پەنجا ساڵ شكۆمەندی: یەكێتی و راگەیاندن

09:36 - 2025-05-28
له‌تیف نێروه‌یی
43 خوێندراوەتەوە

(4)

بڵاوكردنەوەی یەكەم بەیاننامەی رەسمی و تایبەت بە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بوو بە جێگەی بایەخی میدیای جیهانی و لەناویدا میدیای بینراو، بیستراو، خوێنراوی سوریا و هەڵوەستەیەكی زۆریان لەسەر پەیامی دامەزراندن و لەم رووداوە گرنگە كرد و وەك پێشهاتێكی گرنگی سیاسی؛ بوو بە سەردێڕی رۆژنامەكانی وڵاتانی لوبنان و میسر و بەهۆی میدیای ئەو سێ وڵاتەوە، پەیامی دامەزراندنی یەكێتی گەیشتە رای گشتیی كوردستانی و عیراقی و جیهانی.
گرنگیدانی میدیای بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی و جیهانی بە هەواڵی دامەزراندنی یەكێتی، بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە:
یەكەم: تەنها لە دوای تێپەڕبوونی كەمتر لە سێ مانگ لە نسكۆی شۆڕشی ئەیلول، یەكێتی وەكو هێزێكی سیاسی لە سوریای دراوسێی عیراق دامەزرا، ئەوەش رووداوێكی سیاسیی سەرنجڕاكێش بوو بۆ ئەو سەردەمە.
دووەم: پێشتر هەڤاڵ مام جەلال بەهۆی كاری دیپلۆماسی لەو سێ وڵاتە، پەیوەندییەكی باشی هەبوو لەگەڵ سەرۆك و سەركردە باڵاكانی ئەو سێ وڵاتە و دۆستایەتیشی هەبوو لەگەڵ میدیای بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی لەگەڵ میدیای (سوریا، لوبنان، میسر).
سێیەم: ئەوكاتەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سوریا لەلایەن دەستەی دامەزرێنەرەوە بە رەسمی راگەیەنرا، پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی لەنێوان دیمەشق و بەغدا لە دۆخێكی ئاڵۆز و پڕ لە ناكۆكیدا بوو، بۆیە دیمەشق بە هەواڵی لەدایكبوونی حزبێكی نوێی كوردستانی، كە ئۆپۆزسیۆنی رژێمی ئەوسای عیراق بێت، خۆشحاڵ بوو، پێشتریش سوریا پشتگیریی خۆی بۆ بەردەوامبوونی شۆڕشی ئەیلول راگەیاندبوو.
لەو هەلومەرجەدا یەكێتی لەگەڵ دەستپێكردنی خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و پاشانیش خەباتی چەكداری، گرنگییەكی تایبەتی بە خەباتی میدیایی دا و سەرەڕای هەلومەرجێكی زۆر سەخت و دژوار، بەڵام توانی سێ چاپخانە و رادیۆیەك لە دەرەوەی وڵات دابین بكات و بیگەیەنێتە ناوچە رزگاركراوەكانی كوردستان، بۆ ئەو قۆناغە گرنگە، ئەركی میدیای یەكێتی بریتیبوو لە:
-ناساندنی یەكێتی وەكو هێزێكی نوێی سیاسی بە رای گشتیی كوردستانی، ئیقلیمی، جیهانی.
-گەیاندنی مەزڵومیەتی گەلی كوردستان و خستنەڕووی ئەو تاوانانەی كە رژێمی بەعس لە دژی گەلی كوردستان ئەنجامی دەدا، بەتایبەتی پەیڕەوكردنی سیاسەتی سێكوچكەی (تەعریب، تەرحیل، تەبعیس) كە جێبەجێكردنی پلانی گۆڕینی دیموگرافیای باشووری كوردستان بوو.
-بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاری و چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
-بەرزكردنەوەی ورەی جەماوەری كوردستان و هاندانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ئەنجامدانی چالاكیی سەربازی و رزگاركردنی ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان.
-هاندانی جەماوەری كوردستان بۆ راپەڕین و راسانی جەماوەری، كە ترۆپكی ئەم كاریگەرییە لە راپەڕینە مەزنەكە رەنگیدایەوە و توانی شەقامی كوردستان جۆش بدات.
-بەهێزكردنی هەستی نەتەوایەتی و گیانی پێكەوەژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان.
-دروستكردنی رای گشتیی ئەرێنی لەپێناوی پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و رەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان.
