پەروەردە دوور لە توندوتیژیی

09:31 - 2024-02-27
دڵسۆز رەسوڵ
260 خوێندراوەتەوە

توندوتیژی كەم تا زۆر لە گشت كۆمەڵگەكاندا هەیە، بەڵام دیاردەیەكی نێگەتیڤە و لە هەر کۆمەڵگەیەكدا تەشەنە بكات، ئەوا دەبێتە پەتایەكی كۆمەڵایەتی و پێویستی بە چارەسەری خێرا و هەمەلایەن هەیە، بۆیە پێویستە پێش ئەوەی تەشەنە بكات رێگە لە زیادبوونی بگیرێت.
ئەمەش پێویستی بەڕێوشوێنی ورد هەیە بۆ ئەوەی كۆنترۆڵ بكرێت و کۆمەڵگە لە گشت ئاستەكانیدا ئامادە بكرێت بۆ ئەوەی رووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە و نەیهێڵێت.
بێگومان كە دەڵێین توندوتیژی مەبەستمان مانا فراوانەكەی چەمكەكەیە، نەك توندوتیژی لە بوارێكی دیاریكراودا، واتا توندوتیژیی خێزانی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و هزریی و سایكۆلۆژی و...هتد، بە گشت لقەكانییەوە، دەبێت بیری لێ بكرێتەوە و بەگژیدا بچینەوە، جا بۆ ئەوەی چارەسەرەكە هەمە لایەن و گشتگیربێت پێویستە لەسەر ئاستی دیاردەكە بە گشتی بیربكرێتەوە.
پەروەردە و پێگەیاندن كلیلی دروستكردنی تاكی هۆشیار و بەسوودە بەگشتی و دەروازەی پڕ بایەخی قەڵاچۆكردنی توندوتیژییە، بۆیە پێویستە پەروەردە بكرێتە ناوەندی بڵاوكردنەوەی هزری ناتوندوتیژی و پێگەیاندنی تاكی پابەند بەبەها مرۆییەكان. تاكێك كە لەبری هەوڵدان بۆ سەپاندنی هزر و بیری خۆی و زاڵبوون بەسەر بەرامبەرەكەیدا، پەنا بباتە بەر گفتوگۆ و لەیەك گەیشتن، لەبری هەوڵدان بۆ سڕینەوەی بەرامبەر بڕوای بە قبووڵكردنی جیاوازییەكان هەبێت.
لە ریگەی پەروەردەوە دەتوانرێت هزری ناتوندوتیژی بەجۆرێك پەرەی پێبدرێت ببێتە كەلتورێكی فرەیی، ئەویش بە چاندنی بەها هاوبەشەكانی نێوان مرۆڤەكان دەبێت لەناخی تاكەكاندا، بە شێوەیەك كە لە رەفتاریاندا رەنگ بداتەوە. 
ئەم بابەتە دەزگا پەروەردەییەكان لێی بەرپرسیارن و لە خێزانەوە دەست پێدەكات تا دەگاتە خوێندنگە و ناوەندە ئایینیەكان و رۆشنبیرییەكان و راگەیاندنەکان كە هەریەكەیان لە ئاستی خۆیدا ئەركی دەكەوێتە ئەستۆ بۆ پێگەیاندن و پەروەردەكردنی ئەو توێژەی دەكەوێتە بەردەستیان، خێزان كە یەكەی بنچینەیی کۆمەڵگەیە بەوەی ژینگەیەكی ناتوندوتیژ بۆ منداڵ فەراهەم بكات و رایبهێنێت لەسەر بەهای یەكتر قبووڵكردن، دەتوانێت تاكێكی پێگەیشتووی سوودبەخش، پێشكەشی کۆمەڵگە بكات كە رێز لەبەرامبەرەكەی بگرێت و پەنا نەباتە بەر ئازاردان و توندوتیژیی.
خوێندنگەش وەك ناوەندێكی گرنگی پەروەردەیی، دەبێت ببێتە مەڵبەندی بەگژداچوونەوەی توندوتیژی و پێگەیاندنی تاكی ناتوندوتیژ و تەندروست لە رووی رەفتاری كۆمەڵایەتییەوە، چونكە خوێندنگە ئەو شوێنەیە كە تاكەكان بەشێك لە رەفتارەكانیانی تیادا فێر دەبن. 
ناوەندەكانی خوێندن كاتێك بە دووردەبن لە جیاكاریی رەگەزیی، ئیتر تیایدا هەردوو رەگەز بەشێوەی یەكسان پەروەردە دەبن و لەبری سەنگەر لەیەكگرتن و نواندنی توندوتیژی و حەزی تۆڵەكردنەوە، دەبنە هاوكاری یەكتر و تەواوكەری یەكتر و پێكەوە کۆمەڵگەیەكی ئارام و  دوور  لە توندوتیژی دادەمەزرێنن.
بێگومان ناوەندە پەروەردەییەكانی تریش وەك ناوەندە ئاینییەكان ومیدیا و رووناكبیرییەكانیش هەروان و بایەخی خۆیان هەیە لە پێگەیاندنی تاکی ناتوندوتیژ كە دەتوانن ببنە سەرچاوەی ئارامی و بناغەی سەقامگیریی کۆمەڵگە و چەسپاندنی بەها مرۆییەكان و رەفتارە مەدەنی و ناتوندوتیژەكان.

شێوازی پەروەردەی هەڕەشە و سەرکوتکردن، تاکی توندوتیژ بەرهەم دێنێت 

وتارەکانی نوسەر