کەمن ئەو کۆمیدیانانەی لە رۆژهەڵات و بەتایبەت دنیای عەرەبیدا جێ دەستیان دیاربێت و ئەوەی پێی دەوترێت کۆمیدیای ئاست بەرز پێشکەش بکەن، بەتایبەت لە نەوەی دووەمی کۆمیدیانەکان، یەکێک لەو ئەکتەرانەی فیلمەکانی بریتین لە کۆمیدیایەکی مانادار و لە ریزی کۆمیدیانە پلە بەرزەکاندایە، ئەکتەری میسری ئەحمەد حیلمی-یە، ژمارەیەکی زۆر لە فیلمی هەیە هەندێکیان کۆمیدیای تاریکن و هەموویان کۆمیدیایەکن هەمیشە مانا و پەیامێک لەپشت چیرۆکەکەیانەوە هەیە، واتا ئەم ئەکتەرە بێ هیچ هۆیەک ناتهێنێتە پێکەنین و ناکرێت فیلمێک پێشکەش بکات مەبەست لێی تەنیا کۆمیدیا و پێکەنینێکی بێ مانا بێت، وەک زۆرێک لە کۆمیدیانە گەنجەکان کە نازانن هێڵە باریکەکەی نێوان کۆمیدیای ئاست بەرز و تەهریج جیابکەنەوە.
ئەحمەد حیلمی راستە سەرەتای دەرکەوتنی لە تەلەفزیۆنەوە بووە کاتێک وەک پێشکەشکاری بەرنامەیەکی منداڵان دەرکەوت و ئەو کاتە بەرنامەکەی هەوادارێکی زۆری هەبوو گەورە و بچووک تەماشایان دەکرد، کاتێک منداڵی وەک میوان دەهێنا و رای دەربارەی مەسەلەی جدی لێوەردەگرتن و ئەوانیش بەپێی تێڕوانینی منداڵانەی خۆیان وەڵامیان دەدایەوە، هەروەها وەک لیژنەی بەرنامەی عەرەب گۆت تالنت کاری کردووە.
ئەحمەد حیلمی فیلمی کۆمیدی سەرکەوتووی زۆرە یەکێک لە فیلمەکانی لەم ماوەیەدا تەماشام کرد فیلمی «واحید تانی- کەسی دووەم» ی ساڵی 2022 بوو، لەم فیلمەدا لەودیو ئەو کۆمیدیایەی پێشکەشی دەکات باس لە گرنگی هەوڵدان و لەبیرنەکردنی خەون و ئارەزووەکان دەکات وەک مرۆڤ کاتێک دەستبەرداری خەونەکانت دەبیت لەبەر هەر هۆیەک بێت وەک کەسێکی دیکەت لێدێت و چیتر خۆت ناناسیتەوە و ئەوە دەبێتە هۆی تەنیایی و لەدەستدانی باوەڕبەخۆبوون بە خودی خۆت.
فیلمێکی دیکەی ئەحمەد حیلمی هەیە من بۆخۆم زۆر کاریلێکردووم بەناوی «آسف علی ازعاج –ببوورە بۆ بێزارکردنت» ساڵی 2008 ، لە پشت کۆمیدیاوە باس لە نەخۆشییە دەروونی و عەسەبییەکان دەکات کاتێک گەنجێک کۆمەڵێک رووداوی ژیانی تەنیا لە مێشکی خۆیدا دروستکردووە و بەشێوەی کۆمیدیای تاریک رووداوەکان چارەسەر دەکات.
ئەحمەد حیلمی کارەکتەرێکی تایبەتی هەیە هەرچەندە قۆز و سەرنجڕاکێش نییە، بەڵام کەسێتییەکی هەیە زوو دەچێتە دڵەوە و دەتوانێت زۆر بەئاسانی بینەر بێنێتە پێکەنین، هاوکات لەو ئەکتەرانەیە خۆی کۆمیدیا، هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی هونەرەکەی بگەیەنێت و مانا و کاریگەری لە ژیانی ئەوانەی تەماشای فیلمەکانی دەکەن دروست بکات، دەنا لە هەندێ گرتەدا دەتوانێت لەوپەڕی پێکەنیندا دڵت پڕ بکات و هەستت بجووڵێنێت بۆ نموونە لە فیلمی «ببوورە بۆ بێزارکردنت» کاتێک بۆی دەردەکەوێت هەموو شتێک لە خەیاڵی خۆیدا بووە نواندنەکەی بەجۆرێکە تەنیا ئەکتەرە پلە بەرزەکان دەتوانن بەو شێوەیە نواندن بکەن.