دۆخی ئێستا و ئەزموونێكی نوێی دانوستان

10:09 - 2023-11-07
له‌تیف نێروه‌یی
245 خوێندراوەتەوە

لەتیف نێروەیی

بڕیارە رۆژی 7ی ئەم مانگە، لەسەر داوای سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی، گەڕێكی دیكەی دانوستان لە شارۆچكەی پیرمام بكەن.

ئەوەی وادەكات كە ئەم جارە بە دیدگایەكی كەمێك ئەرێنیترەوە هەڵوەستە لەسەر ئەم خولەی دانوستانەكان بكەین، سێ خاڵی سەرەكین:
یەكەم:
هەلومەرج: هەمیشە هەلومەرج كاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی دەكاتەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی دانوستانەكان. هەندێجار هەلومەرجی قۆناغی بەڕێوەچوونی دانوستانەكان لەمپەر و بەربەست لەبەردەم لایەنە دانوستانكارەكان دروستدەكات، كە لایەنە دانوستانكارەكان نەگەنە رێكەوتنێكی هاوسەنگی ئارەزوومەندانە. هەندێجاریش هەلومەرج، دەبنە هاندەر و زەمینەخۆشكەر بۆ بەڕێوەچوونی دانوستان و خولقێنەری ئیرادە و بەرژەوەندیی هاوبەش و گەیشتن بە رێكەوتنی كۆتایی.
-لەو روانگەیەوە دەكرێ هەلومەرجی ئێستای هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەكان و بەغدا هەلومەرجێكی گونجاو بێت بۆ بەڕێوەچوونی دانوستان و بەرەوپێشەوەچوونی دانوستانەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و گەیشتن بە لێكتێگەیشتن، بۆ نموونە:
-هەلومەرجی ئێستای هەرێمی كوردستان و كێشەی مووچەی فەرمانبەران و ناڕەزایەتییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم.
-هەلومەرجی ئێستای كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكەی كوردستان، كە لە قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازدان، وا پێویست دەكات هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەتایبەتی یەكێتی و پارتی لەڕێگەی دانوستانەوە كارێك بكەن كە بانگەشەیەكی هێمنانە لەو ناوچانە بەڕێوەبچێت و ركابەرییەكە لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە بێت و وەكو كورد بتوانین لە كەركوك زۆرترین دەنگ و زۆرترین كورسیی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەدەستبهێنین و بە پلانی هاوبەش خۆمان بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكان ئامادەبكەین و كۆتایی بە دۆخە ناسەقامگیرەكەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكە بهێنین.
-هەلومەرجی دەركەوتنی دەرهاویشتەكانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە بەغدا و هەندێ ناوچەی دیكەی عیراق، وادەخوازێت كە هەردوو هێزی سەرەكیی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی دانوستانەوە بگەنە جۆرێك لە لێكتێگەیشتن لەسەر بەرپرسیارێتییەكی هاوبەش و چۆنێتی پاراستنی هەرێم لە پریشكی ئەو دەرهاویشتانە. لە روانگەی هەستكردن بە گرنگیی سوودوەرگرتن لە هەلومەرجی ئێستا، دەستپێشخەری بۆ ئاشتی و تەبایی و رێكخستنی ناو ماڵی كورد دەكات.
دووەم:
بەهێزیی دانوستانەكان: مەبەست لە بەهێزیی دانوستانەكانی ئەم جارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تیمی دانوستانەكانی هەردوولا بەشێوەیەكی هاوسەنگ و لەسەر ئاستی باڵای حزبی و حكومی بەشداری لە دانوستانەكاندا دەكەن و دەسەڵاتی رەهایان هەیە لە بڕیاردان یان رێكەوتن لەسەر ئاستی حكومی و حزبی و سیاسی. پێدەچێت لەم گەڕەی دانوستاندنەدا كەمترین رەخنە و گلەیی لە یەكتر بكرێت، چونكە لە كۆبوونەوەكانی پێشوودا هەردوولا لەسەر ئاستی حكومی و حزبی زۆرترین رەخنەیان لە یەكتر گرتووە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەم جارە كۆبوونەوەیەكی جدی لەسەر چۆنێتی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكان، بكرێت.
سێیەم:
ئەزموونی دانوستان: پسپۆڕانی زانستی دانوستان لەو بڕوایەدان كە بەهۆی بەڕێوەچوونی دانوستانی درێژخایەنەوە، لایەنە بەشداربووەكانی دانوستان ئەزموون وەردەگرن و سوود لە خاڵە بەهێز و لاوازەكانی خولەكانی پێشوو وەردەگرن. كەسانی دانوستانكار لە دانوستانی درێژخایەن ئەزموون وەردەگرن، كە باشتر لە گرنگیی پشوودرێژی، سنگفراوانی، لێبووردەیی، بوێریی، نەرمی نواندن، رەچاوكردنی بەرژەوەندیی لایەنی بەرامبەر، تێدەگەن، چونكە ئەم خەسڵەتانە دەبنە بناغەی یەكترقبووڵكردن و دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەكان و بەرەوپێشچوونی دانوستانەكان. دواجار ئەو ئەزموونە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ سەركەوتنی دانوستان و گەیشتن بە رێكەوتن.
بۆیە ئەگەر هەمان ئەزموون بۆ دانوستانی هەردوولا بكرێت بە پێوەر، ئەوا دەكرێت بە دیدێكی ئەرێنییەوە سەیری ئەم خولەی دانوستانەكان بكرێت، چونكە دانوستانی درێژخایەنی نێوان یەكێتی و پارتی و بەردەوامبوونی دۆخی نائاسایی نێوان هەردوولا، كۆمەڵێك پرسیاری جۆراوجۆر بەدوای خۆیدا هێناوە و وەڵامی ئەو پرسیارانە نە بۆ هەرێم و نە بۆ خودی ئەو دوو لایەنە دڵخۆشكەرنین و بە ئەزموون وەرگرتن لە دانوستانەكانی پێشوو؛ دەكرێت وەڵامی ئەم جارەی پرسیارەكان بۆ خەڵكی هەرێم دڵخۆش بێت.

وتارەکانی نوسەر