دۆکیومێنتکردنی خوێندنگەکان

10:04 - 2023-10-09
سمکۆ چنارەیی
283 خوێندراوەتەوە

 زۆربەمان رەخنە لەوە دەگرین ئێمەی کورد، وەک پێویست نەمانتوانیوە مێژووی خۆمان بنووسینەوە و ئەوەی ئێستاش باسی لێوە دەکرێت لە ئەرشیف و بەڵگەکانی داگیرکەران و ئەو گەڕیدە و سیخوڕانەوە دەست کەوتون کە هاتوونەتە کوردستان و ئیدی بە ویست و لۆژیکی خۆیان نووسیویانەتەوە.
هەموومان دەزانین یادەوەری و گێڕانەوە کەسییەکان نابنە جێگرەوەی زانستی مێژوو بەتایبەتیش ئەوانەی بێ بەڵگەنامەن، بواری پەروەردەش بەهایەکی بەرزی هەیە بۆ مێژووی کەسەکان لە زۆربەی ئاست و لایەنەکانی تری ژیاندا، لەبەرئەوە پێویستە سەرجەم خوێندنگەکان تەواوی تۆماری ناوی خوێندکار و مامۆستا و کارمەندەکانیان و هەروەها تۆمارە گرنگەکانی نمرە و بەهرەمەندانی بوارە جیاجیاکان کە ئێستا لەناو ناوەندەکانی خوێندندا بوونیان هەیە، لەگەڵ وێنەگرتنی ناوی ئەو ئامێر و هۆی روونکردنەوانە کە رۆژانە بە مەبەستی زیاتر تێگەیشتنی خوێندکاران لە بابەتە زانستی و کۆمەڵایەتی و زمانەکاندا بەکاردەهێنرێن لە بەشێکی تایبەت و گرنگدا و لە چەند شوێنێکیش دۆکیومێنت بکرێن، تا لە فەوتان بپارێزرێن.
لەبەرئەوەی رۆژێک دەبێت هەموو ئەو زانیاری و داتایانە دەبنە بەشێکی گرنگ لەناو مێژووی کەسەکان و زۆر بواری تری ژیاندا، کەواتە با بەڵگەنامە و کەرەستەکانی ئێستا بە کەم سەیر نەکرێن و ئەو هەڵانەی لە رابردوودا بە تۆمارنەکردن و نەپاراستنی ناو و جۆری کەلوپەلەکان گرتبوومانە بەر، ئێستا و لەم سەردەمی پێشکەوتنەدا هیچ کەمتەرخەمییەک هەڵناگرێت و پێویستە تەواوی خوێندنگەکان کاری بۆبکەن .

وتارەکانی نوسەر