بۆ هه‌ردوو ئایدیای شیوعی و ئیسلامی دابه‌شببوون بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م دژایه‌تییه هه‌بێ كه ئێستا هه‌یه، ئه‌مه‌ش له بنه‌ڕه‌تدا زیاتر ده‌ستبه‌تاڵی گه‌نجان و به‌كارهێنانیانه.
هه‌ڵه‌بجه شارێكی زیانلێكه‌وتووه
له رووی سیاسییه‌وه: هه‌رێمی كوردستان روو له هه‌ڵبژاردنه، هه‌ڵه‌بجه‌ش روو له ناسنامه‌ی نوێ و به پارێزگابوونه، ئه‌گه‌ری هه‌یه لە ئایندە ببێته بازنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن، به‌وپێیه‌ی پێگه‌ی جوگرافی ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی سه‌وزه‌وه پێویسته یه‌كێتی ده‌نگده‌ره‌كان ئاشتبكاته‌وه و وردتر پلان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان دابنێت، له ئه‌گه‌ری زه‌فه‌رهێنانی حزب و لایه‌نی تر و خۆخزاندنه نێو كایه‌یه‌ك كه یه‌كێتی سه‌رده‌مانێكه له خه‌میدایه و ده‌ستپێشخه‌ر بووه بۆ به پارێزگاكردنی ئه‌م شاره.
له رووی خزمه‌تگوزارییه‌وه: به گوێره‌ی ماده‌ی112 له ده‌ستووری عیراق، هه‌ڵه‌بجه وه‌ك شارێكی زیانلێكه‌وتوو هه‌ژمار ده‌كرێ، له‌مباره‌یه‌وه به سوودوه‌رگرتن له‌م یاسایه ده‌بێ نوێنه‌رانی كورد له په‌رله‌مانی عیراق یه‌كده‌نگ بن به مه‌به‌ستی هه‌وڵدان بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌ك كه حكومه‌تی عیراق ناچار بكات به‌ته‌رخانكردنی بڕه پاره‌یه‌ك له داهاتی نه‌وت بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه و زیانلێكه‌وتووانی.
له رووی دیمۆگرافیاوه: له رابردوودا رژێمی به‌عس، یه‌كێك له‌وتاوانانه‌ی كه ده‌رهه‌ق به گه‌لی كورد كردی، گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان بووه و شاری كه‌ركوك سه‌رتۆپه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام راگواستنی گونده‌كان و دروستكردنی ئۆردوگای زۆره‌ملێ و كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه و ئەنفالکردنی گه‌رمیان، له ئێستاشدا بێكاری و داخراوی ئه‌م شاره هۆكاره كه زۆربه‌ی دانیشتوانه ره‌سه‌نه‌كه‌ی، شاره‌كه‌یان جێ‌دێڵن و روو له‌شاره‌كانی تر به‌تایبه‌تی سلێمانی ده‌كه‌ن. پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم كار بۆ راگرتنی ئه‌م دیارده‌یه بكات، هه‌ڵبه‌ت ئه‌ویش به هاوكاریكردنی دانیشتووانه‌كه‌ی له رێگه‌ی به‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌گوزاری و دامه‌زراندنی كارگه‌ی جۆراوجۆر بۆ به‌روبوومه كشتوكاڵییه‌كانی وه‌ك هه‌نار و ته‌ماته و ترێ و ...هتد كه ئه‌و شاره‌ی پێناسراوه، نه‌ك په‌كخستنی هه‌وڵه تاكه كه‌سییه‌كان، كه له‌مه‌وپێش روویانداوه.
له رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه: هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان و به‌رێوه‌به‌رانی ئه‌و شاره و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان درێغییان نه‌كردووه، له‌ناساندنی ئه‌وشاره، وه‌ك شاری شه‌هیدان و ئاشتی و جینۆساید كرا‌و، كردنی به‌ده‌سته خوشكی شاره‌كانی هێرۆشیما و ناكازاكی، هێنانی سه‌دان وەفدی بیانی بۆ بینینی مۆنۆمێنتی شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، پیشاندانی گۆڕی پێنج هه‌زار شه‌هید به رای گشتی و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام هه‌قی خۆیه‌تی دوای به پارێزگابوون، له‌مباره‌یه‌وه هه‌وڵه‌كان له‌سه‌ر ئاستی باڵا چڕتر بكرێنه‌وه و خه‌می زیاتر له‌م شاره برینداره بخورێ.
ئه‌گه‌ر به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه، گۆڕانكاری له بار و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌كات، كه‌واته نازناو چ سوودێكی هه‌یه و چی له واقیعی ئازاری ئه‌و شاره ده‌گۆڕێ، به‌تایبه‌تی كه له 2016ه‌وه بێ ئه‌وه‌ی به ره‌سمی بكرێته پارێزگا، عیراق خستییه نێو یاسای بودجه‌وه، به‌ڵام تا ئێستاش نه‌مان بیست كه جیا له‌شاره‌كانی دیكه، قه‌ره‌بوویه‌ك یان خزمه‌تگوزارییه‌كی پێبگات.
هه‌روه‌ها له رووی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی وه‌ك جیاكردنه‌وه‌ی سنووری كارگێڕی و داڕشتنی په‌یكه‌ری نوێی پارێزگاكه و گۆڕینی فه‌رمانگه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رێتی و گێڕانه‌وه‌ی چه‌ند قه‌زایه‌ك بۆ سه‌ر سنووری نوێ و كردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ی پاسپۆرت و گۆڕینی ژماره‌و تابلۆی هاتووچۆ به‌ناوی شاره‌كه و دروستكردنی ژووری بازرگانی و به‌ستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارێزگار به سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه، هه‌موو ئه‌مانه گرنگن، به‌ڵام ئەگه‌ر ئه‌وخاڵانه‌ی ئاماژه‌ی پێدرا كاری بۆ نه‌كرێت، به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه له به‌رزكردنه‌وه‌ی لایه‌نی مه‌عنه‌وی هاووڵاتییان زیاتر، هیچیتر نابێت.
شاری هەڵەبجە