ئەوەی ئێستا لە بواری میدیا و رۆژنامەگەرییدا دەگوزەرێت، رۆژنامەنووسییە و ئاخۆ رۆژنامەنووس دەبێت وا بێت؟ یان ئەوەی لە خوێندنی ئەکادیمی یان ئەزموونی چەند ساڵەی کاری رۆژنامەنووسییدا دەیخوێنیت و فێری دەبیت هەر لە یاسا و ئیتیکی رۆژنامەنووسییەوە تا دەگاتە ئەو پێوەر و سنوورانەی دەبێت رۆژنامەنووس پێیەوە پابەند بێت یان هیچ نەبێت نەیانبەزێنێت رۆژنامەنووسییە؟
سەردەم گۆڕراوە
رەنگە بووترێت سەردەم گۆڕراوە و ئەوەی ئێستا لە رۆژنامەنووسیی گرنگترە، دیجیتاڵ میدیایە، گرنگ ئەوەیە بابەتەکانت پێش هەر جێگەیەکی دیکە بڵاوببێتەوە و زۆرترین لایک و کۆمێنت و فۆڵۆوەر بۆ خۆت کۆبکەیتەوە. راستە ئێستا دنیا، دنیای سۆشیاڵ میدیا و دیجیتاڵ میدیایە و هەر کەسێک مۆبایلێکی بەدەستەوە بێت دەتوانێت ئەو کارە بکات، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە بە چ شێوازێک و چ پێوەرێک ئەو کەسە بە رۆژنامەنووس لە قەڵەم دەدرێت و دەخرێتە پاڵ ئەوانەی بە راستی رۆژنامەنووسن و ئەزموونیان هەیە و چەندین ساڵە کاردەکەن و پابەندی هەموو پێوەرەکانی کاری رۆژنامەنووسیین؟
بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین بینەر
ئایا دەکرێت کەسێک کە بەزۆر خۆی بەو کارە پیرۆزەدا هەڵواسیووە بە رۆژنامەنووس دابنرێت؟ دەبینین بێ گوێدانە هیچ یاسا و رێسایەکی کۆمەڵایەتی و رۆژنامەوانی، تەنیا بۆ ناوبانگ و کۆکردنەوەی زۆرترین فۆڵۆوەر و لایک و کۆمێنت هەموو سنوورێک دەبەزێنێت و دەچێتە نێو ژیانی تایبەتی کەسەکانەوە یان چێژی گشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێکدەدات، تەنیا بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین بینەر و خوێنەر و ڤیو، بۆ نموونە بابەتی سێکسی یان توندوتیژیی بێ فلتەر بڵاودەکاتەوە، کەچی لە بەرامبەردا وەک نموونەی رۆژنامەنووس یان میدیاکارێکی سەرکەوتوو ناودەبرێت و خەڵات دەکرێت و بەناوبانگ دەبێت! بە داخەوە ئەو جۆرە نموونەیە لەم سەردەمەدا زۆرە و لەبەر چاودان و جێی رۆژنامەنووسە بەئەزموون و راستەقینەکانیان گرتووەتەوە، تەنیا لەبەرئەوەی زۆرترین ڤیویان هەیە.
گومان لە خۆیان بکەن
گەیشتووینەتە سەردەمێک ئەوانەی بە ئەکادیمی راگەیاندنیان خوێندووە و چەندین ساڵ بە پراکتیکی ئەزموونی کاری رۆژنامەنووسیان کردووە، گومان لە خۆیان بکەن و بڵێن ئاخۆ ئێمە شەمەندۆفێری دنیای گریمانەکراو بەجێیهێشتووین؟ هەڵبەتە ئێمە هەڵەین و ئەوان راستن! ئێستا گرنگ نییە ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێکدەدەیت و بەهاکانی خێزان کاڵ دەکەیتەوە و دەستدەخەیتە ژیانی تایبەتی کەسەکانەوە و بگرە ئابڕووت دەچێت و زۆرترین جنێوت بۆ دێت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە لە لایک و کۆمێنت و ڤیودا زۆرترین بیت، جا بە باش بێت یان خراپ گرنگ ئەوەیە زۆرترین بۆ تۆ بێت.
ئەوەندەی ئاگادار بم یاسا و رێساکانی رۆژنامەنووسی و کاری میدیایی وەک خۆیانن و ئەوەی پێشتر تاوان بووە و لادان بووە لە ئیتیکی رۆژنامەوانی، هێشتا هەر تاوانە، کەواتە ئەی ئەوەی لە دنیای دیجیتاڵ میدیادا دەگوزەرێت چییە و پێویستە کێ کۆنتڕۆڵی بکات؟ کاتی ئەوە هاتووە یاسای کاری رۆژنامەنووسی لەگەڵ سەردەمی دیجیتاڵ میدیادا بگونجێنرێت و یاسای نوێی بۆ دابنرێت، یان یاسا کۆنەکە هەمواربکرێتەوە و لەگەڵ سەردەمدا بگونجێنرێت، وەک وڵاتان داواکاری گشتی سەرپشک بێت لە تاوانبارکردن و ناردنی ئەو کەسانەی بەناوی کاری رۆژنامەنووسییەوە لە میدیاکاندا بەگشتی لەپێناو ناوبانگ و زیادکردنی ڤیوی کەناڵەکانیاندا هەموو سنوورەکان دەبەزێنن و ئاسایشی کۆمەڵگە دەخەنە مەترسییەوە، هەروەها خەڵکی هۆشیار بکرێنەوە لەوەی هەر کامێرا و مایکێک هاتە بەردەمیان ناچار نین وەڵام بدەنەوە، بەتایبەتی ئەو پرسیارانەی پەیوەندییان بە ژیانی تایبەتییەوە هەیە، چونکە بەداخەوە زۆرجار ئەو بەناو میدیاکارانە کەسانی سادە و ساکار ئیستیغلال دەکەن و هەندێ پرسیاری تایبەتیان لێدەکەن، تەنیا بۆ زیادکردنی بینەرەکانیان، بێ گوێدانە ئەوەی ئەو کەسە لە ئەنجامدا کەسێتی دەشکێت و بگرە لە کاتی دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە لە سۆشیاڵ میدیادا، بەشێوەیەکی بێ رەحمانە ئابڕووی دەچێت.
دواجار بە رای من رۆژنامەنووسی راستەقینە ئەو کەسەیە سنووری تایبەتی کەسەکان دەپارێزێت، وەک چۆن قبووڵی نییە لەسەر خۆی یان خێزانەکەی بابەتێکی تایبەتی بڵاوبکرێتەوە، ئامادەش نییە لەسەر کەسێکی دیکە بابەتێکی لەو جۆرە بڵاوبکاتەوە، هاوکات دەرخستنی راستییەکان دەبێت بە مانای سوود گەیاندن بێت بە سوودی گشتی و پێشخستنی کۆمەڵگە، نەک تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگە یان شێواندنی وێنە و ژیانی تایبەتی کەسێک تەنیا لەبەر پێکەنین و کات بەسەربردن.
کاتی ئەوە هاتووە یاسای کاری رۆژنامەنووسیی لەگەڵ سەردەمی دیجیتاڵ میدیادا بگونجێنرێت