دوێنێ و ئەمڕۆ

لە سەردەمی بەجیهانیبووندا: لاویی و هەزار عەیب!

11:53 - 2022-04-20
عەبدوڵڵا عەباس
674 خوێندراوەتەوە

لەنەوەدەكانی سەدەی پێشوەوە، رابەرەكانی بڵاوكردنەوەی فیكری (عەولەمە) بەو مانایەی هەموو سیلەیەكی رەحم لەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا هەتا رادەی بچڕاندنی ئەو سیلەی رەحمە لەبەینی برا و برادا زامن دەكات، بەپێی ئاڕاستەیەكی رێكخراو و كۆك موستەڵەحی (باونەمانی نیشتمانپەروەریی كلاسیكی) بڵاو دەكەنەوە: یەعنی چی خەڵك نیشتمانی خۆی خۆشبوێ و قوربانی بۆ بدات و كەچی بەری هەموو رەنج  و قوربانیەكانی زیاتر دەوڵەمەندی حوكمڕاكانیان و زیاتر برسیی كردنی رەعیەتەكانیان بێ؟ جا بۆ ئەوەی نیشتمانپەروەریش لەلایەن قاعیدەی خەڵكەوە ببێ بە قسەی بەتاڵ و هیچ نەخاتە گیرفانەوە، لەو زەمانەوە هاندانی هەر دیاردەیەك دەماری نیشتمانپەروەری بە مانا رەسەنەكەی خاو دەبێتەوە و ئەمە نەخشەیەكە رۆژانە بەرنامەی وردی بۆ دا دەنرێ و لەپشتی پەردەی یاساوە، لەولایشەوە، مافیاكان نە هەنگ قەڵەو دەكەن و چارەنووسی زووربە بەرەو نادیار دەبەن.
محەمەد حسنین هیكل، رۆژنامەنووسی هەرەناسراو، دەربارەی دەستكەوتەكانی عەولەمە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیونیدا حیكایەتێكی گێڕایەوە ئەمە پوختەكەیەتی: (كابرایەكی میسری لەپایەیەكی بەرپرسیاریدا و لەمەوقعێكی دەستڕۆشتوودا بوو، دەستەیەكی بێگانەی بازرگانیكردن بە چەك بەبیانوی كاری رەسمی گەیشتنە لای، یان گەیاندیانە لای، توانیان بچنە بنكڵێشەی تا رادەی ئەوەی توانیان بیخەنە گیرفانیانەوە! یەكەمجار بەناوی هەوڵدانیان بۆ بازرگانیكردن بە ئاژەڵەوە داوایان لێ كرد یاریدەیان بدات بۆكڕینی 150 هێستر، كە لەڕاستیدا بۆ بەكارهێنانیان بووە لە گواستنەوەی چەك لەناوچە سەختە شاخاوییەكان، دوایی دوو - سێ كاری دیکەیان پێكرد و لەیەك ئاشكرابوون و هەتا خۆیی بینی بە ئاسانترین رێگە  بووە بە خاوەنی 100 ملیون دۆلار! شەقێكی لەوەزیفەكەی و بەهای دەسپاكی و ئینتما بۆ نیشتمان و خەڵكەكەی هەڵدا و لەشارێ لە شارەكانی ئەوروپا جێگیربوو لەوێوە بەدوگمەی كۆمپیوتەر سۆراغی قازانج  و جوڵانی حساباتی لە بانقەكاندا دەكات).
دنیا سەرتاپا گۆڕاوە و شتە جوانەكان ناشیرینكراون، قسەیەكی باوی كۆمەڵایەتی خۆمانە هەیە دەڵێ (پیری و هەزار عەیب) ئەگەر بەچاوی هوشیارانە لەوەی لەم دنیا بەرینەدا روودەدا و ئێمە لەپریشكێكی زیاتری هەڵچوونەكانیمان بەر دەكەوێ، دەبێ  بۆخوێندنەوەی سبەینێی نەوەی لاوی كۆمەڵەكەمان لە سایەی رۆژگارێكی ئاوەهادا بڵێن ( لاویی و هەزار عەیب)، چونكە ئەو هەموو رەنگاوڕەنگییەی سەدەی زانستی بەجیهانیبوون بۆ مرۆڤی هەڵدەڕێژێ، لەپێشەوە بەشێوەی مەدروس لەزووربەیدا نەوەی ئەم سەردەمە بەرەو هەڵدێر دەبات و هەرەس بە كۆڵەكەكانی سیلەی رەحم (بەنیشتماپەروەرییەوە) دەهێنێ، لەزەرف و رۆژگارێكدا كە زووربەی لاوەكانی ئێمە لەبەرچاوی باوك و دایكیاندان و لەسەدا سفری پێداویستەكانی بەختەوەری ئینسانی بۆ دابێن ناكات، بۆیە دەبینین نەوەی (پیرەكان) مان ئیستا كە دەبوو لەقۆناغی پشووی دەروونی و ویژدانیدابن، فرمێسكی هەڵقوڵاوی سیلەی رەحم بۆ لاوان دەرێژن و لەوە دەترسن كە پێداویستەكانی هەستی خۆشی و بەئارامی ژیان لەرێگەی هەڵخلیسكانەوە نەبێ دەستیان نەكەوێت.

وتارەکانی نوسەر