یاساکانی پۆلی خوێندن

09:42 - 2025-02-25
سمکۆ چنارەیی
63 خوێندراوەتەوە

 

پێویستە خوێندکار چۆن مافەکانی خۆی دەزانێت و داوای دەکات، ئەوهاش ئەرک و رێنماییەکان بزانێت و پەیڕەویان بکات

لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا، خوێندکار کۆمەڵێک مافی تایبەت بەخۆی هەیە و لە بەرامبەر ئەوەشدا، کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیارێتیی لەسەر شانە، پێویستە چۆن مافەکانی خۆی دەزانێت و داوای دەکات، ئەوهاش ئەرک و رێنماییەکان بزانێت و پەیڕەویان بکات.
نموونەش یاسا و ئەرکەکانی ناو پۆلی خوێندنن، پێویستە لە هەموو ژوورێکی خوێندندا هەڵبواسرێت و لە بەرچاوی خوێندکاران بێت، لەوانەش: رێزگرتن لە مامۆستا و سەرجەم خوێندکارانی پۆل، بە تایبەتیش کاتی شرۆڤەی وانەکان لەلایەن مامۆستاوە، پێویست دەکات هێمن بێت و بابەتەکە بە مامۆستا یاخود ئەو خوێندکارەی کە خەریکی شرۆڤە و باسکردنی وانەکەیە نەبڕێت، ئەگەر هەڵە و ناتەواوی بینی دەکرێت لە دوای تەواوبوونی لێدوانی هاوڕێکەی ئەویش تێبینی و زانیاری خۆی بخاتەڕوو، لەبەرئەوەی ئەگەر وتەی مامۆستا و هاوڕێکانی بڕی، ئەوا لێکتێنەگەیشتن و دەنگە دەنگ دروست دەبێت و پۆلەکەش تێکدەچێت.
خاوێن راگرتنی کورسی، بۆرد و تەواوی شوێنەکانی دیکەی ناو پۆل گرنگن و ئەوانیش بە بەشێک لە یاساکانی پۆل دادەنرێن، پابەندبوون بە کاتی وانەکە و پشووەکان و جێبەجێکردنی پێویستییەکانی هەر وانەیەک لە کتێبی بابەتەکە و دەفتەر و هەرجۆرە کەرەستەیەک کە پێویستیی ئەو وانەیەیە، جۆرێکە لە یاسای پۆل و پێویستە خوێندکاران گرنگیی تەواوی پێ بدەن.
ئاگابوون لە ناوەڕۆک و پەیامی مامۆستاکان لە کاتی پێسپاردنی ئەرک و شیکارکردنی راهێناندا خاڵێکی دیکەیە لە یاسای پۆل، لەبەرئەوەی ئەو ئەرک پێسپاردنە ئاستی تێگەیشتنی خوێندکار دیاری دەکات و وەک پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندن سوودی لێ وەردەگیرێت، دیارە لە هەندێک وانە و بابەتدا خواردن و یاریکردن بە سەعات و هەر ئامێر و کەرەستەیەکی دیکە، بە پێشێلکردنی یاسا و رێساکانی ناو پۆل دادەنرێت، پێویستە خوێندکاران بە وشیارییەوە هەڵسوکەوت بکەن، تاوەکو لە کاتی هەڵکشانی تەمەن و گەورەبوونیاندا، فێری ئەتەکێت و یاسای تەواوی ژیانیان ببن.

وتارەکانی نوسەر