کۆیلەکان دەكڕدران و کاریان پێدەکرا، لەبەرامبەر کارکردنیان، دەبوا شوێنی حەوانەوە، خواردن، جلوبەرگ، چارەسەری نەخۆشییان دابینبکرێت.
مافی سەرەتایی هەر مرۆڤێک، ئەو مووچەیەیە کە هەقی کارکردنەکەیەتی و بەرامبەر بە ماندوو بوونەکەیەتی.
بەشێک لە سەرانی سیاسیی هەرێم، چەندین ملیار دۆلاریان بە هەدەردا، سەدان ڤێلای گەورە کە هەریەک ملیۆنەها دۆلاری تێچووە و لە زنجیرە چیاکانی هاوینە هەوارەکان بنیاتنراوە، دەیان (دەزگای خێرخوازی) و میدیایی و هەواڵگریی، سەدان بارەگا و شوێنی چاودێریی، مەشقپێکردنی هەزاران کادر و ئەفسەر بۆ حیمایەی شەخسی، کردنەوەی فەوج بۆ کەسانێک کە رەگەزنامەی عیراقیشیان نییە، هەموو ئەمانە و زۆری دیکە، لە رابردوودا کراوە و پارەی بودجەی خەڵکی هەرێمی بۆ خەرجکراوە.
بەغدا بڕیاری دا بە ناردنی دوو ترلیۆن و سەد ملیۆن دینار وەک قەرز بۆ هەرێم بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ مانگەکانی 9، 10، 11.
لەگەڵیشیدا مەرجیشی داناوە، لەوانە دەبێت هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و عیراق لەماوەی 30 رۆژدا وردبینی و پێداچوونەوە بکەن لە لیستی ناوی مووچەخۆران بەبەراورد بەو لیستەی کە پێشتر دراوە بە وەزارەتی دارایی عیراق.
رەنگە ئیدی خاڵێکی تری کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا ئەمە بێت، چونکە بەغدا دڵنیایە لەوەی کە ئەو ژمارەیەی دراوە پێیان، راست نییە.
لە هەرێم هێشتا مووچەی مانگی 7 و8 نەدراوە، کەواتە ئەگەر لە حەوتەوە دەستپێبکات و دوو مووچە بدات، ئەوا دەبێت لە پێش مانگی 10، مانگی نۆش بدات، بەمەش لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە جارێکی تر قەیران دەستپێدەکاتەوە.
حزبێک ئابوورییەکەی لەژێر دەستی حزبێکی تردا بێت، نە سیفەتی حزبی تێدا دەبێت، نە دەتوانێت وەک خۆی هەنگاو بنێت و بجووڵێت، دەبێت هەڵوێست و گوتارەکانی کۆپیی ئەو حزبە بێت کە داراییەکەی بۆ دابیندەکات.
حکومەتیش وایە، حکومەت ئەو ناوەی نامێنێت کە بۆ مووچەی خەڵکەکەی روو لە حکومەتێکی تر بنێت و نەتوانێت لە هێڵی گشتی ئەو لابدات لە ترسی بڕینی بودجەکەی.
ئەگەر ئەمانە لەدوای پێداچوونەوە و وردبینییەوە لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عیراقەوە لەژێر بەڕەوە بخرێنە سەر بەڕە، ئەوا کۆمەڵێک گرفت دێنە پێش و دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، چونکە ئەوانەی لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دژی ناردنی ئەو بڕە پارانەن بۆ هەرێم، روو دەکەنەوە دادگای فیدراڵی و ئەوانیش کەم تا زۆر دەچنە ژێر باری داوا و سکاڵاکانیان.
باشترین چارەسەر، بەکارهێنانی شەفافیەتە لە خستنە رووی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، رادەستکردنی داهاتی نەوتە بە سۆمۆ وەک پێشتر لەسەری رێکەوتوون.
رێزگرتن لە دەستووری عیراق کە لە بەرژەوەندیی میللەتی کورد داڕێژراوە و زۆرێک لە نەیارانمان دەیانەوێت هەمواری بکەنەوە لەبەرژەوەندیی خۆیان.
پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێم، بۆئەوەی نەبێتە حکومەتی بێدەسەڵات و بسڕدرێتەوە، لە ئێستاوە هەنگاوی زیاتر نزیکبوونەوە لە رێکەوتنی یەکجارەکی بنێت.
پێویستە پردی متمانە لە نێوان هەرێم و بەغدا بەهێز بکرێت، تەنها ئەوە دەتوانێت ئێمە و ئەوان لە ئارامی و سەقامگیریدا بهێڵێتەوە.