یەکێتی دۆخەکە لە بەرژەوەندیی دۆزەکەدا دەگۆڕێ

10:49 - 2023-11-02
ئەرسەلان مەحمود
390 خوێندراوەتەوە

ئەرسەلان مەحمود

پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆی یەکێتییەکان و جەماوەرەکەی بەتایبەتی و هەموو ئەو هێز و لایەن و حزبانەیش خۆیان لەبەرەی نیشتمانی و لە هێڵی ئازادیخوازیدا دەبیننەوە، خستووەتە ژێر بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی نەتەوەیی و نیشتمانی لەبەردەم ئەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازە ناوخۆیی و ناوچەییە بەپێشهاتووەدا.
هەنگاوی یەکەمی ئیلهام بەخش و قبووڵکردنی ئــەو بەرپرسیارێتییەش لەبری لۆمەکردنی خۆبەخۆو یەکتری، کۆبوونەوە و نواندنی یەک هەڵوێستییە لە دەوری ئەم گوتارە روون و راشکاوە نیشتمانییەی خۆی لە ناوەرۆکی دوا پەیامی کۆنگرە و دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتییدا دەبینێتەوە، بۆ یەکخستنی وزە و هێزە کوردستانییەکان، بەتایبەتی لە بەغدا بۆ روبەڕوبوونەوەی تەواوی ئاڵانگارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە هەرێمی و عیراقی و ناوچەییەکان، پەیوەست بوونە بەخوێندنەوەی ئەگەرەکان، نەک کەوتنە ژێرباری ئاستەنگ و بەربەستە نائومێدکارەکان، ئەوەی خەریکە مرۆڤی کورد وێران دەکاو شوێنگە و پێگەی هەرێمەکەمان بەرەو داڕمان دەبات، خولانەوەیە لە بازنە داخراوەکانی نەریت و توانەوەیە لە بەرژەوەندییەکانی دەرودراوسێ و وەهمی ئومێدی موزەییەفی شۆڤێنیزمی مەزهەبیی و جەمسەرگەرایی ناوچەییدا.
حزب و کارەکتەرە کاریگەر و سەرکەوتووەکان، ئەوانەن بە کردەوە لەوەها بەرپرسیارێتییەکدا، لـەوەهـا راستەقینەیەک تێدەگەن، نەک ئەوانەی دەستکەوت و ئامانجی بچووک و پووچی خێلەکی و حزبی و هەرێمی کۆیان دەکاتەوە لەسەر سفرەی شەرمەزاری جڤاکی سیاسی و ئیداری و خەدەمی. 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بنەما و مانا رێز لەجیاوازییەکان دەگرێت و لەناویاندا دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان لە کار و پڕاکتیکدا بە بنەما دەگرێت، کێشەی کورد بە گشتی کێشەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی یەکپاکێجە، کۆدەنگیی لە بڕیار و گوتاری کوردستانیدا، جگە لەوەی دەتوانێ دۆخەکە لە بەرژەوەندی دۆزە رەواکەیدا بگۆڕێ، رەگی بەرپرسیارێتی و توخمی سەربەخۆیی راستەقینەش لەدەروونی نەوەی ئەم سێ دەیەی دوای راپەڕیندا دادەکوتێ و شکۆفە پێدەکات.
سەرکەوتن لە هەر ئاستێکی نیشتمانی گەورەدا پێویستی بە قبووڵکردنی بەرپرسیارێتی نیشتمانییە، تاکە تایبەتمەندی هەر کارەکتەر و حزب و هێزێکی سەرکەوتوو، هەڵگرتنی وەها بەرپرسیارێتییەکە، نەک تۆمەتبارکردنی بێ مروەتانی ئەوی تر و بەخشینەوەی بوغز و غەریزەی رووتی حزبی و دڕدۆنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی، رەنگکردنی خەڵک و جیاکاری ناوچەیی و جوگرافی، لە ئامڕازە هەرە کوشندەکانی جڤاک و دەسەڵاتن. شکستەکان بە رێژەی رەها لەو کارەکتەر و حزب و دەسەڵات و دەسەڵاتدارانەوە دێن نەریتیان هەیە بۆ پاکانە و پاکتاوکردنی هەڵە و رێ و سەر چیخ چوونەکان، ئەوە هەست و بەرپرسیارێتی یەکێتییە دەیەوێ لەو رێگەیەوە کەش و هەوایەکی نوێ دروستبکات لە ژینگەی جڤاکی و سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستاندا، هەڵبەتە بۆ حزب و هێز و لایەنەکانی تریش لە بەرامبەردا بابەتەکە پشت دەبەستێت بەوەی دواجار دەیکەنە بژاردە.

وتارەکانی نوسەر