له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
له 2003 گۆشه‌یه‌كم به‌م ناونیشانه هه‌بوو، 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌و ده‌م كه باسی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌مان ده‌كرد، ده‌مانویست پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین چۆن ناكرێت كه‌ركوك بكرێته سه‌نته‌رێكی گه‌وره‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه له عیراق؟ پێمانیان ده‌وت كه‌ركوك عیراقێكی بچووكه، ئه‌گه‌ر له كه‌ركوك پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه سه‌ربكه‌وێت، له عیراقیش سه‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه بابه‌تێكی هه‌ستیاربوو بۆ رۆژگارێك له‌نێو گێژاوی ناسنامه‌ی ناسیونالیستانه‌دا، ده‌گمه‌ن فریا ده‌كه‌وتین گوێ له قۆریات یان مه‌قامێكی هابه بگرین.
پێكه‌وه‌ژیانێكی تره
ئێستا دوای 20 ساڵ كه‌ركوك پێویستی به‌پێكه‌وه ژیانێكی تره، پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان كورد خۆی، ئه‌وانی تریش هه‌مان ده‌ردیان هه‌یه، لێ من زیاتر له خه‌می پێكه‌وه‌یی كورده‌كه‌دام، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردم، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ركوك به دیرۆك و جوگرافیا لەوه‌تەی هه‌یه كوردستانییه و ئه‌وانی تر هاوشاری و داڵده‌دراو و هاو چاره‌نووسن، لێ كورده‌كه به‌و هه‌موو سته‌مه دیرۆكییه‌وه له هه‌مووان په‌رێشان تره.
کێشەی کورد لە کەرکوک
كورد له كه‌ركوك كێشه‌ی باره‌گایه‌ك و گه‌ڕه‌كێك و شه‌قامێك و ناونانێك نییه، كێشه‌ی خودناسی و شوناسی هه‌یه، ئه‌وانه‌ی خۆیان ناناسن و نایانه‌وێت شوناسه‌كه‌ی خۆیان بدۆزنه‌وه، ئه‌وانه ناتوانن په‌ره به گیانی پێكه‌وه‌ژیان و پێكه‌وه هه‌ڵكردن بده‌ن، چونکە كوردبوون بۆ كورد بابه‌تیبوون و مانه‌وه و به‌رده‌وامییه، كه‌ركوكیبوونیش بۆ كوردی كه‌ركوك وه‌سایه، لێ له‌وه تێناگه‌م چ هۆیه‌ك له پشت ئه‌وه‌وەیه كه نابێت وابین؟ بەجێهێشتنی خێڵ و قه‌بیله، عه‌شره‌ت له سه‌رده‌می بوونی حزب و دنیای هاوچه‌رخدا، ئێمه له چوارچێوه‌یه‌كی نوێ‌دا رێكده‌خات، دواتریش ئه‌وانه‌ی له حزبه جیاجیاكانی یه‌ك نه‌ته‌وه و زماندا كۆده‌بنه‌وه، به‌رژه‌وه‌ندیی و چاره‌نووس جارێكی تر ده‌بێت رێكیان بخاته‌وه، پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م حزبه هاوچاره‌نووس و هاو به‌رژوه‌ندییانه له كوێی یه‌كڕیزیه‌كه‌دان؟ له پرسی پێكه‌وه‌ژیانی ئه‌رێنیدا بۆ ئاینده‌ی باشتر، پێداگری ئێستای ئێمه بۆ پێكه‌وه‌ژیانی كوردی، په‌یوه‌سته به‌و خواسته گشتییه كوردستانییه‌وه، كه هێندەی ئه‌وه‌ی هاووڵاتی كوردی كه‌ركوك خۆی خوازیارێتی، ئامه‌د و سنه و كۆبانیش ئه‌وه‌یان گه‌ره‌كه، ده‌رچوون له‌م ویسته كوردییه گشتییه، ده‌چێته خزمه‌تی خه‌ڵكی دیكه‌وه، بچووكترین لادان له‌م رێگەی خه‌باته، به زیان بۆ كه‌ركوكییه‌كان ده‌شكێته‌وه.
هەوڵی ساڕێژکردنی برینەکان
ساڵانێكه له هه‌وڵی ئه‌وه‌داین برینه‌كانی 1959 ساڕ‌ێژ بكه‌ین و پێكه‌وه په‌یكه‌ری مارف به‌رزنجی و عه‌تا خه‌یروڵڵا له یه‌ك باخچه‌دا دابنێین، بۆ ئه‌وه‌ش به نووسین زۆرمان نووسی و له ده‌رگای زۆر كه‌سیشمان دا، ئێستا له‌وه‌دا، خۆمان كورده حه‌یاته‌كه پێكه‌وه نین كه دوو شه‌هیدی شاره‌كه له یه‌ك هۆڵدا به‌یه‌كه‌وه یادبكه‌ینه‌وه، بۆ نموونه ئایا ده‌توانین له یه‌ك رۆژ و له یه‌ك هۆڵ مامه‌ڕیشه و ئه‌رپه كۆبكه‌ینه‌وه و خانه‌واده‌ی هه‌ردوولا وتاری هاوبه‌ش بخوێننه‌وه؟
ره‌نگه كه‌سانێك بڵێن جا ئه‌وه چییه، سبه‌ی ده‌توانرێت بكرێت، به‌ڵام كرۆكی ناته‌باییه‌كه له ورده ناجۆرییه‌كانه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ن، ناجۆری به‌و شێوه‌یه‌ی بگاته ئه‌و ئاسته‌ی رقمان له‌وانه بێت داوای ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانمان لێده‌كه‌ن، جارێكیان قه‌ڵه‌مدارێكی كه‌ركوكی كه روبه‌ڕوو گوڵ له لێوی ده‌باری، له پشته خۆم وتبووی: «ئه‌رێ ئه‌م كابرایه نه‌یبڕییه‌وه «پێكه‌وه‌ژیان و پێكه‌وه‌ژیان»، من حه‌ز ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ سه‌دام بژیم نه‌ك فڵان، ئه‌و ناوی كه‌سێكی قه‌درگرانی بردبوو، جا خۆش ئه‌وه‌بوو كه‌سه‌كه ئه‌وەی ئه‌و قسه‌یەی كردبوو، یه‌كێك له قوربانییه‌كانی ده‌ستی سه‌دام و رژێمه‌كه‌ی بوو، باشه هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌مه نه‌خۆشی نییه؟ ئێ گه‌لی براده‌ران ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ژیانی راستینه هه‌بێت، ئێمه ئیدی باسی ئه‌وه ناكه‌ین و ده‌چینه نێو باس و خواسی تره‌وه، به‌ڵام نییه، ئه‌وه‌تا دوای 20 ساڵ، جارێكی دیكه هاتوومه‌وه و له‌به‌ر خۆمه‌وه بۆ كه‌ركوكییه‌كان ئه‌و شیعره‌ی مام قانع ده‌خوێنمه‌وه كه ده‌ڵێت:
برابن غایه‌تان یه‌ك بێت
برایی غایه یه‌ك بوونه
ئه‌وه‌ی كۆمه‌ك به فكرت بێ
له‌هه‌رلا بێ براتانه
جا هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه، پێكه‌وه‌ژیان و برایه‌تی ئه‌مه‌یانه، نه‌ك ئه‌و شیعره‌ی دیكه كه مام قانع ناوی ناوه ماڵ به‌شكردن له‌گه‌ڵ برا، كورده‌كه به‌و شیعره ده‌كات و به‌و غایه یه‌ك بوونه نا.