پەنجەرەیەك لەسەر كۆنگرە

10:05 - 2023-09-26
ماردین عه‌بدولكه‌ریم
310 خوێندراوەتەوە

هیچ كاتێك هێندەی پێنجەمین كۆنگرە، چاوەكان لە سەر ئاستی ناوخۆیی یان دەرەكی لەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەبوون، بە چوارەمین كۆنگرەشەوە كە زیاتر لە پێنج ساڵ لە وادەی پەیڕەویی خۆی زیاتری بەسەردا رابردز ئەم تێڕامان و وردبوونەوە و چاوەڕوانییە لە پێنجەمین كۆنگرە، هەندێكی هیوایە بەوەی كە دەبێت یەكێتی بە تەواوی خۆی كۆبكاتەوە و خۆی رێكبخاتەوە و ئاستەنگە ناوخۆییەكانی تێپەڕێنێت، كە هۆكاری هەموو ئەو رووداوە نەخوازراوانە بوون كە پێشتر روویانداوە، هەروەها كۆدەنگی و یەكدەنگی بكاتە بنەمای كاری ئایندە. هاوكات بەشێك لەو تێڕامان و چاوەروانییە ترسی نەیارانێتی لەوەی یەكێتی خۆی رێكبخاتەوە و خۆی كۆبكاتەوە و ئاستەنگەكان تێپەڕێنێت و یەكدەنگ و كۆدەنگ بێت.
لە هەردوو بارەكەدا، پێویستە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێنجەمین كۆنگرەی خۆی بكاتە خاڵی وەرچەرخان و بەرەو هەڵكشان و خۆكۆكردنەوە و بەسەنتەركردنی دەسەڵات و بەرەو گرنگیدان بە بنكە جەماوەرییە فراوانەكەی هەنگاو بنێت.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا و بەتایبەتی لەدوای نەخۆشكەوتنی سەرۆك مام جەلالەوە، لەیەك كاتدا هەم یەكێتی و هەم هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا رووبەڕووی بۆشایی لە عەقڵی سیاسی و دیپلۆماسی بوونەوە، ئەگەر لە پەیوەندیی هەردوو حكومەتەوە دەستپێبكەین، دەتوانین بڵین حزبی فەرمانڕەوا لە هەرێمی كوردستان، بە سیاسەتە چەوتەكانی رۆژ لەدوای رۆژ سەرخان و ژێرخانی ئابووریی كوردستانی سفر كردەوە، بەجۆرێك ئێستا خاوەنی هەرێمێكی قەرزارین، بە نزیكبوونەوەی یادی ریفراندۆمیش، برینی میللەت زیاتر دەكوڵێتەوە، چونكە لەبری بەجێگەیاندنی مادەی (140)ی دەستوور و گێرانەوەی ناوچە جێناكۆكەكان بۆ سەر خاكی كوردستان كە مام هەوڵی بێوچانی بۆ دا، نەخشەی كوردستانی سەردەمی عوسمانلیی لە موڕافەعە گەورەكەدا بە بەڵگە هێناو یەكاڵای كردەوە، بەڵام حزبی فەرمانڕەوا چی كرد؟ زیاتر لە نیوەكەی تری خاكی كوردستانی رادەستی بەغدا كردەوە.
ئەم پێوەرە بۆ یەكێتیش راستبوو، دەتوانین بڵێین لەدوای مام جەلال-ەوە یەكێتی بەرەو پەرتبوون و داكشان رێچكەی گرتبوو تا هاتنی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی كە ماوەیەكە بە هەوڵە چڕوپڕەكانی كاری مەحاڵ دەكات بۆ هێنانەوەی یەكێتی بۆسەر رێچكە راستەقینەكەی مام، هەربۆیە ئەمە یەكەمین كۆنگرە دەبێت كە لە دوای مامەوە بنكەی جەماوەریی یەكێتی و بنەماڵەی شەهیدان و سەرجەم دڵسۆزانی یەكێتی  هیوای لەسەر هەڵدەچنن، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆك بافڵ بە چاوپۆشی لە بەپیرەوەچوونی دوو هەڵبژاردن، بڕیاری لێبڕاوانەی لە بەستنی پێنجەمین كۆنگرە دا و مەبەستێتی بیكاتە خاڵی وەرچەرخان و بەرەو هەڵكشان. 
لەلایەكی تریشەوە یەكێتییەكانی دەرەوەی كۆنگرەش لە سەرجەم كوردستان و دەرەوەشدا چاوی هیوایان لە هەوڵی یەكێتییەكانی نێو گۆنگرەیە، بەو پێیەی كە ئەوان بە نوێنەرایەتی یەكێتییەكانی دەرەوەی كۆنگرە چوونەتە ناو گۆنگرەوە و پێویستە خۆنەویستانە كار بۆ سەرخستنی یەكێتی بكەن و مەبەستیان بێت پێنجەمین كۆنگرە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی لەیەك كاتدا عەقڵێكی سیاسی و دیپلۆماتی و دانا و پێشەنگ و راوێژكاربن، تا بتوانن پێكەوە هەروەك ئەوەی مام دەیوت: (دوو عەقڵ باشترە لە عەقڵێك)، كار بكەن. هەروەها دەبێت پێنجەمین كۆنگرە، ئەوە لەبیر نەكات كە یەكێتی ئەندامی رێكخراوی جیهانی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵە و دەبێت هاووڵاتی لە سایەیدا لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا بژی و نابێت یەكێتییەكان ئەو  بیروباوەڕە لەبیر بكەن كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لەسەر دامەزراوە و پێویستە بەتەواوی لەپەیڕەودا بیرو ئایدیای سۆشیالیزم بچەسپێنن كە لە سایەیدا دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و ریفۆرم و ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی میدیا و مافی مرۆڤ و پێكەوەژیان و بەشداریی ژنان و لاوان دەستەبەر دەبێت كە لە رابردوودا چین و توێژەكان لە ئامادەیی مام و لە سایەی ئەم پڕەنسیپانەدا ئازاد و خۆشگوزەران بوون.
لە كۆتاییدا ئەوانەی هیوایان بە یەكێتییەكەیانە، چاویان لە نوێگەریی كار و كۆدەنگی و بەسەنتەركردنی بڕیارەكانە و هیوایان بەوەیە یەكێتیەكەیان لە داكشانەوە بەرەو هەڵكشان هەنگاو بنێت، ئەوانەشی چاوی ترسیان لە سەركەوتنی یەكێتییە، دەزانن كە یەكێتی بەكۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە، مایەی هێز و بڕوابەخۆبوون بووە و باڵانسی هێزی لە كوردستان و عیراقدا راگرتووە، چ جای لە بەهێزبوون و خۆكۆكردنەوەیدا! 
نەیاران باش دەزانن خۆڕێكخستنەوە و خۆكۆكردنەوەی یەكێتی، گاریگەیی لەسەر سەرجەم هاوكێشەكانی هەرێم و عیراق و ناوچەكە دەبێت، بۆیە بە ترسەوە لێی دەڕوانن، كەواتە بەرە و گۆنگرەی وەچەرخان.

وتارەکانی نوسەر