وانەیەکی گرنگ پێویستە بخوێنرێت

10:35 - 2023-11-06
سمکۆ چنارەیی
228 خوێندراوەتەوە

کۆمەڵێک وانە وەک پڕۆگرامی خوێندن لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تا 12 ی ئامادەیی لە سەرجەم خوێندنگەکاندا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پڕۆگرامەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بڕیاریان لێدراوە و دەخوێندرێن، بەڵام تائێستا وانەیەک کە پێویستی بەجوڵەی مێشک و دەست و چاو و زۆربەی هەستەکانی ترەوە هەیە ناخوێندرێت! 
نموونە شەترەنج و ئونۆ و چەندین یاری تر کە بەباوترین یارییەکانی جیهان دادەنرێن و بەکارهێنەرانی ئەو یارییانە لەیەک کاتدا لۆژیک و بیری ورد و دروستی جوڵە و شارەزابوون لە پلاندانان و ساتی بەرگریکردن و هێرش و چەندین کارامەیی تر لەخۆدەگرن، بەڵام بەداخەوە تائێستا بیر لە خوێندنی وانەیەک لەخوێندنگەکاندا نەکراوەتەوە کە ئەو یارییە گرنگانەی تێدا بێت.
دڵنیام ئەگەر وەزارەتی پەروەردە وانەیەکی لەوجۆرە بۆ پۆلەکانی خوێندن دیاری بکات ئەوا سەرەڕای چێژە تایبەت و کەشە پۆزەتیڤەکەی بیری خوێندکاران زیاتر گەشە دەکات و فراوان دەبێت، هەروەها توانای خوێندنەوە و بابەتە بیرکارییەکان و چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانی و چاندنی گیانی لێبوردەیی و هونەرەکانی هێمنی و پشودرێژی لەلای زۆر دەبێت، وەک هەنگاوی سەرەتاش بۆ خوێندنی ئەو یارییانە دەکرێت لەناو وانەکانی بەهای کۆمەڵایەتی یاخود هونەر و وەرزش وەک بەندێک جێگەی بکرێتەوە تا دەبێتە وانەیەکی سەربەخۆ.

وتارەکانی نوسەر