مافەكانی ژنانی كورد و جیهان

10:14 - 2023-10-29
دڵسۆز رەسوڵ
460 خوێندراوەتەوە

ئەو قۆناغەی ژنانی جیهان لە کۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا پێی گەیشتوون، لە بواری سیاسی و بەدەستهێنانی پێگە لە ناوەندەكانی بڕیاردا، بەرهەمی خەباتی بێ پسانەوەیانە.
لە سەردەمانێكدا ژنان بەگشتی لەهەموو کۆمەڵگەكاندا وەك مرۆڤی پلە نزم تەماشا دەكران، لە مێژوودا سەردەمی بەكۆیلەكردن بۆ ژنان زیاتر درێژەی كێشاوە و وەك کەلوپەل مامەڵەیان پێوەكراوە.
بزووتنەوەكانی ژنان لە جیهاندا نزیكەی200 ساڵ تەمەنیەتی، كە سەرەتا بە داواكاری سادە دەستی پێكردووە  وەك مافی دابینكردنی كار و مووچەی هاوتا، ئیتر بەپێی قۆناغ داخوازییەكانی ژنان گەشەی كردووە هەتا بە داوای مافە سیاسییەكان گەیشتووە و دواجاریش سەردەمی خواستی یەكسانی لە ماف و ئەركدا هاتۆتەكایەوە.
لەو مێژووەدا، چەندین رێكەوتننامە و بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی بوونەتە هاوكار و پشتیوان بۆ بەدەستهێنان و چەسپینی مافەكانی ژنان و رەنگدانەوەی لە یاسای وڵاتە جیاوازەكان و ریشەكێشكردنی جیاكارییەكان و ئەو كۆت و بەندانەی دەبنە كۆسپ لەبەردەم هاتنە ئارای کۆمەڵگەیەكی یەكسان و هاوسەنگ كە تیایدا لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ رێز لە تاكەكانی بگیرێت.
لەو بەڵگەنامانە دەكرێ ئاماژە بە جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤی ساڵی 1948 و هەردوو رێكەوتن نامەی مافە مەدەنی و سیاسیەكان و مافە ئابووری وكۆمەڵایەتییەكانی ساڵی 1966 ی نەتەوە یەكگرتووەكان بكەین، كە ئەم دوانە بوونە بناغەیەكی بەهێز بۆ هاتنە ئارای پەیماننامەی تایبەتی بە مافەكانی ژنان و بەگژداچوونەوەی جیاكاری و چەوساندنەوە كە هەرە گرنگترینیان رێكەوتننامەی سیداوی ساڵی 1979ی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتویژی و جیاكاری دژی ژنانە و عیراقیش یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەندامی ئەم پەیماننامەیە.
ئەم بەڵگەنامە نێودەوڵەتییانە هانی وڵاتانیان داوە بۆ داڕشتنی دەستوور و یاساكانیان لەسەر بنەمای رێزگرتن و دابینكردنی مافەكانی ژنان، بۆیە لەو وڵاتانەی رێز لە یاسا و دەستوور دەگیرێت و بەشێوازی دیموكراسی دادەڕیژرێن، دۆخی ژنان بەرەو باشبوون رۆیشتووە و دەرفەتێكی باشیان بۆ رەخساوە بۆ ئەوەی بتوانن پەرە بە مافەكانیان بدەن.
لەهەندێ وڵاتیش سەرەڕای پابەندیی یاساییان بە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانەوە كەچی نەیانتوانیوە ئەو بوارە بڕەخسێنن، بەڵكو زۆرجار ئەو بابەتە وەك شتێکی لاوەكی تەماشاكراوە، لەوانە عیراق و بەشێكی زۆری وڵاتانی جیهانی سێیەم كە ژنان كەمتر دەرفەتی خۆسەلماندنیان هەبووە.
لە هەرێمی كوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، روانگەیەك بۆ پاڵپشتیی ژنان هەبووە، بەڵام دوای ساڵی 2003 و نووسینەوەی دەستووری عیراق، پشتیوانییە یاساییەكان بۆ مافەكانی ژنان باشتر فەراهەم بوو، كەچی لە رووە كۆمەڵایەتییەكەوە دۆخەكە پێویستی بەوە هەبووە كاری لەسەر بكرێت و زەمینەی دەرچواندنی یاسای مەدەنی و پارێزەری لە مافەكانی ژنان برەخسێنرێت، بۆیە ئێستا پێویستە كار لەسەر زەمینە كەلتورییەكە بكرێت و هەوڵی چاكسازی لە دیدگای کۆمەڵگەدا بدرێت سەبارەت بە تێروانینیان بۆ مافی ژنان.
لێرەوە رۆڵی حزبەكان و رێكخراوەكانی کۆمەڵگەی مەدەنی زۆر كاریگەرە لە بەگژداچوونەوەی ئەو بیروباوەڕانەی كە دژی مافەكانی ژنان و پێدانی پێگە و ڕۆڵن پێیان.
پێویستە پلانی درێژخایەنیان هەبێت و بەشێوەی پراكتیكی كار لەسەر توێژەكانی کۆمەڵگە بكەن، بۆئەوەی ژنان سوود لە تواناکانیان ببینرێت و فەرامۆش نەكرێن.


زیاتر لە نیوەی ژنانی جیهان، لە مافە سەرەتاییەکانی ژیان بێبەشن

وتارەکانی نوسەر