یەکێتی، لانکی ئازادیی رادەربڕین

10:00 - 2024-06-02
دڵسۆز رەسوڵ
370 خوێندراوەتەوە

ئێستا کەیادی 49 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەینەوە، کوردستان و ناوچکە بەدۆخێکی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت، دۆخێك کە بۆ دەربازبوون لێی و دەربازکردنی نیشتمان لێی، بیری ورد و لە خۆبووردن و لەهەمان کاتدا پابەندبوون بە بنەما نەگۆڕەکانی ئازادی و دیموکراسی ومافی مرۆڤی دەوێت.

گەشەکردنی سیستمی سیاسی کوردستان و بەهێزبوونی پێگەی لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکەش، بەندە بە پابەندبوون بە بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە

ی.ن.ک کە هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە بڕوای بە فرەیی و ئازادی و کاری پێکەوەیی هەبووە، ئێستا لە هەموو کات زیاتر بەرجەستەکردنی ئەو بنەمایانە بۆ کۆمەڵگەی کوردستانی پێویست و پڕبایەخن و دەستگرتن بەو بنەمایانەوە سەرمایەیەکی هەرە گەورەن بۆ یەکێتی و یەکێتییەکان. 
ئازادی و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا بناغە دانەرەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە و هەرئەویش گەشەی پێدا و وایکرد لەسەر ئاستی دەستەبژێر بێتە خوارەوە و ببن بە خواستێکی جەماوەری و تاکی هاووڵاتیی بیکاتە دروشم، لەم روەوە گشت پارتە سیاسییەکان، بەتایبەتی ئەو پارتە سیاسییانەی دوای راپەڕین دامەزراون سوودمەندی گەورەی ئەو بنەما فیکریانەن کە یەکێتی کردنییە دروشم و دواتر کردنییە بنەمای حوکمڕانی، چونکە لە سایەی ئەو ئازادی و دیموکراسییەدا ئەوان دامەزران و گەشەیان کرد و چالاکیی جۆراوجۆریان نواند بەبێ ئەوەی رووبەڕووی فشار ببنەوە.
گەشەکردنی سیستمی سیاسی کوردستان و بەهێزبوونی پێگەی لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکەش، بەندە بە پابەندبوون بە بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە، بۆ ئەوەی بۆ جیهانی بسەلمێنین کە ئێمەی کورد کە خۆمان ستەممان لێکراوە، هەرگیز نابینە ستەمکار بەرامبەر گەلی خۆمان، ئەمەش پێش هەموو کەس یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رابەرایەتی دەکات و ئومێدی وەدیهاتنی بەندە بە مانەوە و سەرکەوتنییەوە.
دژبەرانی ئازادی و مافی مرۆڤ ئەگەر جاروبار سەرهەڵبدەن یان ببوژێنەوە بەڵام لە کۆتاییدا ناتوانن لە سایەی بیری ئازاد وپانتایی دیموکراسی وخەباتی مەدەنیدا خۆیان ڕاگرن کە یەکێتی نیشتمانی بنیاتنەر وپارێزەریەتی، چونکە ئەزموونی یەکێتی سەلماندویەتی شەڕی دوژمنانی ئازادی وتاریك بیرەکان هەر بە خودی دەستەبەرکردنی ئازادی زیاتر وفراوانکردنی بیری ڕەخنەیی ودیموکراسی دەکرێت، لێرەوەیە کە یەکێتی هەمیشە وەك سیمبولی بەرگریی لە ئازادی وپەرەپێدەری دیموکراسی دەمێنێتەوە لە کوردستان و سەرتاسەری عێراقیشدا.

وتارەکانی نوسەر