توركیا له رێی راگه‌یاندنه‌كانییه‌وه به خه‌ستی ده‌ستی كردووه به ده‌هۆڵ كوتان بۆ ئه‌گه‌ری نزیكبوونه‌وه‌ی ئەنقەرە‌و دیمه‌شق، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه ئەنقەرە پشتیوانی له گروپه چه‌كداره‌كانی دژ به رژێم ده‌كات و دیمه‌شقیش وه‌ك بینه‌رێكی بێ هه‌ڵوێست سه‌یری توركیا ده‌كات كه خاكه‌كه‌ی داگیر ده‌كات، ره‌نگه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئەنقەرە له‌به‌ر ئه‌وه بێت كه به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن ده‌چێت، یان بۆ كۆتایی هێنان به‌و لێكدابڕانه‌ی نێوان خۆی دیمه‌شق بێت و به‌شێك بێت له رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئیقلیمی و خۆرئاواییش تا ئابوورییه نیمچه داڕماوه‌كه‌ی رزگار بكات.
به هۆی ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌وه كه له خه‌یاڵدانی ئه‌ردۆگاندایه، گه‌لی توركیا له جاران زیاتر نه‌ته‌وه‌په‌رست بووه، ره‌نگه ئه‌وه‌ش ئه‌ردۆگان ناچار بكات له به‌رایی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌رله‌نوێ ده‌ستدرێژی بكاته‌وه سه‌ر باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا، به‌ڵام به ره‌چاوكردنی ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته ئابوورییه‌كانی هه‌نگاوێكی له‌م جۆره، ئه‌م هه‌نگاوه قومارێكی مه‌ترسیداره، به تایبه‌تیش كه هه‌ڵوێستی ئیداره‌كه‌ی جۆ بایدن له قازانجی ئەنقەرە نییه‌و ئه‌وه بوو به‌م دواییانه تێڕوانینی ئه‌مریكا به ئاشكرا پشتیوانی كردن بوو له هێزه‌كانی سوریای دیموكرات.
خه‌ونی ده‌ست به‌سه‌راگرتنی باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سۆریا بۆ توركیا ته‌نیا كاردانه‌وه نییه بۆ رووداوه‌كان، به‌ڵكو هه‌ر له سه‌ره‌تای قه‌یرانی سوریاوه له سیاسه‌تی توركیادا هه‌بووه، جه‌نگیز جاندار رۆژنامه‌نووسی به ئه‌زموونی تورك له كتێبه‌كه‌یدا به ناوی شه‌مه‌ندۆفێری خێرای میزۆپۆتامیا باسی كردووه و ده‌ڵێ: توركیا پێی وایه شاره‌كانی سوریا، شاری توركیان و داگیر كراون و پێویسته بگه‌ڕێنرێنه‌وه بۆ توركیا، توركیا هه‌موو شارێك به شاری هاتای و عه‌نتاب ده‌بینێت.
دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له 10 ساڵ به‌سه‌ر قه‌یرانی سوریادا، كه توركیا رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بوو له قووڵكردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه‌داو سوریاش رۆڵێكی لاوازی هه‌بوو له رووی سیاسییه‌وه، ئێستاش توركیا چاوه‌ڕێی بیانوویه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكاته سه‌ر خاكی سوریا، یان ره‌نگه چاوه‌ڕێی ئاماژه‌یه‌ك بێت له روسیاوه، كه به‌م دواییانه هه‌ڕه‌شه‌ی له هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كرد، تا له ناوچه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی دیمه‌شق بكشێنه‌وه و ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ن توركیا‌و گروپه چه‌كداره‌كانی هێرشێكی نوێ ده‌كه‌نه سه‌ر ئیداره‌ی خۆجێیی.
هه‌ڵوێستی بنكه‌ی روسیا له حومه‌یمیم ئاشكرابوو، هه‌ڵوێستی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتیش به هه‌مان شێوه، چونكه شه‌ڕی ئه‌وان شه‌ڕی ژیان بوو، دوای ئه‌وه‌ی رژێم گه‌مارۆی خسته سه‌ر دوو گه‌ڕه‌كی كوردی له حه‌ڵه‌ب واته گه‌ڕه‌كی شێخ مه‌قسود و ئه‌شره‌فیه، له‌و نێوانه‌دا هه‌ڵوێستی توركیاش ئاشكرا بوو كه خۆی ئاماده كردبوو هه‌ر داگیركارییه‌كی نوێ.
له راستیدا نزیكبوونه‌وه‌ی ئەنقەرە‌و دیمه‌شق مانای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی نییه بۆ سوریا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرێك له نه‌خشه‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه، ئه‌مریكا هێزی هه‌یه له باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا، روسیاش له كه‌ناره‌كان هێزی هه‌یه‌و ئێرانیش له دێره‌زوور، توركیا له حه‌وت شاری سوریا هێزی هه‌یه، كه‌واته ململانێكه‌و چاره‌سه‌ره‌كه‌شی ئاڵۆزه و سه‌ره‌تا هه‌ر ده‌بێ له ناوخۆوه هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ر بنرێت، پاشانیش سازان و رێكه‌وتنی نێوده‌ڵه‌تیشی له‌سه‌ر بێت.