مافە سیاسییەکانی‌ ژنان و پاساوەکانی‌ پێشێلکردنیان

10:01 - 2024-01-23
دڵسۆز رەسوڵ
441 خوێندراوەتەوە

دڵسۆز رەسوڵ

یەکێک لە بێبەشکردنی ژنان لە مافەکانی، مافە سیاسییەکانیەتی، ئەم حاڵەتە مەبەست لێی پەراوێزخستن و گرنگی پێنەدان و رۆڵ پێنەدان و تەنانەت بێبەشکردنێتی لە کایەی‌ سیاسی‌ و دواجاریش کردنە دەرەوەی‌ لە مەیدانەکانی‌ کارکردن و چالاکی سیاسیدا.
 ئیتر لەسەر ئاستی‌ حکومی بێت یان لەناو حزب و دامەزراوە سیاسییەکانیش لەسەر ئاستی‌ سیاسەتی‌ گشتی‌ کە بێگومان ئەم پڕۆسەیە جۆرەها پاساو و بیانووی بۆ دەهێنرێتەوە و بکەرانیشی جۆرەها میکانیزم دەگرنە بەر بۆی‌ و بێگومان ژمارەیەکی زۆریش هۆکار لە پشتییەوە هەن، بەڵام لەکۆتاییدا یەك دەرەنجامی دەبێت کە بێبەشکردنی‌ ژنانە لە مومارەسەکردنی‌ سیاسەت و بەهرەمەندبوون لە مافە سیاسییەکانی‌.
لە پێش هەموو شتێکەوە پێویستە بەدوای‌ هۆکارەکانی‌ ئەم بابەتەدا بگەڕێین کە بێگومان لە کۆمەڵگەیەك بۆ یەکێکی‌ تر و بەپێی‌ کات و سەردەمیش هۆکارەکانی‌ توندوتیژی‌ سیاسیی‌ و بێبەشکردن لە مافی سیاسی ژنان دەگۆڕێت، وەك دواکەوتوویی سیستمی سیاسی و بونیادی‌ پارتە سیاسییەکان و رەوشی مافەکانی‌ مرۆڤ و روانگەی‌ پیاوسالاری بۆ سیاسەت و کایەی‌ سیاسی، رادەی‌ چالاکی و لێهاتوویی خودی ژنان و ئامادەییان بۆ بەشداریی‌ کارا لە سیاسەت و کاری‌ سیاسیدا کە بێگومان بەشێکی‌ زۆر لەو هۆکارانە لە کۆمەڵگەی‌ خۆشماندا هەیە و بەشێکیشیان بەزەقی هۆکاری‌ پەراوێزبوونی‌ ژنانن لە کایەی سیاسیدا.
هەرچی‌ پەیوەندیی بە بونیادی سیستمی سیاسییەوە هەیە لە هەرێمی‌ کوردستان، ئەگەرچی سیستمەکە دیموکراسی و فرە حزبیە و بیروڕای‌ ئازادانەی‌ سیاسی رێگەی‌ پێدراوە و بەیاسا رێکخراوە، بەڵام هێشتا روانگەی‌ پیاو سالاریی‌ بۆ ژن و مافەکانی‌ ژنان و توانا و لێهاتووییەکانیان هەیە و زۆرجاریش رێگرە لەسەرکەوتنەکانی‌ ژنان و گەشانەوە و پەرەسەندنی تواناکانیان.
سەرەڕای‌ رۆڵی ژنان لە گشت حزبەکانی‌ کوردستاندا لە سەرکردایەتی‌ و مەکتەبی‌ سیاسی و دەزگا باڵاکاندا، بەڵام بە گشتی‌ هەست بەوە ناکرێت ئەمە دەرەنجامی پۆزەتیڤی‌ لەسەر بزاوتی‌ ژنان لە کۆمەڵگەدا هەبێت و سەنگ و پێگەی‌ ژنانی‌ بە راستی‌ پیشاندابێت، هەندێك لەو حزبانە تەنها وەك رووکەش و بۆ جوان پیشاندانی‌ سیمای حزبەکانیان، ژنانیان لەو پێگانەدا داناوە ئەگەرنا لەڕوی‌ ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕەوە بڕوایان بەمافەکانی‌ ژنان نییە و تەنانەت بەشێکیان دژیشی دەوەستنەوە و ژن لایان پلە دووە. 
بەشێکی‌ تری‌ ناکارایی بزاوتی‌ ژنان لەسەر ئاستی‌ جەماوەری‌، دەگەڕێتەوە بۆ دواکەوتوویی کەلتور و تێگەیشتنی‌ کۆمەڵگە و روانینی بۆ ژنان وەك کائینێکی‌ کەم توانا و بیرسنوردار، کە بەشێك لەوانە بەناوی‌ دینەوە ئەو روانگەیە پەرەپێدەدەن و بەداخەوە هەندێك لە حزبەکان و تەنانەت سیستمە سیاسییەکەش کەوتۆتە ژێر کاریگەرییانەوە و وایکردووە نەتوانرێت بە ئازایانە و ئاشکرا رووبەڕووی‌ ئەو تەوژمە دواکەوتووە ببێتەوە و رایبگرێت.
بۆیە ئەرکی‌ حزبە مۆدێرن و پێشکەوتووخواز و دیموکراسییەکان لەم روەوە قورسترە، پێویستە بەرەنگاری‌ ئەو ئاڵەنگارییانە ببنەوە کە لە کۆمەڵگەدا دێنە رێی‌ ژنان، بەتایبەتی‌ لە شادبوونیان بە مافە سیاسییەکانیان و گەیشتنیان بە پێگە و رۆڵی خۆیان لە سیستمی سیاسیدا و وابکەن ژنان ببن بە رابەری‌ گۆڕانکارییەکان و بەگژ ئەو تەوژمانەدا بچنەوە کە هانی‌ گۆشەگیرکردنی‌ ژنان و دوورخستنەوەیان لەکاری‌ سیاسی و بەشداریی‌ سیاسی کارا دەدەن.

پێویستە ژنان لە بواری بەڕیوەبردنی سیاسیدا رۆڵیان هەبێت

وتارەکانی نوسەر