پیرۆزە بێت یادی رۆژنامەی كوردستانی نوێ

03:39 - 2024-01-13
دڵسۆز رەسوڵ
225 خوێندراوەتەوە

هاتنە کایەی كوردستانی نوێ لە دوای راپەڕین وەك یەكەم رۆژنامەی كوردیی رۆژانە، هەنگاوێکی گرنگ و پڕ بایەخ بوو، لە رەوتی رۆژنامەگەری کوردی کە هەتا ئەوکات زەبر و زەنگی بەعس گەروی ئازادی گوشی بوو و نەیدەهێشت سەدای ئازادی ببیسترێت.
هاتنە کایەی کوردستانی نوێ، دەسپێشخەریەكی گرنگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو بۆ رەوتی ئازادی لە بواری رۆژنامەگەری كوردیدا، چونکە کوردستانی نوێ بوو بە دوانگەیەکی ئازاد بۆ گوازرشت لەخۆکردنی گشت بیروڕا جیاوازەکان.
کوردستانی نوێ، لە مێژووی خۆیدا جێگە و پێگەیەکی گرنگی لە رەوتی رۆژنامەگەری کوردیدا وەدەستهێناوە، کە بووە بە جێ متمانەی نوسەران و خوێنەران، هەروەها بەشدارییەکی کاراشی کردووە لە دەوڵەمەندکردنی خەرمانی رووناکبیری کوردیدا بەگشت لق و بەشە جیاوازەکانییەوە، هەر لە پاشکۆ تایبەتەکانی و هەر لە دۆسێ دەوڵەمەندەکانی و بابەتە جۆراوجۆرەکانییەوە کە بڵاویکردوونەتەوە، تەنانەت دەرگای رەخنە لەخۆگرتنیشی واڵابووە و لەڕێگەی رەخنەی بونیادنەرەوە بەشداری کارای لە پێشخستنی ئەزموونی کوردستاندا کردووە.

دووبارە پیرۆزبێت یادی رۆژنامەی سەنگینی کوردستانی نوێ و هیوای بەردەوامی بۆ رۆژنامەکە و رەوتە پڕبایەخ و گەشاوەکەی.

وتارەکانی نوسەر