(3)
لەسەر بنەمای ئەو شوێنەوارانەی لە (موهەنجودارو – Mohanjodaro) پایتەختی دووهەزار و شەشسەد تا پێنج هەزار ساڵ لەوەپێشی بەلوچستانی پاکستان، کە ئەو کات هیندستان بوو، هەروەها بە گوێرەی ئەو پەیکەرانەی لە شارستانییەتی ئیندوس یان (هاراپان- Harappan)ی هیندستان دۆزراونەتەوە، مێژووی یۆگا بە لانیکەمەوە بۆ پێنج تا دە هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. لێرەوە دەردەکەوێ لە کۆنەوە یۆگا یەکێک بووە لە دنیابینی و مەعریفە و زانستە سەرەکییەکانی ئەو کات، چونکە هێماکانی یۆگا بە هەموو دروستکراوەکانیانەوە دیارە.
بیرمەندی بەناوبانگی ئێرانی و جیهان د. داریوشی شایگان لە کتێبی (دینەکان و قوتابخانە فەلسەفییەکانی هیند)دا دەڵێ: (خەڵکی ئەو ناوچەیە هەر لە کۆنەوە شەیدای ناسینی ئەو بەشەی بوون (وجود) بوون کە خۆی نەناساندووە. قسەکەی راستە، بە پێی بەڵگەکان خەڵکانی ئەو کات هەر لە سەرەتاوە ئاشق و گیانفیدای خۆناسی و ناسینی ئەو رەهەندەی خۆیان و سروشت بوون کە بە چاو نابیندرێ و بە ئەقڵ درک ناکرێ، ئەوان ویستوویانە ئەو شتە بناسن کە ئەزەلی و ئەبەدیی و نادیار و شاراوەیە. ئەوان هەوڵیانداوە لە هەموو روویەکەوە مرۆڤ بناسن، بۆیە تا ئێستا هەر زانستێکی وەک فیزیا و نۆرۆلۆژیا و دەروونناسی و پزیشکی و...هتد تا لە ناسینی زیاتری بوون و مرۆڤ نزیک دەبنەوە، بەهەمان ئەندازە لە یۆگا نزیک دەبنەوە. یۆگا رێبازێکی زانستیی ئازا و ئازادە لە بواری خۆناسی و بوونناسیدا، بەڵام وەک د. داریوشی شایگان و سەرجەم لێکۆڵەر و بیرمەندان و یۆگییەکان دەڵێن، یۆگا تا حەکیمی دلۆڤان پاتانجالی سینگ بە سینگ لە نێوان گورو (مامۆستا - مورشید) و سادهاکا (رێنوار – مورید)دا گوازراوەتەوە، بەڵام پاتانجالی نزیکەی دووسەد تا حەوسەد ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح بە نووسینی کتێبی (یۆگا سوتراکان – Yoga Sutras) کۆتایی بە قۆناغی پەڕشوبڵاوی و زارەکیی یۆگا هێنا. وەک دەبینین حەکیمی مەزن بە وردی لە بوارەکانی یۆگا و ئایورڤێدا و زمانناسیدا دەستی بە لێکۆڵینەوە و موتاڵا و تێڕامان کردووە، ئەو لێکۆڵینەوە و موتاڵا و تێڕامانە ورد و قووڵە بە وشە بە وشە و دێڕ بە دێڕی دەقی یۆگا سوتراکانەوە دیارە.
پاتانجالی هەموو یۆگای کۆکردۆتەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا هەموو ئەو راهێنان و رێنماییانەی لەبازنەی (ونبینان – ئالی شهود) دا باو بوون و دوای سەدان و هەزاران جار تاقیکردنەوەیان، راستبوون و بەسوودبوونیان سەلمابوو، بە شێوەیەکی زانستی لەسەر کۆمەڵێک بنەما و بە چەند قۆناغێك داڕشتووە. کەواتە پاتانجالی کۆکەرەوە و رێکخەر و داڕێژەری زانستێکی یۆگا بوو، زانستێک کە مرۆڤی مۆدێرن جگە لەوەی بەقەرا هەوا پێویستی پێیەتی، نها تاک و تۆک، لێرە و لەوێ تاڕادەیەک پەی پێ دەبەن و دەیناسن، بە تایبەت لەسەر ئاستی ئاکادێمی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا. بەهەرحاڵ یۆگا لە هەوڵەی حەکیمی تاقانە، پاتانجالییەوە بوو بە یەکێک لە شەش (دارشانا – Darshana) سەرەکییەکەی هیندستان. ئەم ناساندنە درێژەی هەیە....