-دابەزاندنی ورە و مەعنەویاتی هێزەكانی رژێم لە هەرێمی كوردستان.
-لە بواری زمانەوانی، میدیای یەكێتی لە ساڵانی هەشتاكان و نەوەدەكاندا، خزمەتێكی زۆری بە زمانی كوردی كرد، ئەویش بە بژاردەكردنی زمانی كوردی لە وشەی بیانی و زیندووكردنەوەی دەیان وشەی رەسەنی كوردی لە شوێنی وشە بیانییەكان.
-ئەوەی زیاتر بوو بە هاندەری سەرەكی لە میدیای یەكێتیدا، كە تایبەتمەندی و بەهێزی و كاریگەری و پێشەنگیی خۆی بپارێزێت، بریتی بوو لە:
یەكەم: هەڤاڵ مام جەلال، كە سكرتێری گشتیی یەكێتی بوو، ئەزموونێكی باشی هەبوو لە نووسین و میدیادا، راستەوخۆ سەرپەرشتی میدیای یەكێتی دەكرد، هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرد و هەمیشە پشتیوانی ماددی و مەعنەویی میدیای یەكێتی بوو.
دووەم: بە بەردەوامی هەڤاڵ مام جەلال رێنمایی و زانیاریی نوێی لەسەر رووداوە سیاسی و ئەمنییەكان، تاوانەكانی رژێم و بوارەكانی دیكە، بە سەرچاوە میدیاییەكانی یەكێتی دەدا.
سێیەم: بەشێكی زۆر لە هەڤاڵانی پلەداری یەكێتی، ئەزموونیان لە بواری راگەیاندندا هەبوو، بەتایبەتی هەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی، لەو (7) هەڤاڵە (6)یان پێشتر ئەزموونی نووسین و كاری رۆژنامەوانی و راگەیاندنیان هەبوو، ئەوەش كاریگەریی ئەرێنی لەسەر گرنگیدان و گەشەكردنی یەكێتی هەبوو، ئەگەر پێداچوونەوە بەو نامانەدا بكەین كە لە دوای دامەزراندنی یەكێتی تا كۆتایی ساڵانی حەفتاكان، بەنهێنی لەنێوان هەڤاڵانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لە شام و لە دەرەوەی وڵات بۆ یەكتریان ناردووە، لە زۆربەی نامەكاندا ئاماژە بە گرنگی میدیا و بڵاوكردنەوەی گۆڤار و رۆژنامە دەدەن.
-هۆكارێكی دیكەی تایبەتمەندی و كاریگەریی میدیای یەكێتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەدوای تێكچوونی دانوستانەكانی ساڵی 1983 بەشێكی زۆر لە نووسەران و رۆشنبیران و هونەرمەندانی هەرێمی كوردستان پەیوەندییان كرد بە شۆڕشەوە و لە دەوروبەری میدیای یەكێتی كۆبوونەوە و جگەلەوەی سەرچاوەیەكی باشی بەهێزبوونی میدیای یەكێتی بوون، هۆكاری دەركردنی چەندین گۆڤاری تایبەت بە كۆمەڵە و رێكخراوە جیاوازەكانی نووسەران، ژنان، هونەرمەندان، مامۆستایان و بوارەكانی دیكە بوون و دەخرانە بەر دیدەنی خوێنەرانی ئەو سەردەمە.
-دوا تایبەتمەندیی میدیای یەكێتی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە میدیای یەكێتی لەناو قووڵایی خاكی رزگاركراوی كوردستاندا بووە و هەواڵی ناو شارەكان و چالاكیی پێشمەرگەی بە ئاسانی و لەماوەیەكی زوودا پێدەگەیشت.
-سەرەڕای هەموو ئەو هۆكارانە، یەكێتی هێزێكی نیشتمانی و بەرپرسیارە و میدیاكەشی بەهەمان شێوە میدیایەكی نیشتمانی و بەرپرسیارە، ئێستاش كە سۆشیال میدیا و میدیای نوێ كاریگەریی زۆری بەسەر تاك بە تاكی كۆمەڵگەوە بەجێهێشتووە، هەروەها هەندێ میدیای نابەرپرسیاریش كە جۆرەها پەیامی نابەجێ و چەواشەكارانە لە دژی سەرۆك و سەركردایەتیی یەكێتی بڵاودەكەنەوە، جەماوەری یەكێتی داوادەكات میدیای یەكێتی، هاوشێوەی ئەوان، وەڵامیان هەبێت، بەڵام ناكرێت دوای 50 ساڵ خەباتی میدیایی و هەڵگری پەیامی نیشتمانی و پڕ لە بەرپرسیارێتی، ئێمە چاو لەوان بكەین، بەڵكو گرنگە ئێمە كار بۆ ئەوە بكەین تا ئەوان رێچكەی ئێمە بگرنەبەر، كە ئەوە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندا دەبێت.

وتارەکانی نوسەر